سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

مەترسیەکانی پشت پلانگێڕیەکەی ٨ی تەمووز !

بڵاوکراوەتەوە لە : 15 ئاب 2021

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

کاروان عەلی شامار

دوای زیاتر لە مانگێک بەسەر پلانگێڕی ٨ی تەمووزدا، وردە وردە کاردانەوەکان لەدژی پیلانگێڕیەکە دەردەکەون، خەریکە بەرچاوی یەکێتیەکان روناک بوەتەوە لەوەی کەهەڵسەنگاندنێک بۆ پیلانگێڕیەکە بکەن و زیانەکانی بژمێرن. ئێستا دەتوانین بڵێین دۆخی سیاسی یەکێتیی رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپ بوون دەڕوات و تارماییەک بەسەر مێژوی ئەم هێزەدا باڵی کێشاوە، بەجۆرێک کە نەیارانیش خۆزگەی پێ ناخوازن، ئەم حزبە گەرچی سوڵتەیە، بەڵام جەماوەر بەجۆرێک لێی تەکیونەتەوە کەمێژوی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکێتیەکانی خستوەتە مەترسیەوە. دابڕانێک لەنێوان پیلانگێڕەکان و جەماوەردا دروستبوە لەمێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبووە. یەکێتی لەرابردوودا ھێزێکی گەورەو یەکلاکەرەوە بوو، ھەرچی ململانێکان بوون لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفە چێ کرابوو، ئەم فاکتەش یەکێتیی کردبوو بە نمرە یەک و بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردندا بوو، جیاواز لە حیزبە سیاسیەکانی تر نموونەیەکی جوان و پرشنگداری پێشکەش دەکرد، وەلێ ھەنوکە ململانێکان لە پێناوی دەسەڵات و پارەدایە، بۆیە گەر دۆخی (ی ن ک)، بەمجۆرە بەردەوام بێ و پەنا نەبرێتە بەر ڕێگەچارەیەکی خێراو ژیرانە، ئەوا دور نییە ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گورزێکی گەورە و کوشندەی بەرکەوێ و لەلێواری شکست ھەڵوەرین نزیک بێتەوە، ئەمە فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو واقعێکە کە دێتەدی. لێرەدا بە چەند خاڵێک باس لەو مەترسیانە دەکەین کە لە دوای ٨ی تەموزەوە رووبەرووی خەڵکی سلێمانی و یەکێتی و کادیرانی حزبەکە بونەتەوە:

١. لە دوای ٨ی تەمووزەوە، خەڵکی سلێمانی لەژێر فشار و ھەرەشەی حوکمی سەربازیدایەو لە نا ئارامیدا ژیان بەڕێدەکەن، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و جوڵەی بازار و ژیانی کاسپکاران رووبەڕووی ھەڕەشەی جدی بونەتەوە.

٢. ئازادی ڕادەڕبرین سنوردارکراوەو لەھەندێک لە دامودەزگاکاندا ژوری ھەواڵگری تایبەت دروست کراوە بۆ ناسینەوەو لێپرسینەوەو سزادانی ئەو کەسانەی کە دڵخوازی عەرابەکانی پلانگێڕییەکە نین و تەسلیم بە ئیرادەیان نابن.

٣. رەشبگیری و ھەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکی و دەرکردن و بڕینی قوتی دڵسۆزانی مام، ئەمە سەرباری کۆچی پەیتا پەیتای گەنجان لە شارە جیاوازەکانی ھەرێم و بەتایبەت زۆنی سەوز بۆ ھەندەران کە بەرێژەکی بەرچاو زیادی کردووە.

٤. ھێنان و بڵاوکردنەوەی ھێزێکی زۆری ھەواڵگری و سەربازی لە نەیارانی یەکێتیی بە نێو شاری سلێمانیدا لەم ماوەیەشدا جموجۆڵی ئەم ھێزانە زیادیان کردوە و لە ھەوڵی تیرۆر و دەست بەسەراگرتنی ئەو فیگەرانەن کە بەمەترسی و نەیاری خۆیانی دەزانن.

٥. ھەوڵدان بۆ دروستکردن و داتاشینی کەیسی بێ بنەماو جۆراو جۆر بۆ تەسفیەکردنی تێکۆشەران و یەکێتیی راستەقینەکان لە شاری سلێمانی.

٦. ھێزە ئیقلیمیەکانیش لە ھەوڵدان چەندین بنکەو بارەگای سەربازی ھاوشێوەی ھەولێر و دھۆک لە شاری سلێمانی بکەنەوە، بۆ کپکردن و تەسفیەکردنی بەرخودان و خەباتی کوردانی پارچەکانی تر کە پێشتر سلێمانی وەک پەناگەو سەرمەشقی خەباتی رزگاریخوازیان بووە، لە کاتێکدا لە ماوەکانی رابردوودا ھەرگیز جورئەتی ئەو کارەیان نەبووە.

٧. دابرینی ماڵی مام جەلال لە جەماوەر و بەشێک لە خەڵکانی دڵسۆزی یەکێتیی و دەرەوەی یەکێتیی لەوانەش (ئازادیخوان و رۆشنبیران و نوسەران و گەنجان و لاوان و وڵاتپارێزان و... ھتر).

٨. ھێنانە پێشەوەی مۆدیلێکی نوێی سیاسی (کودەتا)، کە ھیچ کات لەگەڵ پایەکانی دیموکراتیدا ناگونجێ و تەنھا لە وڵاتە دواکەوتوو دیکتاتۆرەکاندا رەواجی ھەیە.

٩. شێواندنی مێژووی سیاسی حیزبی شەھیدان و دروست کردنی خەوش و نەنگی لەسەر چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال.

١٠. بەردەوامی ئەم پلانگرییە دەبێتە ھۆی لەناوبردنی ھێلی نەتەوەیی و مێژوویی، کە لە سلێمانیەوە سەری ھەڵداوە و پاشان بۆ شارەکانی تر گواستراوەتەوە.

١١. پاشەکشەی شاری سلێمانی لە رووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری و رۆشنبیریەوە، پێشتر ئەو پارێزگایە سەرمەشق و نمونەیەکی جوانی خانەخوێی کوردانی ھەرچوار پارچە بووە لەسەر ئاستی ھەرێم و ئیقلیمیدا.

١٢. پاشەکشەی جەماوەری یەکێتی و شەرعیەتدان بە بەردەوامی لاسەنگی ھێز و رێخۆشکردن بۆ دروستبوونی تاک حیزبی دەسەڵاتدارو دیکتاتۆر لە ناوچەکەدا.

١٣. شەرعیەتدان بە قاچاخچێتی و ھێنانی شمەک و کاڵای بەسەرچوو لەرێگەی دەروازە سنورییەکان چەن ھێندە زیادی کردوە بەتایبەت لە دوای ناردنی ھێز بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان. خولاصە، هەموو ئەم خاڵانەی خرانەروو بەشێکن لەو مەترسیانەی دوای ٨ تەمووز، کە ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێ و کۆتاییان پێ نەهێندرێت، نە یەکێتیی وەک حزب و نە سلێمانیش وەک پارێزگا شکۆیان دەمێنێت، وە هیچ شتێکیش نامێنێت کە یەکێتییەکان و هاوڵاتیان لەم سنورەدا شانازیی پێوەبکەن.

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

پارە کۆکردنەوە بەناوی هەژاران وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی!

null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان