دووسەد ملیارەكەی بەغداو كراسەكەی عوسمان
بڵاوکراوەتەوە لە : 12 تشرینی دووەم 2021
نوسینی:
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 12 تشرینی دووەم 2021
نوسینی:
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
ساڵح ژاژڵەیی
كاتێك عوسمانی كوڕی عەفان شەهید كرا ئەمەویەكان ڕوداوی شەهید كردنی عوسمانیان بۆ خۆیان قۆستەوەو ویستییان لەو ڕێگایەوە خەلافەت بەدەست بهێنن چونكە عوسمانی كوڕی عەفان لە ئەمەویەكان بوو . بۆیە هەر كاتێك دەیانویست شەڕێك بكەن ، كراسە خوێناویەكەی عوسمانیان بەرز دەكردەوەو دەیانگوت ئێمە غەدرمان لێكراوە .
ئەوەندە كراسەكەی عوسمان بەرزدەكرایەوە بۆ پاساو هێنانەوەی شەڕ ، تا ئێساش ئەمە بۆتە قسەو باسی ناو جەماوەر . كاتێك زۆر لە شتێك دەگوترێتەوە وباس دەكرێت برینی ڕأبوردوی پێ دەكولێنرێتەوە ، دەڵێن ها ها ئەمەشتان كرد بە كراسەكەی عوسمان . مەسەلەێەكی تریش هەیە هەر لە بابەتی كراسەكەی عوسمانە كە زۆر جار دەگوترێت ئەمەشتان كرد بە خوێنی سیاوەش كە لە كوردەواریدا بۆتە سیاوەحش . ئەمەش چیرۆكێكە لە بابەتی شەهید كردنەكەی عوسمان .
لە سەردەمی نێچیر بارزانیدا بۆ ئەوەی موچەی خەڵك كەم بكەنەوە پاساوێكی باشیان داهێنا و موچەی خەڵكیان كەم كردەوە بە ناوی پاشەكەوتەوە . واتە ئێمە موچەكانتات نابڕین و كەمی ناكەینەوە و بۆتان پاشەكەوت دەكەین بەڵام بە دوو مانگ جارێك و دەدرا . تا ئێستاش كەس ئەو موچە پاشەكەوتانەی وەر نەگرتۆتەوەو كەوتە قورگی شێرەوە .
لەم بارەیەوە یادگاریەكی خۆشم هەیە لەسەر پاشە كەوت . دیارە پاشەكەوت لای پارتی مێژویەكی كۆنی هەیە و لە كاتی ئاشبەتاڵیش پارەی پاشەكەوتمان زۆر بوو ئەوەش هەر بنەماڵەی بارزانی دەزانن چیلێكراوە . ساڵی 1988 دوای ئەنفالەكان چوینە ناو ئێران . ژمارەیەكی زۆر ماڵە پێشمەرگە لە شاری سەقز بون . من ئەو كات بەرپرسی ئیدارەی مەكتەبی سیاسی بوم لە قاسمە ڕەش .
ڕۆژێك لە سەقز پێشمەرگەیەك هاتە لام و پێی وتم چەند پێشمەرگەیەكی یەكێتی لەو چایخانەیە كردویانە بە دەنگە دەنگ و جنێو دەدەن حەیامان چوە. منیش چوم بۆلایان و لێم پرسین كێشەتان چییە . وتیان مانگی 2500 تمەنمان هەیە و مال َو مناڵمان هەیەو بەشمان ناكات . پێم وتن یەكێتی هیچ پارەی نەماوە بڕیار وایە مانگی داهاتو 2000 تمەنتان پێ بدەن . هەر بەڕاستیش پارە نەبوو . سەیرم كرد پێشمەرگەیەك لەو پەڕەوە دوورە پەرێز دانیشتبوو گوێی گرتبوو . وتم برا بۆچی تۆش نایەیتە پێشەوەو قسەیەك بكەی . وتیان لێی گەڕی ئەوە پێشمەرگەی پارتییە .
لێم پرسی ئەی ئێوە موچەتان هەیە. وتی بەڵی هەمانە. وتم هەموو مانگێك وەری دەگرن . وتی نەخەیر بارزانی بۆمان كۆدەكاتەوەو بۆمان پاشەكەوت دەكات . كەواتە پارتی هەمیشە كار قایم بوەو ئەوان مێژویەكی كۆنیان هەیە لە پاشەكەوتكردندا .
كاتێك مەسرور بارزانی براگەورە بوو بە سەرۆكی حكومەت دریژەی بەو پاشەكەوتەی موچەی فەرمانبەران دا لە ژێر ناوی لێبڕینی موچەدا . واتە ڕێك وەكو ئەوە وایە كە دەڵێن : شەل نییە پای شكاوە .
پاساوی ئەم دوو سەرۆك وەزیرانە كەئامۆزای یەكترن بۆ پاشەكەت كردن و لێبڕینی موچە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم زیاتر لە27 ملیار دۆلار قەرزدارەو نرخی نەوت زۆر دابەزیوە . لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە دوو خاڵی زۆر گرنگ بدەم :
1-تا ئێستا جگە لە سەرانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی نە پەڕلەمان و نەحكومەت و كەس نازانێت ئەم قەرزانە بۆچی كراون ، لە كوێ كراون ، كەی كراون و كێ كردونی . ئەوە نە بۆ خەڵك ڕون دەكەنەوەو نە ڕێگاش دەدن پەڕلەمان بە دوادا چون بكات . زۆر بەی بۆچونەكان لەسەر ئەوە هاوڕان ئەگەر لە هەندەرانیش پارە قەرز كرابێت نەگەڕێنراوەتەوە بۆ كوردستان و خراوەتە سەر حسابی سەرانی هەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی . بۆچونی تریش هەیە كە دەڵێن: لە بنەڕەتدا ئەو پارانە هەر پارەی خەڵك بوەو كردویانە بە پارەی خۆیان و ئێستا كردویانەتە قەرز بەسەر میللەتەوە . لەبەر ئەوەی هیچ حساباتێكی ئەم هەرێمە ئاشكرا نییە بۆیە هەموو گومانەكان ڕاستن .
دووەم: گرێبەستە نەوتییەكان بە شێوازێكی زۆر سەقەت كراون . زوربەی داهاتەكان بۆ كۆمپانیكانی نەوتەو ئاسانكاری زۆریان بۆ كراوە لە بەرامبەر بەوەی ژێر بە ژێر سەرانی هەردوو بنەماڵەش بونە شەریكی كۆمپانیاكان لەسەر حسابی میللەت .
تا چەندین ساڵ هەموو وەزارەتی نەوت لە جانتاكەی ئاشتی هەورامیدا بوو تا ئێستاش كەس نازانێـت ئەو گرێبەستانە چۆن كراون و ڕێگاش نادرێت كەس بە دوادا چون بكات .
دەمەوێت ئەوەشتان وەبیر بهێنمەوە كە كۆمپانیای دانا غاز بڕی یەك ملیار و سەد ملیۆن دۆلاری لە حكومەتی هەرێم وەرگرت وەكو سزا لە بری ئەوەی ئاشتی هەورامی ڕێگای نەدا دانا غاز كاری كۆمپانیاكەی لە دەڤەری گەرمیان فراوا بكات و بەرهەمی غاز زیاد بكات بە هۆكاری ئەوەی ئەم كۆمپانیایە دەكەوێتەسنووری یەكێتی و بۆ ئەوەی داهاتی ئەم سنوورە زیاد نەكات . كەواتە دەبێ ئێمە چ ئومێدێكمان بەم دەسەڵاتە هەبێت ؟.
دوای ئەوەی كە هەرێمی كوردستانیان ڕو بەڕوی قەیڕانێكی دارایی زۆر سەخت كردەوە ، بە ناچاری ڕویان كردەوە بەغداو ماوەی چەندین مانگ قوباد تاڵەبەانی بە سەرۆكایەتی وەڤدێك چەندین جەولەی مەكۆكی بۆ بەغدا كرد .
قسە لەسەر ئەوە دەكرا كە هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێك كەوتون كە بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت و لە بەرامبەردا هەرێم رۆِژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی بەغدا بكات لەگەڵ نیوەی داهاتی گومرگ و ناوخۆی هەرێمی كوردستان . لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هەرێم نە نەوت و نەداهاتی گومرگی ڕادەستی بەغدا نەكردوە ، بەغدا ڕازی بوو تا كۆتایی ساڵی 2021 مانگانە بڕی 200 ملیار دۆلار بۆ هەرێم بنێِرێـت.
بەڵام بەغدا كەی بیەوێت بۆی هەیە ئەو بڕە پارەیە ببڕێت . بۆیە حكومەتی هەرێم هەموو مانگێك كە كاتی پێدانی موچە دێت سەرەتا باسی 200 ملیارد دینارەكەی بەغدا دەكات و موچە خۆران وەكو گیسكەكەی هەیاسی خاس لێ دەكەن و توشی نا ئومێدی و دڵە ڕاوكێیان دەكەن . دەڵێن كە پارەكەی بەغدا گەیشت موچە دابەش دەكەین . تا ئێستا پارەكە نەگەیشتوە ، هەفتەی داهاتو دەگات ، موژدەتان لێبێت گەیشت . ئێ جاری ئەوەی هەیە دابەشی بكەن و كەی ئەوەی بەغداش هات دابەشی بكەن . دەزانن بۆچی ئەمەشیان كردە كراسەكەی عوسمان بۆ ئەوەی كە پارەكەی بەغدا وەستێنرا، ئەمانیش لێرە دەست بكەنەوە بە لێبڕینی موچە . واتە ئەمان كارامەن بۆ خۆیان و بەهانەی لێبڕینی موچەیان هەمیشە ئامادەیە .
سەیركەن چۆن ئەمانە خەڵكی هەرێمیان لە ڕوی دەرونییەوە ناڕەحەت كردوەو دوارۆِژیان بەستونەتەوە بەو 200 ملیارەی بەغداوە .
لە كاتێكدا ئەمانە پێدانی موچەیان بەستۆتەوە بەو 200 ملیارەكەی بەغداوە ، كاتی خۆی كەپاشەكەوتی موچە دەستی پێكردوە بەرمیلی نەوت لە دەوری 40 دلاردابوو ، دواجار گەیشتە 25دۆلار . بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت بەرزبۆتەوە بۆ 85 دۆلار .
لە لایەكی تریشەوە حكومەت بەناوی چاكسازیەوە موچەی پلەباڵاكان و تایبەتەكانی كردۆتە نیوەو ئەوانەشی لە موچەیەك زیاتریان هەیە بڕیویەتی . باجی هەموو شتێكی زیاد كردوە كە هاوڵاتیان ئەو زیادەیە دەدەن جگە لە كۆمپانیاكانی هەردوو بنەماڵە كە هیچ جۆرە باجیك نادەن . كەواتە قسەكەی ئاشتی هەورامی زۆر ڕاستە كە باسی پاشەكەوتی موچە دەكرا دەیگوت ئەگەر بەرمیلی نەوت ببێتە 100 دۆلاریش هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت و پاشەكەوت بەردەوام دەبێت كەواتە ئەگەر بەرمیلی نەوت ببێتە 120 دۆلاریش هەتا 200 ملیارەكەی بەغدا نەیەت هەر لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت .
ئەوەی دەمەوێت لە كۆتایی ئەم نوسینەدا باسی بكەم ئەوەیە كە لە 29 ساڵی حوكمڕانی ئەم دەسەڵاتەی ئێستادا بەردەوام كەسانی ڕۆشنبیر و دڵسۆز و نوسەرو ڕۆژنامە نوس كەم كورتیەكانی حوكمڕانییان باس كردوەو داویان كردوە كە چاكسازی بكرێت و هەرێم بەرەو پێشەوە بەرن ، بەڵام نەك باشتر كراوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خرابتربوە .
ئێمە هەمومان كاتێك بابەتێك دەنوسین و ڕومان لە دەسەڵاتدارنە بۆ ئەوەیە گوێمان لێ بگیرێت و بە قسەمان بكرێت و دەسەڵاتداران هەست بە هەڵەكانی خۆیان بكەن و خۆیان چاك بكەن ، چونكە ئەوان خۆیان خاوەن دەسەڵاتن و گۆڕانكاری هەر بە خۆیان دەكرێت . بەڵام لە ماوەی هەموو حوكمڕانی خۆیانیاندا نە چاویان هەبوو نوسینەكانی دڵسۆزانی ئەم گەلە بخوێننەوە و خەڵك ببین ، نەگوێشیان هەبوو كە ئاگاداری ڕەخنەو پێشنیارەكانی خەڵكبن .
لەڕاستیدا ئەمانە شایستەی حوكمڕانی نین و رۆِژگار ئەوانی سەپاندوەو دواڕۆژی ئەم هەرێمەو ئەم میللەتەیان خستۆتە بەردەم مەترسی گەورەوەو ئەمانە تەنها بیریان لەوەیە كە داهاتی ئەم وڵاتە بۆخۆیان تاڵان بكەن و ئامادەش نین دەستبەرداری دەسەڵات ببن . پرسیاری گرنگ لێەدا ئەوەیە : ئایا تەنها دەسەڵات تاوانبارە بەرامبەر بەهەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر ئەم هەرێمەدا هاتوە ؟.
لە وەڵامدا دەڵێم : نەخەیر ئێمەی هاوڵاتیش تاوانبارین چونكە بە هەموو بڕیارەكانی حكومەت ڕازین و گوێڕایەلی فەرمانەكانی ئەوانین . سامانی ئەم وڵاتەیان تاڵان فرۆش كرد دەنگمان نەكرد . موچەیان بۆ پاشەكەوت كردین ، دەنگمان نەكرد . موچەیان بڕین دەنگمان نەكرد . نیوەی خەلكی كوردستانیان ڕادەستی بەغدا كردەوە بەناوی ڕیفراندۆمەوە ، دەنگمان نەكرد . هەرچی باسی ئازادی بكات حوكمی دەدەن قسەناكەین ،ئەوەتا كۆڕەوی گەنجانمان دەستی پێكردوەو سەیركەن لە بیلاڕوسیا توشی چ كارەساتێك بون فزەمان لێوە نایەت و دەبوو ئێستا هەموو میللەت بڕژانایە سەر شەقام . هەموو كاردانەوەكانمان بەرامبەر بەوهەموو تاوانانەی دەسەڵات ئەوەیە :
بەخوا ئەم جارە نەچوم بۆ دەنگدان تۆڵەی خۆم لێكردنەوە . بەڵام تۆ بچیت یان نەچێت بۆ دەنگدان ئەو سوارەو تۆش پیادەو بار بەر . ئەگەر سەیریش بكەن ڕۆژانە بە سەدان نوسین لەسەر ئەم بارودۆخە لەسەر شاشەی سایتە ئەلكترۆنیەكان بڵاو دەكرێتەوەو ڕەخنە لە حكومەت دەگیرێت و ڕێنمایی بە حكومەت دەدرێت . بەڵام ئەوە ماوەی 29 ساڵی حوكمڕانی ئەم دەستەمافیایە بەڵام ئەوان نە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی چاویان هەیە هەڵەكانی خۆیان ببینن نە گوێشیان هەیە داواكاریەكانی خەڵك ببیستن . كەواتە نوسین وەكو ئەوە وایە ئاسنی سارد بكوتی .
بە بۆچونی خۆم سەرەتای قۆناغێكی نوێی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستان و عێراق لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەڕلەمانی عێراق خەمڵیوەو كۆمەڵگا لە ژانێكی گەورەدایە . كاتی ئەوەیە هەمومان خۆمانی بۆ ئامادەبكەین و بە كردار بەشداری بكەین سنووری قسەو نوسین و گلەیی تێپەڕێنین و نەفەس درێژ و كۆڵ نەدەربین و بێ ئومێد نەبین چونكە هەموو وڵاتانی پێشكەوتوی جیهانیش بەم قۆناغی ئێستای ئێمەدا گوزەریان كردوە لە نوسینی داهاتومدا باسی ئەوە دەكەم چی پێویستە و چی باشە لەم قۆناغەدا ئەنجامی بدەین و كاری بۆ بكەین .