گفتار و ڕەفتار
بڵاوکراوەتەوە لە : 18 شوبات 2021
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 18 شوبات 2021
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
ئازاد جۆڵا
زۆربەی جاران ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە دوو ڕێگاوە دەبێت
ئەگەر کۆمەڵگاو سیستەمی وڵاتەکە دیموکراسی بێت ئەوا هەر چوار ساڵ جارێک یان زیاتر لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەردەوە دەسەڵات ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت ، جا ئەم ئاڵوگۆڕە لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر بێت یان هەر لە هەمان حزب ، بەڵام بە کارنامەو ڕەنگە بە دەوڵەتمەدارێکی تازەوەش بێت ، جاری واش هەیە هەر لەڕێگای هەڵبژاردنی ئازادەوە سیستەمی سیاسی وڵات گۆڕانکری بەسەردا دێت .
بەڵام ئەگەر کۆمەڵگاو سیستەمی وڵاتەکە نادیموکراسی و خۆسەپێن بێت ئەوا ئەم دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانییە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت و زۆرجاریش بە کوودەتا یان خوێن ڕشتنێکی زۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت ،
جیا لە هەموو جیهان ئەوەی لە کوردستان هەیەو دەبیندرێت نمونەیەکی جیاواز و سەیرو سەمەرەیە چونکە گفتارەکان و ڕەفتارەکان ڕێک پێچەوانەی یەکترن ،، بۆ نموونە :
٭ هەرێمی کوردستان خۆی وەک نمونەی دیموکراسی ترین دەسەڵات و ئەزموونی حوکمڕانی لەناوچەکە دەناسێنێ کەچی ماوەی 30 ساڵە هەڵبژاردن کرابێ یان نەکرابێ هەر بەتەنها دوو حزب حوکمی ئەم هەرێمەیان کردووە و بەردەوامیشن ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە خۆیان وەک دیموکراتخواز و نیشتمان پەروەر و دڵسۆزی گەل ناساندووە .
٭ کابینە لەدوای کابینە بەڵێنی گەورەتر دەدەن دەڵێن چاکسازی ڕاستەقینە دەکەین و دزی و گەندەڵی بنەبڕ دەکەین ، وەک ئەوە وایە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا ئەوان دەسەڵاتدار و حوکمڕان نەبووبن و حزب و لایەن و خەڵکی تر دەسەڵاتدار و بکەری هەموو ئەو گەندەڵی و کەموکوڕیەکانی پێشخۆیان بێ و لەسەر دەستی ئەوان دەیان وەزیر و بەرپرسی باڵا خرابنە نێو زبڵدان و لە زینداکاندا بناڵێنن .
٭ کە باس لە دیموکراسی و پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن ئەوەندە ملکەچی دیموکراسی و ئەنجامەکانن وەک ئەوەی ئەوان لە ماوەی ئەم 30 ساڵە لایەنی کەم 7 بۆ 8 جار هەڵبژاردن و دەستاودەستی دەسەڵاتیان کردبێ و هەڵبژاردنەکانیش لە گوڵ پاک و بێگەرد تر بووبێ .
٭ کەباس لە پێویستی یەکڕیزی و تەبایی دەکەن ئەوەندە دەنگیان دلێر و کورد پەروەرە وەک ئەوەی بەدرێژایی مێژوو چی لەسەر دەمی بەناو ( شۆڕش ) و چی لەدوای ڕاپەڕینی خەڵک تاکە گوللەیەکیان بەڕووی یەکتر و کورد دا نەتەقاندبێ و دڵۆپەخوێنێکی کورد بەدەستی کورد نەڕژابێ .
٭ کەباس لە نەیار و لایەنی بەرامبەر دەکەن هەمیشە بە بەرژەوەندخواز و خیانەتکار ناویان دەهێنن و تاوانباریان دەکەن وەک ئەوەی ئەوان هیچ جارێک چاوساغی دوژمنان نەبووبن و داگیرکەریان نەهێنابێتە سەر خەرمانی خۆێنی خەڵکی ئەم هەرێمە وێرانکراوە .
٭ کەباس لە باوەڕبوون بە ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن ، وەک ئەوە وایە بەدرێژایی ئەم 30 ساڵە تەنها بۆ جارێکیش لەژێر دەسەڵاتی ئەوان مافی مرۆڤ پێشێل نەکرابێ و تاکە کەسێکیش لەسەر بیروڕای جیاواز تیرۆر یان بەناحەق زیندانی یان ئازار و ئەشکەنجەو سوکایەتی پێ نەکرابێ .
٭ کەباس لەسەروەری یاسا دەکەن بەدەنگیگی زۆر گڕەوە دێنە سەر شاشەکان و دەڵێن لە کوردستاندا کەس لەسەرووی یاسا نیە ، یان هیچ کەسێک بەدەر نیە لە یاسا ، وەک ئەوەی زیندانەکانی ئەم هەرێمە پڕبێ لە عەنتر و یاسا شکێنەکان ، یان دادگاو دادوەریمان تا سەرئێسقان ئازاد و سەربەخۆ و داد پەروەربێ ..