سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

لە سێبەری ڕووداوەکانی سلێمانی دا:

بڵاوکراوەتەوە لە : 23 تەمموز 2021

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

مەریوان وریا قانع

گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا: دەسەڵات و لێپرسینەوە
دەسەڵات، ھەموو دەسەڵاتێک، بە دەسەڵاتی دایک و باوکیشەوە لەناو خێزاندا، بەردەوام  پێویستیی بە چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن ھەیە. دەسەڵات بەبێ چاودێریکردن و بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوە دەسەڵاتێکی ترسناکە، دەشێت تاوانی گەورە و ھەمەجۆر ئەنجامبدات، لە تاوانی ڕۆژانەیی و سادەوە تا بە کوشتنی دەستەجەمعی دەگات. لە پەیوەندیدا بە حوکمڕانیی و دەوڵەتدارییەوە ئەم لۆژیکی لێپرسینەوە و چاودێریکردنە لە پێداویستییە ھەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانە. تەنھا لێپرسینەوە و بەرپرسیاررکردن و سزادانی یاسایی و دەزگایی دەتوانێت ڕێگە لە خراپەکاریی ڕەھای دەسەڵاتداران بگرێت.  دەسەڵاتدار بەبەردەوامی پرۆژەی دروستبوونی بوونەوەرێکی ترسناکە کە دەتوانێت خراپەکارێکی گەورە و کەموێنەی لێدەربچێت، کەسێک بدزێت و ببڕێت و بکوژێت. ئەوەی دەتوانێت ڕایبگرێت و سنوورێک بۆ تاوانکارییەکانی دابنێت، توانا و کردەی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنە، تا بە سزادان و گرتن و لابردن دەگات. ھەموو ئەمانەش ھەم پێویستیان بە یاسا ھەیە، ھەم بە توانای پیادەکردنی ئەو یاسایانە، ھەم  بە چەندان دەزگای تایبەت  کە توانای ئەو چاودێریکردن و لێپرسینەوەیان ھەبێت. وەکچۆن پێویستیان بە توانایەکی یاسایی بەھێزی سزادان ھەیە، لە لابردن و گۆڕینی دەسەڵاتدارانەوە بۆ زیندانیکردن. 
دەسەڵاتداران بە دەستەواژەی ”ئینسانی باش“ و ”بەڕەوشت“ و ”خاوەن وژیدان“ ناناسرێتەوە، بەوەش نا ئایا دیوانە شیعریەکەی مەولانەیان لەبەرە، کتێبەکانی ھیگڵ و سارتەریان خوێندۆتەوە، یان تۆماس مان و گابرێل گارسیا مارکیز دەناسن. دەسەڵات خۆشی بە دەستەواژە ئەخلاقییەکان پێناسەناکرێت. ئەوەی پێویستە شوێنی ئەم زمانە ئەخلاقییە بگرێتەوە گەشەدانە بە زمانی دروستکردنی  توانا و میکانیزمە تایبەتەکانی لێپرسینەوە و چاودێریکردن، زمانی بەرپەرسیاربکردن و سزادان بەرامبەر بەو بڕیارانەی ئەدرێن و بەو کردەوانەی پیادە دەکرێن. ئەوەی دەسەڵاتدار دیندارە یان بێدین، خوێندەوارە یان نەخوێندەوار، قوتابخانەی فرانکفۆرت دەناسێت یان نا، شەقاوەیە یان نەرم و نیان، بەڕەوشتە یان بەدڕەوشت، لەوە ڕزگاریناکات ببێت بە بوونەوەرێکی تەواو ترسناک و وێرانکەر، کوشتنی مرۆڤ و کوشتنی مێشولەیەکی لا وەک یەکبێت. ئەوەی ڕۆحی شەڕانگێز و تەماحە گەورەکانی ناو دەسەڵات کۆنترۆڵ و چاودێردەکات، دین و شیعر و ئەدەبیات و فیکر و ئەخلاق نییە، بەڵکو بوونی میکانیزمی کۆنکریتی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادانە.  بەحکومی ئەوەش کە دەسەڵات بە بەردەوامی ھێزی ڕێکخستن و داڕشتن و دروستکردن و تێکدانی لە کۆمەڵگادا ھەیە، بۆیە زەرورەتی گەمارۆدانی بە میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن، وانەی یەکەمی قسەکردنە لەسەر دەسەڵات. 
ئەوەی لە ئەزموونی سی ساڵەی حوکمڕانیکردنی ھەرێمدا غائیبە ئەم توانای چاودێریکردن و لێپرسینەوە و سزادانەیە لە دەسەڵاتداران، تەنانەت لە سادەترین شێوەشدا. ئەوەی غائیبە ئەو زمانە سادەیەی لێپرسینەوە و سزادانە لە قسەکردندا لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران. لە ئێستاشدا ئەوەی دەیبینین درێژەپێدان و بە کەماڵ گەیشتنی پرۆسەی بە خێزانی و بنەماڵەییکردنی دەسەڵاتە لە غیابی تەواوەتی ھەر توانایەکی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزاداندا. لەمەش ترسناکتر ھێنانەپێشەوەی قسەوباسێکی بێبنەما و پڕمەترسییە لەسەر ”دروستکردنی مەرجەع“ بۆ دەسەڵات.  ”مەرجەع“ مانای بەخشینی دەسەڵاتێکی ڕەھا، دەسەڵاتی ناو دەسەڵاتەکان، بە کەسێک، بەبێ ئەوەی ھیچ بوونەوەر و یاسا و دەزگایەک توانای ئەوەی ھەبێت لە سادەترین بڕیار و کردەوەکانی ئەو کەسە بپرسێتەوە. ئەمەش پرۆژەی دروستکردنی مەترسییەکە لە شێوە و بە قەبارەی مەترسیی گێژەڵوکە و لافاو و بورکانە وێرانکەرە سروشتییەکان. دروستکردنی مەرجەع پرۆسەی بە تسونامیکردنی تواناکانی دەسەڵاتە لە کردەی وێرانکرندندا. 
سلێمانی
٢٣-٧-٢٠٢١

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

پارە کۆکردنەوە بەناوی هەژاران وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی!

null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان