ئازار دەردت لە گیانم!
بڵاوکراوەتەوە لە : 4 ئەیلوول 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 4 ئەیلوول 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
هێمن عەبدولقادر (رۆژانی هەینی دەینوسێت)
زۆرجار کە دەچینە سەیران ، یەک کەس دەڵێت ئەم برنجە خۆم لێی دەنێم کەس دەستی لێنەدات ، کە جەنراڵێک لە جەنگدا دەکوژرێت ، پاشای مەملەکەت دەڵێت ئەم کەژاوەیە خۆم بەڕێی دەکەم ، وەختێک منداڵ نیوەی شەو دەسترازەکەی شەتەکەو دەگری ، دایک دەڵێت ئەم بێشکەو لانکە خۆم بەستوومە و هەر خۆشم ڕایدەژێنم، لێیگەڕێن بۆخۆم.
نامەوێت کەس باری ئەم حەسرەتە بکێشێت ، با کچیشم هەبێت قژی خۆی بڕنێت ، با کوڕیشم هەبێت بگری ، با دۆستەکانم خۆڵ بدەن بە سەریاندا ، هەرکەس بە شێوەی خۆی ڕێزی ئەم کۆستە بگرێت ، بەڵام خاوەنداری ئەم ئازارە دەمەوێت خۆم بیکەم، نامەوێت وەکالەتی ئەم ئازارە بدەم بەکەس.
خێمە و تەسبیح ، گۆڕ و خاکەناز ، کورسی و چا ، لافیتە و ئاو ئێوەی ڕێکی بخەن ، بەڵام چەشتنی ئەم ئازارە لێگەڕێن بۆخۆم ، ڕوکاری ئەم کۆستە لە دەرەوە بۆ ئێوە و جەوهەری ناوەوەی بۆ من .
ئیشی دەست بۆ ئێوە و ئیشی دڵ بۆ من ،
ئەمە خۆشەویستییە ، شیوەن نییە ،
ئەمە پێزانینە ، بێ شەرعی نییە .
.............
هەندێک ئازار هەیە وەکو میرات وایە دەبێت خۆم بڵێم کێ چەند دەبات نابێت بە یەکسانی دابەشی بکەین ، دابەشکردنی ئازار بە یەکسانی ناعەدالەتییە ئەمەیان لێگەڕێن بۆخۆم ، تەنها خۆم دەزانم کێ؟ چی دەبات ؟
هەرکەسێک بەقەد ئەوەندەی خۆشەویستی کردووە ئازار دەبات.
(لە میحنەت خانەکەی مندا بەبێ تۆ هەر براڕۆیە
کە جـــــارێ ئیوە ناپرسن لە من بۆچی، برا ڕۆیی)
ئەو دەنگەی ماڵی بە ئاگا ئەهێنا ، ئەو بۆڵە بۆڵەی وەک نمەک و خوێ تامی خواردنەکەی خۆشتر دەکرد ، ئەو دەستەی بە یانیان گەنمی بەسەر کۆترەکان دابەش دەکرد ، ئەو ئافاقەی لە شیعری نالی و مەحویدا دەخرایە گوڵدانی بەر پەنجەرەکە ، ڕۆییییی،
(مەڕ دەڵێ خۆم ئەزانم بێچووم لە کوێدا گورگ خواردویەتی)
دڵ خۆی ئەزانێت بۆ ئەم هەموو براڕۆییە دەکات، تازە هەر مەپرسن ، با ئەم شیوەنە هەر خۆم بیکەم.
(تفەنگ دەردت بە جونم، تفنگ بی تو نمونم)
تفەنگ حەیفە ئاسك بكوژی ، ئاسك قەشەنگە .
تفەنگ حەیفە باڵندە بكوژی . كە ڕەنگاوڕەنگە .
تفەنگ لەو دزە بدە کە ڕایکرد ،
تفەنگ جێی گوللەت سینەی پڵنگە .
تفەنگ دەردت لە گیانم .
تفەنگ بێ تۆ نەماوم .
ئازار حەیفە هەموو کەس بکوژی ، ئازار دەردت لە گیانم ، لێگەڕێن با هەر خۆم ئەم شیوەنە بکەم، ئای ئازار بێ تۆ نەماوم.
نوقتە سەری دێڕ....