سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

بڕیاری (688) و ڕۆژی ویژدانی جیهانی! 

بڵاوکراوەتەوە لە : 5 نیسان 2021

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

کــارۆخ خــۆشناو 

ئەمڕۆ (30) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەم بڕیارە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان هات، کاتێک ڕژێمی بەعس هێرشی پێچەوانەی کردە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە کۆڕەوی ملیۆنی دەستی پێکرد، لە ئەنجامدا (کۆڕەو) بووە ڕووداوێکی ڕاچڵەکێنەر بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە هۆیەوە وەرچەرخانێکی دەگمەن لە مێژووی باشوری کوردستان ڕوویدا، ئەویش دەرکردنی بڕیاری (688) بوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەویش بە هەوڵی بەرچاوی هەرسێ وڵاتی فەڕەنسا و ئەمەریکا و بەڕیتانیا.

ئەم بڕیارە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو بۆ کورد لەبەر ئەم سێ خاڵە:

1- بە هۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار (دۆزی کورد) لە پرسێکی لۆکاڵی و ناوچەییەوە بووە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی، واتە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گەورە و گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشبردن و ناساندنی  دۆزی کورد لە سەر ئاستی جیهان. 

2- بە هۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار (چەتری پارێزبەندی) بۆ باشوری کوردستان هەڵکرا کە بە هێڵی (36) یان دژە فڕین (No-fly zone) ناسراوە، لەم ڕێگەیەوە توانرا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زوڵم و زۆرداری ڕژێمی بەعس پارێزراو بێت.

3- بە هۆی ئەم بڕیارەوە زەمینەیەکی لەبار دروست بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێکەوتی (1992/5/19) و دواتریش  پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لێرەدا گرنگە ئاماژە بە چەند کەسایەتیەکی نێودەوڵەتی بکەین کە لەو قۆناغەدا ڕۆڵێکی گەورە و گرنگیان هەبوو لە پڕۆسەی  لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ دۆزی کورد و دەرکردنی بڕیاری (688) لێرەدا تەنها سێ کارەکتەر وەک نمونە باس دەکەین، ئەوانیش:

یەکەم: (دانیاڵ میتران) وەک دایکی کوردان هەڵویستێکی بێ وێنەی نواند بۆ پشتگیری کردنی کورد و هاندانی (فرانسوا میتران)ی هاوسەری کە سەرۆکی فەڕەنسا بوو بۆ پشتگیریکردنی دۆزی کورد.

دووەم: (جۆن مێجەر) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا، رۆڵێکی گرنگی لە دەرکردنی بڕیاری (688) و دروستکردنی ناوچەی ئارام هەبوو لە باشور کوردستان.

سێهەم: (جیمس بیکر) وەک یاساناس و پارێزەر و (61)مین وەزیری دەرەوی ئەمەریکا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئیدارەی (جۆرج بۆشی باوک) بۆ دەرکردنی بڕیاری (688) و هەروەها پێشتریش بۆ دەرکردنی هەردوو بڕیاری (660 و 661) کە تایبەت بوون بە ئیدانەکردن و سزادان و ئابلۆقەدانی (ڕژێمی بەعس) دوای داگیرکردنی وڵاتی کوێت و پێکهێنانی هاوپەیمانیەتێکی گەورە کە لە (34) وڵات پێکهاتبوون بۆ ڕزگارکردنی کوێت، کە لە ئەنجامدا شەڕی دووەمی کەنداوی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە (ڕژێمی بەعس) گورزێکی کەمەرشکێنی پێکەوت، ئەم گورزەش زەمینەیەکی لەباری سازکرد بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە (1991/3/5) و دواتر کۆڕەوی ملیۆنی بەدواداهات و پاشان لە ڕێگای میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە توانرا وێنە و دیمەنەکانی (کۆڕەو) بە وڵاتانی جیهاندا پەخش بکرێت، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لە وروژاندن و  هەژاندنی ویژدانی شەقام و ڕای گشتی وڵاتانی جیهان.

لە کۆتاییدا شایانی تێڕامان و ئاماژەپێدانە کەوا نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی (2019)ەوە بڕیاریداوە کەوا (5)ی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە (ڕۆژی ویژدانی جیهانی - International Day of Conscience) ئەم ڕۆژەش هەمان ڕۆژی دەرکردنی بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە!

٭(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

پارە کۆکردنەوە بەناوی هەژاران وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی!

null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان