سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

ئەوەی لە بادینان روو دەدا با لە هەولێر و سلێمانیش هەر وا بکەن!

بڵاوکراوەتەوە لە : 6 تەمموز 2021

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

عەلی کەریمی  


خەریکە تابوتی دەسەڵاتی قەرەقووش و خێڵکی حکومەتەکەی هەرێم یان باشترە بڵێم گەر یەکێتی و گۆڕان عاجز نەبن حکومەتەکەی ماڵی بارزانی، بزمار ڕێژ دەکرێ و بە زبڵدانی مێژوو دەسپێردرێت.
رەوشتی دیکتاتۆرەکان هەر وایە، دەگەنە ئاستێک ئیتر "شەلم کوێرم هیچ ناپارێزم" دەبێتە کەڵکەڵەی هۆش و زکریان و تەر و وشک بەیەکەوە دەسوتێنن. خۆیان باش تێدەگەن لە هەیبەتی ئاگری ڕق و تورەیی خەڵک چ ناگرێ بەرگە و لە ناویان دەبەن.
سیمای سیاسی ئەمڕۆی هەرێم، ڕێک بۆنی ئەوەی لێ دەکرێ، دەبێ هەرچی زووە غەدار، دیکتاتۆر، دزەکان و تاڵانچییەکانی میللەتی مەزلووم و غەدر لێکراوی نەنفالکراو و کیمیابارانکراو، بێنەوە هۆش خۆیان و چارەیەک بۆ خۆیان و رۆژی لێقەومانیان بکەنەوە. مێژوو بەتایبەت مێژووی ئەم ٤٠ ساڵی رابردووی ناوچەکەمان و دەر و دراوسێ، ئەزموونی زۆر روون و زەقی تێدایە لە چارەنووسی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆ و بێمنەتانە، لە ئاخردا کونجی زیندان، بەدارەوە هەڵاوەسران و یان هەڵاتن و پەنا بردن بۆ وڵاتانی بێگانە، ئاخر لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بۆ تۆمار کردوون.
ئەمڕۆ لە میدیاکانی کوردستان چاوم بە ژن و مناڵی گیراوەکان و حوکمدراوەکانی بادینان کەوتەوە، روخسارگەلێکم دی هەمان روخساری ژن و مناڵەکانی نۆگرە سەلمانی سەدەی رابردوو و زیندانەکانی سەدام حوسێنی تینوو بە خوێنی کوردان!
قین، تورەیی، برسێتی، ناعەدالەتی، زمانبرێن، دزی و تاڵان، بێ هیوایی، نەبوونی خزمەت و وەدەرکەوتنی فەریکە تازە فێرعۆنەکان لە هێلکە، سەرئەنجام رێ دەبا بۆ هەڵچوونی کۆمەڵانی خەڵک و ئیتر ئەم ڕۆژە کە گەڵ هەڵدەچێت و خوێن پێش چاوی دەگرێ، ئیتر نە لە هیچ خۆش دەبێ و نەهیچ بەرەنگاری دەبێتەوە.
ئەوان بە خەیاڵی خۆیان چاکیان دەست پێکردووە و ئەم زەبر و زەنگی تایبەت بە دیکتاتۆرەکانیان، لە ناوچەکەی کە پێیان وایە لە سەتاسەت ئی خۆیانە و بێ ڕیسکە دەست پێکرد، ئەوەیان بۆ ئەوە نەکردووە کە پێیان وابێ بەڕاستی ئەم گیراوانە تاوان و جاسوسی و خیانەتیان کردووە و دەبێ جەزا بدرێن، نا ئەوان ئەوەیان کرد تاقی کەنەوە لە دژەکرداری جەماوەر و گەر زانیان لە لای هاوڵاتییانی بادینان ئیشەکەیان مەقبووڵ و ئاساییە، ئەوجار گەشەی پێ بدەن بۆ هەموو کوردستان و هەموو ناوچەکان بە زەبری تۆقان و زیندان و زمانبڕین بە تەواوی بهێنە ژێر چۆکی خۆیان و ئیتر دەسەڵاتی بنەماڵە بۆ چل پەنجا ساڵ بۆ نەوەکانیان مسۆگەر کەن و هەڵسەنگاندن بۆ میللەت بکەن کە ئاخۆ هەموو شت قبووڵ دەکەن؟!
حەق وایە پەلەی بکەن و ئەم سیاسەتە هەرچی زووە بگوازنەوە بۆ سەری مارەکە و سلێمانی و گەرمیان و  هەڵەبجە و ناوچە یاغییەکان. ئاخر بەڕاست کوا خەڵکی ئارام و لەسەرخۆی بادینان موستەحقی ئەوەیە پێش سلێمانی ئاوا جەزرەبە بدرێن؟!
بۆیە دەڵێم با هەرچی زووە دەسەڵات پەلەی بکا و پەل باوێژێتە ئەو شوێنانەی کە هەرگیز بۆی دەستەمۆ نەکراوە، دەنا  بەڕاست ئەوەی ڕۆژانە لە لایان نوخبە و ڕۆژنامەنووس و چالاکە بوێر و ئازاکانی ئەم ناوچانە پێیان دەگوترێ و لێیان لە قاو دەدەن خۆ بێتە لانێکی ئەم گیراو و بێتاوانانەی بادینان لە سەدا یەکیشیان نەکردووە دژ بە دەسەڵاتیان. هەر شەوانە بڕوانە تی ڤی کان ئەمجار دەزانن کە ئەو بوێرانە شەو و ڕۆژ بە نووسین و گوتن چیان پێدەکەن؟!
دەست بردنی ئاوا بێ چاوەڕوویانە، بۆ شارەکانی دیکەی هەرێم، باش بزانن هەڵچوون و تەقینەوەی بەدوادا دێ و ئیتر ئەم کاتەیە بە یەکجاری میللەت رزگاری دەبێ لە زۆرداری و داگیرکاری دەسەڵاتی خۆماڵی!
خۆ بێتوو لە بەرامبەر ئەم زوڵمە گەورەی دەرحەق بە رۆژنامەنووس و گیراوەکانی بادینان دەکرێ شارەکانی دیکە بێدەنگی پیشە بکەن ئەوە ئیتر دڵنیا دەبم حوکمی ڕەشی خۆماڵی بەسەر هەموو کوردستاندا زاڵ دەبێ و هەزار ڕەحمەت بە کفندز دەخوازینەوە!

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

پارە کۆکردنەوە بەناوی هەژاران وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی!

null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان