ئەو دوو رۆژەی ئێمەیان بەمڕۆ گەیاند
بڵاوکراوەتەوە لە : 16 تشرینی یەکەم 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 16 تشرینی یەکەم 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
هەڤاڵ كوێستانی
ئەگەر کۆتاییهاتنی تراژیدیانەی جووڵانەوە نەتەوەییخوازەکەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری، حکومەتی کوردستانی شێخ مەحمود ، کۆماری مەهابادی قازی محەمەد و شۆڕشی ئەیلولی مەلا مستەفا بارزانی تێکشکاندنی سەربازی و سیاسیی ئەو جووڵانەوانە بووبێ، لەسەر دەستی داگیرکەران و لە ئەنجامیشدا زیانی زۆری بە ئابووری و دیمۆگرافیای کوردستان گەیاندبێ، ئەوا رووداوەکانی ٣١ ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر، بە هێنانی لەشکری داگیرکەران، بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان، لەسەردەستی نەیارە کوردیەکان، تێکشانێکی روحی و دەروونی گەورەی خەڵکی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە جۆرێکی وا کە نەباوەڕی بەم هێزانە بمێنێ و نە بەخۆیشی.
هێزێکی کوردی بۆ مانەوەی خۆی و بۆ نابووت کردنی نەیارە کوردەکەی، دەستی داگیرکەر بگرێ ، ئەویان بەهێنانی سپای بەعس، هەولێر لەدەستی یەکێتی دەربێنێ و (شکۆی پەرلەمان )بشکێنێ و ئەمیان( دڵ و قودسی کوردستان )رادەست کات و هەردوولاشیان لە لەدەستدانی کەرکوکدا، خۆیان بەدۆڕاو نەزانن ، ئەویان بۆ لەدەستدەرهێنانی کەرکوک لەدەستی یەکێتی و ئەمیشیان بۆ دەرپەڕاندنی پارێزگارە لەژێرەوە پارتییەکەی یەکێتی.. ئەوە ئەگەر نەڵێین کە لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی تر ، لە ئەنجامی پەلاماری سپا و حەشدی شەعبی ، یەک لە لێکەوتەکانی ریفراندۆمی ناوەخت بوو.. بەمەی ئەو دوو هێزە ، لە ٣١ی ئاب و لە ١٦ ئۆکتۆبردا کردیان، ناسنامەی نیشتیمانیبوونی خۆیان ، ئەگەر لەدەستیش نەدابێ، خستیانە ژێر پرسیاری زۆر جدییەوە و میللەتیشیان رووبەرووی تێکشکانێکی روحی و دەروونی وا کردەوە کە زۆر لە تێکشکانی سەربازی و سیاسی مەترسیدار ترە و ئاسەوارەکەی ، وەک برینێکی تیراوە، تا زەمەنێکی زۆر بە جەستەی میللەتەوە دەمێنێ..
هەر ئەو تێکشکانەشە کە وا لە میللەت دەکا هیچ متمانیەکی بە دروشم و فیشاڵ و بە مەسەلەی یەکێتی و یەکگرتنی هێزە کوردیەکان نەمێنێ ..لەوێشەوە، لەدیدی هاووڵاتیدا : خاک دەبێ بە خۆڵ و ،
ئاڵا بە پارچەیەک پەڕۆ و ،
یاسا بە قامچی و ،
ئینتیماش بۆ نیشتمان دەبێتە ئینتیمای مەلێک بۆ ئەو لقە درەختەی کە بۆ چەند چرکەیەکی کەم لەسەری هەڵدەنیشێ و دواتر جێی دێڵێ و هەرئاوڕیشی لێناداتەوە..
لەوەش خراپتر مەسەلەی ئازادی وسەربەخۆیی و سەروەری نیشتمانیان لەلا ، لە خەونێکی گەورەوە دەبێتە وەهمێکی رووت..
ئەم وەهمەش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێ کە هێزێکی نوێ سەرهەڵدەدا، هێزێک کە پێچەوانەی ئەمانەی ئێستا، بەرژەوەندییەکانی خەڵک و نیشتمان دەخاتە سەرووی بەرژەوەندییەکانی خێزان و خێڵ و حیزبەوە.
١٦ی ئۆکتۆبەر