چۆن جەنەڕاڵ عاسم مونیر، بوو بە پردی پەیوەندیی نێوان تاران و واشنتۆن؟
بڵاوکراوەتەوە لە : 31 ئایار 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 31 ئایار 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
هەتوان عومەر
نزیک لەو پێنج دەیەیەی کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا وەک تابوویەکی سیاسی سەیر کراوە، بەزۆری عومان یان قەتەر ئەم ڕۆڵەیان گێڕاوە. بەڵام لە قەیراناویترین وەرزی ئەم پەیوەندییەدا، ناوێکی نائاسایی لە پشتی پەردەی گواستنەوەی نامە نهێنییەکاندا دەبینرێت، فیڵدماڕشاڵ سەید عاسم مونیر ئەحمەدشا، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان.
عاسم مونیر،ئەندازیاری دەوڵەتی قووڵ
عاسم مونیر، ئەو جەنەڕاڵەی کەلەناو ڕیزەکانی سوپای پاکستاندابە «جەنەڕاڵی مەلا» ناسراوە،خاوەنی کەسایەتییەکی ئاڵۆز وفرەڕەهەندە. ئەم نازناوە تەنهادروشمێک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕیشە قووڵەکانیەتی؛ باوکی مامۆستای ئاینی و بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی مەزهەبی بووە و خۆیشی لە قوتابخانە ئاینییەکاندا خوێندوویەتی و حافزی قورئان و عاشقی شیعرەکانی ئیقباڵی لاھورییە. ئەم پێشینە ئاینییە لە پاڵ کارنامەیەکی درەوشاوە لە دەزگا هەواڵگرییەکاندا، وای کردووە مونیر ببێتە تاکە جەنەڕاڵ لە مێژووی پاکستاندا کە سەرۆکایەتی هەردوو دەزگا هەستیارەکەی «هەواڵگریی سەربازی» (MI) و «هەواڵگریی دەرەوەی پاکستان» (ISI) کردبێت.
پلەبەرزکردنەوەی مێژوویی و ئامانجی ستراتیژی
بەرزکردنەوەی پلەی سەربازیی مونیر بۆ «فیڵدماڕشاڵ» لە مایسی ٢٠٢٥، تەنها پاداشتێک نەبوو بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوخۆیی، بەڵکو دەرخەری ڕۆڵێکی شاراوە و کاریگەر بوو لە هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەدا. لە کاتێکدا ڕای گشتیی پاکستان ئەو زیاتر وەک کەسایەتییەکی سەرکوتکەری نەیاران و «ئەندازیاری» هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ دەبینێت. ئەم پلەبەرزکردنەوەیە دەرخەری قووڵبوونەوەی پێگەی ئەوە وەک بڕیاردەرێکی یەکلاکەرەوەیە.
سوپا وەک دەوڵەت
ئەم ڕەوشەی ئێستای پاکستان جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە تاڵە دەسەلمێنێتەوە کە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەوترێت: «هەموو دەوڵەتێک سوپایەکی هەیە، بەڵام پاکستان تاکە دەوڵەتە کە سوپاکەی دەوڵەتی هەیە»
لێرەدا عاسم مونیر تەنها فەرماندەیەک نییە کە فەرمان بە سوپا بکات، بەڵکو ئەو بەشێکە لەو سیستەمە «سەربازی-دەوڵەتییەی» کە چارەنووسی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی وڵاتەکەی لە دەستی خۆیدا قەتیس کردووە، بە جۆرێک کە سنووری نێوان دامەزراوەی سەربازی و دەوڵەت بەتەواوی تواوەتەوە.
هونەری وەرگێڕانی دوو لایەنە
گرنگترین کارامەیی مونیر لە نێوەندگیریدا، توانای «وەرگێڕانی پەیام»ە؛ واتە داڕشتنەوەی پەیامێکی سیاسی یەکگرتوو بۆ دوو بینەری تەواو جیاواز. بۆ تاران: ئەو کەسایەتییەکی ئاینی و ئاشنا بە نەریتە هزرییەکانی جیهانی ئیسلامییە؛ سەربازێک کە لە ژینگەیەکی ئاینیدا پەروەردە بووە، حافزی قورئانە و لەگەڵ شیعرەکانی ئیقبالی لاهوریدا ڕاھاتووە. ئەم پێشینەیە ڕێگەی پێدەدات پەیامە دیپلۆماسییەکان لە قاڵبی چەمکە ئاینییەکان و گونجاو لەگەڵ هەستیارییە ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامیدا دابڕێژێتەوە.
بۆ واشنتۆن: هەمان ئەو پەیامانە لە قاڵبی چەمکگەلێکی وەک ڕێگری، بەڕێوەبردنی قەیران و بەرژەوەندیی نیشتمانیدا پێناسە دەکرێنەوە؛ زمانێک کە ئەفسەرێکی هەواڵگریی بەئەزموون بە باشی پێی ئاشنایە.
ئەم توانایە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تێگەیشتنی چەوتی ئەمنی ئەوەندە کاریگەر بووە کە جی دی ڤێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاشکرا ستایشی ڕۆڵی بنیادنەری ئەوی کرد و دۆناڵد ترەمپیش ئەوی بە هۆکارێکی«سەرسوڕهێنەر» لە پێشخستنی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ناوبرد.
جگە لەمەش، مونیر لەم ڕێگەیەدا سوود لە تایبەتمەندییەکی دامەزراوەیی و بێهاوتا وەردەگرێت: پاکستان بە فەرمی نوێنەرایەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و ئەویش ئەم پێگەیەی کردۆتە ئامرازێک بۆ دانوستانی جیۆپۆلەتیکی.
پەتپەتێن لە نێوان ڕیاز و تاران
پاراستنی ئەم پێگەیە پێویستی بە جۆرێک لە پەتپەتێنی دیپلۆماسی هەیە. سیاسەتی مونیر لەسەر بنەمای جیاکارییەکی ورد لە نێوان سیاسەتی ڕاگەیەندراو و سیاسەتی جێبەجێکراودایە.
لەسەر ئاستی فەرمی: بۆ پاراستنی هاوپەیمانییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و بەردەوامیی یارمەتییە چەند ملیار دۆلارییەکانی ڕیاز، هەندێک جار ناچارە هەڵوێستی توند دژی ئێران بگرێتەبەر؛ نموونەکەشی قسە ڕەخنەییەکانی بوو لە ئاداری ٢٠٢٦ کە ئاڕاستەی هەندێک لە زانایانی ئاینیی شیعە لە پاکستان کرا.
لەسەر ئاستی کرداری: ئەو بە باشی دەزانێت کە بەردەوامبوونی گرژیی کۆنتڕۆڵکراو لە ناوچەکەدا بەهای ستراتیژی بۆ پاکستان دروست دەکات؛ چونکە ئیسلامئاباد دەکاتە کەناڵێکی کارامە بۆ پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران، واشنتۆن، ڕیاز و پەکین. لەبەر ئەمەش، مونیر ئاستی گرژی لەگەڵ ئێراندا لە ڕادەیەکدا دەهێڵێتەوە کە نەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە و نە ڕۆڵی نێوەندگیرانەی پاکستان بێبایەخ بکات.
خاڵی لاوازی فێڵدمارشاڵ
سەرباری کارامەیی ئەو لە بەڕێوەبردنی قەیرانە دەرەکییەکاندا، داهاتووی ڕۆڵگێڕانی مونیر لەبەردەم دوو بەربەستی جیدیدایە:
یەکەم: کێبڕکێی نێوەندگیرە ناوچەییەکان: عومان و قەتەر مێژوویەکی درێژیان هەیە لە نێوەندگیریکردن لە نێوان ئێران و ڕۆژئاوادا و بەپێچەوانەی پاکستانەوە، پابەندبوونی ئەمنی ڕاستەوخۆیان بە هێزە ناوچەییەکانەوە نییە؛ ئەمەش جۆرێک لە بێلایەنییان پێ دەبەخشێت کە بۆ مونیر دەستنەکەوتووە.
دووەم: پرسی شەرعییەتی سیاسی: سەرکوتکردنی بەرفراوانی لایەنگرانی عیمران خان، وێنەیەکی مشتومڕاوی ئەوی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست کردووە. ناڕەزایەتی فەرمی ٤٤ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەیە لە درێژخایەندا پێگەی ئەو وەک هاوبەشێکی گونجاو بۆ ڕۆژئاوا لەکەدار بکەن.
لە کۆتاییدا دەبێت بوترێت، فیڵدماڕشاڵ سەید عاسم مونیر نموونەیەکی دیارە لە «دیپلۆماتکارێکی سەربازی واقیعبین»؛ ئەکتەرێک کە ئایدۆلۆژیا وەک ئامانج نابینێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی سیاسەت سەیری دەکات. ئەو بە تێکەڵکردنی ئەزموونی هەواڵگری، هێزی سەربازی، تۆڕی پەیوەندییە ناڕەسمییەکان و پێشینەی ئاینی، پاکستانی کردووە بە ئەڵقەیەکی پەیوەندی لە نێوان هەندێک لە سەرسەخت ترین دوژمەنەکانی ناوچەکە.
بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا پیاوێکی چەکدار کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بە سەرکوتکردن دەناسرێت، دەتوانێت لە دەرەوەی وڵاتەکەیدا تا کۆتایی ڕۆڵی نێوەندگیر و چاکساز بگێڕێت؟ مێژووی دیپلۆماسی شاراوە نیشانی دەدات کە متمانەی نێوەندگیر، سەرمایەیەکە کە تەنها یەکجار خەرج دەکرێت. مونیر هێشتا ئەم متمانەیەی لەدەستدایە؛ بەڵام نەک بۆ هەمیشە.