سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

دوای هەسەدە؛ چی لە ڕۆژاوا ماوەتەوە و کورد بەرەو کوێ دەچێت؟

بڵاوکراوەتەوە لە : 1 ئەیلوول 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان


 

دانا سەعید سۆفی

هەندێک ڕووداو لە مێژوودا بە تەقینەوە دەست پێدەکەن و هەندێکی دیکە بە واژۆی ڕێککەوتنێک. هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە 25ی ئابی 2026 لە جۆری دووەمە. هێزێک کە بۆ زیاتر لە دە ساڵ بەشێکی فراوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کۆنترۆڵ کرد، لە دژی داعش شەڕی کرد، دەیان هەزار چەکداری هەبوو و بە پشتگیری ئەمریکا توانی سیستەمێکی تایبەتی بەڕێوەبردن دروست بکات، ئێستا وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ بوونی نەماوە.

بۆ هەندێک کورد، ئەمە ڕۆژی شکستە؛ بۆ هەندێکی دیکە، بڕیارێکی تاڵ و ناچاری بوو بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە شەڕێک کە نە سەرکەوتنی تێدا دیار بوو و نە هاوپەیمانێک مابوو ئامادە بێت بۆیان بجەنگێت.  هەندێک وشەی «خیانەت»  بەکار دەهێنن و هەندێکی دیکە باسی واقیعبینی سیاسی دەکەن.  بەڵام مێژوو زۆرجار لە وشەکانی خیانەت و پاڵەوانێتی ئاڵۆزترە.  پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە کێ بوێر بوو و کێ ترسا؛ پرسیار ئەوەیە: لەو ساتەدا کە هاوسەنگی هێز گۆڕا، کورد چ هەڵبژاردەیەکی ڕاستەقینەی لەبەردەمدا مابوو؟

 

ئەمریکا هاوپەیمانێکی کاتیی بوو، نەک  پشتیوانێکی هەمیشەیی
یەکێک لە هەڵە گەورەکانی سیاسەتی کوردی لە سەدەی ڕابردوودا ئەوە بووە کە هەندێک جار هاوکاری کاتی زلهێزێک بە هاوپەیمانی هەمیشەیی لێکدراوەتەوە.  ئەمریکا پشتیوانی لە  هەسەدە کرد، چونکە هەسەدە لە شەڕی دژ بە داعشدا هێزێکی کاریگەر بوو؛ بەڵام واشنتن هیچ کات پەیمانی نەدابوو کە دەوڵەتێکی کوردی دروست بکات یان بۆ هەمیشە پارێزگاری لە خۆبەڕێوەبەرییەکی چەکدار لە باکووری سووریا بکات.

کاتێک داعش وەک هەڕەشەی سەرەکی لاواز بوو، حکومەتی نوێی دیمەشق لەلایەن واشنتنەوە زیاتر قبووڵکرا و ئەمریکا بەرەو پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ سووریا چوو، بەهای ستراتیژی هەسەدەش گۆڕا.  دەرکردنی سووریا لە لیستی دەوڵەتانی پشتگیر لە تیرۆر لە 24ی ئابی 2026، تەنها ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، نیشانەیەکی ڕوون بوو لەو ئاڕاستە نوێیەی واشنتن.  لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هاوڕێی هەمیشەیی زۆر کەمە؛ بەرژەوەندی، زۆرجار هەمیشەیی‌ترە.  کورد ئەم وانەیە چەندین جار بە نرخێکی گران فێربووە.

 

پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و ڕووداوەکانی سووریا؛ ئایا دوو پرۆسەی جیاوازن؟
بەڕووکەش، ئەوەی لە تورکیا ڕوودەدات و ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات دوو پرۆسەی جیاوازن.  لە تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە؛ لە سووریاش هەسەدە لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوت کە هێزەکانی تێکەڵ بە سوپای سووریا بکرێن.  بەڵام لە جیوپۆلیتیکدا ئەم دوو ڕێگایە لە یەک شوێندا پێک دەگەن.

ئەنقەرە لە سەرەتاوە ڕوونی کردبووەوە کە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە نابێت تەنها لە سنووری تورکیا بوەستێت. دەوڵەتی تورکیا هەسەدە و بە تایبەتی یەپەگە بە نزیک و پەیوەست بە پەکەکە دەزانێت، و بۆیە بەردەوام داوای ئەوەی کردووە کە هیچ هێزێکی کوردی سەربەخۆ و چەکدار لە باشووری سنوورەکانی تورکیا نەمێنێتەوە. دوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەش، ئەنقەرە ئەم گۆڕانکارییەی بە بەشێک لە هەمان ئاڕاستەی سیاسی سەیر کرد؛ واتە کەمکردنەوە و لەناوبردنی هێزە چەکدارەکانی پەیوەست بە پەکەکە لە تورکیا و دەوروبەری، لە چوارچێوەی ئەوەی خۆی بە «تورکیای بێ تیرۆر» و «ناوچەیەکی بێ تیرۆر» ناوی دەبات.

کەواتە ئەوەی لە قامیشلۆ و حەسەکە ڕوودەدات، بە تەواوی لەوەی لە ئیمڕاڵی، ئەنقەرە و قەندیل ڕوودەدات جیا نییە. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی زۆر گەورەتر هەیە: ئایا ئەم پرۆسەیە بۆ چارەسەری پرسی کوردە، یان تەنها بۆ چارەسەری پرسی چەکی کورد؟ ئەم دووانە یەک شت نین.  ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت و هەسەدە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام مافی سیاسی، زمانی، کولتووری و دیموکراتی کورد بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری چارەسەر نەکرێت، چەک لە مەیدان دەچێتە دەرەوە، بەڵام پرسی کورد هەر دەمێنێتەوە.

 

ئاشتی تەنها دانانی چەک نییە
وشەی  «پرۆسەی ئاشتی»  جوانە، بەڵام ئاشتی تەنها ئەوە نییە کە یەک لایەن چەکەکەی دابنێت؛ ئاشتی ئەوەیە هۆکارەکانی شەڕ چارەسەر بکرێن.  ئەگەر لە تورکیا چەک دابنرێت، بەڵام کێشەی زمان، ناسنامە، بەشداری سیاسی، دەسەڵاتی ناوخۆیی و یەکسانی لەبەردەم یاسا هەر بمێننەوە، ئەوا ڕەوایە بپرسین: ئەمە ئاشتییە، یان تەنها کۆتایی شەڕی چەکدارییە؟

هەمان پرسیار بۆ سووریاش  دروستە.  ئەگەر هەسەدە چەک دابنێت و هێزەکانی بچنە ناو سوپای سووریا، بەڵام کورد گەرەنتییەکی بەهێزی دەستووریی  بۆ ناسنامە، زمان، نوێنەرایەتی سیاسی و بەڕێوەبردنی ناوخۆیی نەبێت، ئەوا پرسیارەکە دەبێتە: ئایا کورد تێکەڵ بە دەوڵەت کرا، یان دەوڵەت کوردی هەڵمژی؟ چارەنووسی پرۆسەکە لە جیاوازیی  نێوان ئەم دوو پرسیارەدا دیاری دەکرێت.

 

تورکیا؛ لە چارەسەری سەربازییەوە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسیی پرسیاری کورد؟
ڕەنگە یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە گرنگەکانی ئەم قۆناغە ئەوە بێت کە تورکیا لە ستراتیژییەکی بە شێوەیەکی سەرەکی سەربازییەوە بەرەو ستراتیژییەکی فراوانتری سیاسی و ناوچەیی دەچێت.  پێشتر ئەنقەرە بە تانک و فڕۆکە دژی یەپەگە دەجەنگا؛ ئێستا بە نفووزی سیاسی لە دیمەشق، پەیوەندی لەگەڵ واشنتن، پرۆسەی پەکەکە و فشارە دیپلۆماسییەکان دەتوانێت بە کەمتر شەڕ بگات بە ئامانجێک کە ساڵانێکە هەیەتی: نەهێشتنی هێزێکی کوردی سەربەخۆ و چەکدار بە درێژایی سنوورەکانی.

ئەمە بۆ تورکیا دەستکەوتێکی ستراتیژییە، بەڵام بۆ کورد پێویست ناکا بە  شکستێکی کۆتایی ببینرێت.  ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە یارییەکە گۆڕاوە.  چەک ئەو کارتە بەهێزە نییە  وەک  پێشتر؛ ئەمریکا ئەو پشتیوانە هەمیشەییە نییە کە هەندێک کەس خەیاڵیان دەکرد؛ تورکیا لە سووریا هێزێکی لاواز نییە؛ و دیمەشقیش هێدی هێدی دەسەڵاتی خۆی کۆدەکاتەوە.  لەم هاوکێشە نوێیەدا، کورد ناچارە ستراتیژییەکی نوێ بدۆزێتەوە.

 

چی لە  «ڕۆژاوا»  ماوەتەوە؟
لێرەدا پرسیارێک  دێتە پێشەوە کە لەوانەیە  لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەش  گرنگتر بێت: دوای ئەم هەموو گۆڕانکارییە، چی لە »ڕۆژاوا« ماوەتەوە؟ چونکە ڕۆژاوا تەنها ناوی هێزێکی سەربازی نەبوو.  بۆ بەشێک لە کوردان، ڕۆژاوا تاقیکردنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو؛ شوێنێک کە زمانی کوردی لە قوتابخانە و دامەزراوەکاندا بەکار هات، ژنان بە شێوەیەکی دیارتر چوونە ناو بەڕێوەبردن و هێزە ئەمنییەکان، ئەنجوومەن و دامەزراوە ناوخۆییەکان دروست کران و کورد بۆ یەکەم جار لە سووریای نوێدا هەستی کرد دەتوانێت بە ناوی خۆی بەڕێوەبەرایەتی بکات.

ئێستا ڕۆژاوا وەک سیستەمێکی جیاواز و خاوەن هێزی سەربازی و دەسەڵاتی دیفاکتۆ، بە شێوەی پێشووی خۆی بەردەوام نییە.  دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و بەڕێوەبەرییەکان بە شێوەیەکی فراوان تێکەڵ بە سیستەمی دەوڵەتی سووریا کراون و دەیان هەزار کارمەندی ناوچەکەش چوونەتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت.  بە مانایەکی تر، دەتوانین بڵێین  قۆناغی »ڕۆژاوا« وەک خۆبەڕێوەبەرییەکی دیفاکتۆ کۆتایی پێهاتووە.

بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو شتێک سڕاوەتەوە.  لە هەندێک ناوچەدا زمانی کوردی هێشتا لەگەڵ عەرەبی لە دامەزراوە و نیشانە فەرمییەکاندا دەبینرێت، کورد لە هەندێک پۆستی بەڕێوەبردنی ناوخۆییدا ماونەتەوە و بابەتی خوێندن بە زمانی کوردی و دانپێدانانی دەستووری بە زمان و ناسنامە هێشتا لە ناو گفتوگۆکاندا هەیە. بۆیە ڕەنگە ڕۆژاوا وەک دەسەڵاتێکی  جوگرافیی لاوازبووبێ  یان تەنانەت کۆتایی پێهاتبێت، بەڵام وەک بیرۆکە، ئەزموون، یادەوەری سیاسی و داواکاری ماف هێشتا نە مردوو.

لەوانەیە قۆناغی داهاتوو ئەمە دیاری بکات: ئایا بەشێک لە ئەزموونی ڕۆژاوا دەتوانێت لە ناو سووریای یەکگرتوودا بگوازرێتەوە بۆ دەستوور، شارەوانی، خوێندن، زمان، بەشداری ژنان و بەڕێوەبردنی ناوخۆیی؟ یان ناوی ڕۆژاوا لەگەڵ یونیفۆرمی هەسەدە هێدی هێدی دەچێتە ناو مێژوو؟ لەوانەیە داهاتووی کورد لە سووریا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بێت.

 

ئایا مەزڵوم عەبدی و ڕێبەرانی کورد خیانەتیان کرد؟
وشەی »خیانەت« لە سیاسەتی کوردیدا زۆر بە ئاسانی بەکاردێت: هەر کەسێک پاشەکشە بکات خیانەتکارە، هەر کەسێک ڕێککەوتن بکات سازشکارە و هەر کەسێک بجەنگێت پاڵەوانە.  بەڵام مێژوو بەو سادەییە کار ناکات.  ئەگەر هەسەدە ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردبایەوە، دەبوو چی بکات؟ دژی سوپای  دیمەشق  بجەنگێت، لە هەمان کاتدا لەژێر هەڕەشەی تورکیا بێت و چاوی لە هاوکاریی ئەمریکا بێت کە ئیتر گەرەنتی نەبوو؟ لە کۆتاییدا چی؟ کۆبانییەکی دیکە، عەفرینێکی دیکە، هەزاران کوژراو و سەدان هەزار ئاوارە، و دواتر هەر هەمان مێزی گفتوگۆ؟

بۆیە ڕەخنەگرتن  لە ڕێبەرایەتی کورد پێویستە، بەڵام ڕەخنە دەبێت پرسیار بکات، نەک  تەنها تاوانبار بکات.  دەبێت بپرسێت: لە بەرامبەر لەدەستدانی هێزی سەربازی چی بەدەستهاتووە؟ ئایا مافی کورد لە دەستووردا دەنووسرێت؟ ئایا دەسەڵاتی ناوخۆیی دەمێنێتەوە؟ ئایا ئاوارەکانی عەفرین و ناوچەکانی دیکە دەتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە؟ ئایا کورد دەتوانێت بە ئازادی پارت و ڕێکخراوی سیاسی هەبێت؟ ئایا ئەو پێشکەوتنانەی پەیوەندییان بە بەشداری ژنان، زمان و بەڕێوەبردنی ناوخۆییەوە هەبوو، دەمێننەوە یان هێدی هێدی لەناودەبرێن؟

ئەم پرسیارانەن پێوانەی سەرکەوتن و شکست؛ نەک  وێنەی ڕێبەرێک و وتارێکی پڕ لە دروشم.

 

چەک دادەنرێت، بەڵام پرسیاری کورد کۆتایی پێنایەت
هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە کۆتایی قۆناغێکە، بەڵام کۆتایی پرسی کورد نییە. لە ڕاستیدا لەوانەیە قۆناغێکی سەختتر دەست پێبکات، چونکە لە کاتی شەڕدا هەندێک شت ڕوونن: سنوور هەیە، سەنگەر هەیە، دوژمن هەیە و چەک هەیە. لە سیاسەتدا سنوورەکان تەمومژاوین؛ دوژمنی ئەمڕۆ دەتوانێت هاوبەشی سبەینێ بێت، هاوپەیمانی ئەمڕۆ دەتوانێت سبەی پەیوەندییەکەی بگۆڕێت، و بەڵێنی ئەمڕۆ ئەگەر لە دەستووردا نەنووسرێت دەتوانێت سبەی ببێتە تەنها بیرەوەرییەک.

کورد لە سووریا لە قۆناغێکەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکە: لە پاراستنی ماف بە چەکەوە بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی ماف بە یاسا، دەستوور و سیاسەت.  ئەمە دەکرێ  زیرەکی سیاسی بێت، بەڵام دەتوانێت تەڵەش بێت.  هەموو شتێک بەوە پەیوەستە کە لە بەرامبەر چەک، خاک و دامەزراوەکانی ڕابردوودا چی بەدەست دێت.

 

مەترسییە گەورەکە: کورد چەکی نەبێت و گەرەنتیشی نەبێت
ئەوەی کورد دەبێت زیاتر لێی بترسێت، نە تەنها هەڵوەشاندنەوەی ناوی هەسەدە یە و نە گۆڕینی یونیفۆرم.  مەترسیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە کورد چەکی خۆی لەدەست بدات، دامەزراوەکانی لاواز بکرێن، ئەمریکا بڕوات و لە کۆتاییدا تەنها بەڵێنی  دیمەشق  بۆی بمێنێتەوە.

ئەگەر ئەوە ڕووبدات، پرسیاری »ئایا ئەم ڕێککەوتنە هەڵە بوو؟« بە جددی دێتە پێشەوە.  بەڵام ئەگەر بەرامبەر ئەم پاشەکشە سەربازییە، کورد بتوانێت ناسنامە، زمان، نوێنەرایەتی سیاسی، دەسەڵاتی ناوخۆیی و مافی هاوڵاتیبوونی خۆی بە شێوەیەکی دەستووریی  مسۆگەر بکات، ئەوا لەوانەیە مێژوو حوکمێکی جیاواز بدات.  لەوانەیە کورد خاکێکی کەمتر کۆنترۆڵ بکات، بەڵام مافێکی پایەدارتر بەدەستبهێنێت.  ئەگەر وای لێبێت. ئەو »ئەگەر«ە، گەورەترین و نادیارترین  وشەی ئەمڕۆی کوردە لە سووریا.

 

نە ستایش و  نە نەفرەت؛ کاتی چاودێرییە
ئێستا نە کاتی  جەژنەو نە کاتی دادگایی مێژوو.  ئەو کەسانەی ئەم هەنگاوە »بە سەرکەوتنی مێژوویی« ناودەبەن زوو حوکم دەدەن؛ ئەوانەش کە هەر ئێستا مەزڵوم عەبدی و ڕێبەرانی دیکەی  کورد بە »خیانەتکار« ناودەبەن، هەمان هەڵە بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە دەکەن.  مێژوو بە دروشم  حوکمی لەسەرنادرێت بەڵکو بە ئەنجامەکانی.

بۆیە پرسیاری گرنگ تەنها ئەوە نییە کە لە 25ی ئابی 2026 هەسەدە هەڵوەشایەوە؛ پرسیاری گرنگتر ئەوەیە: لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردی سووریا چی لەدەست دەدات و چی بەدەست دەهێنێت؟ ئەگەر زمان، ناسنامە، مافی سیاسی، دەسەڵاتی ناوخۆیی و پاراستنی دەستووریی هەبێت، لەوانەیە ئەم بڕیارە دواتر وەک پاشەکشەیەکی تاڵ، بەڵام عاقڵانە بخوێندرێتەوە. ئەگەر هیچ کام لەوانە نەبێت و تەنها چەک، دامەزراوە و دەسەڵاتی جوگرافیی لەدەستچووبێت، ئەوا مێژوو پرسیارێکی زۆر سەختتر لە ڕێبەرانی ئەمڕۆ دەکات..

لە کۆتاییدا، بابەتەکە تەنها ئەوە نیە کە «هەسەدە مرد» یان «ڕۆژاوا کۆتایی پێهات». پرسیاری گەورەتر ئەوەیە: ئایا کورد دەتوانێت دوای چەک، سیاسەت و دامەزراوەگەلێک دروست بکات کە مافەکانی لە چەک پایەدارتر بن؟ ئەوە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی قۆناغی نوێیە.

null

خۆداپۆشین بە قەیران

null

چۆن جەنەڕاڵ عاسم مونیر، بوو بە پردی پەیوەندیی نێوان تاران و واشنتۆن؟

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو دروستکردنی نەتەوە

null

 رۆژئاوا, سەرەتاى قۆناغێکى تر

null

رۆژائاڤا، کۆتایی قۆناغێک، دەستپێکردنێکی نوێ

null

ئەتیکی رۆژنامەگەری و گرێبەستی شەیتانی دەزگای میدیایی لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان