سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

لەگەڵ مردن کێبەرکێ

بڵاوکراوەتەوە لە : 21 کانوونی یەکەم 2020

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

پشکۆ نەجمەدین
 
کەسانێکی زۆر، برازا و خوشکەزاکان، کەسوکار و دۆستەکان، هاوڕێکانی ڕۆژانی سەخت و ئێستام، دەهاتن و دەچوون، لە ململانێی من و مەرگیان دەڕوانی. دکتۆرەکان پەرۆش و بە دڵسۆزییەوە کاریان دەکرد، باشترین و شارەزاترین دکتۆرەکانی مێشک و دەمار، مژووڵی چارەسەری من و هیچێکیان پێ نەدەکرا!
من نەمدەزانی چی ڕوویداوە و لە هیچ حاڵی نەدەبووم!
من پێم وابوو، جەستەم لەمێژە مردووە و تەنیا ڕووحم، بە ئەسمانی دونیایەکی پر ئازار و مەینەتیدا، لەو بەرزەوە، لە وێرانیی جەستە و ژانەکانی من و ئازارەکانی ئەو خەڵکەی کە لە وێرانەی هزرمدا دەژیێن، دەڕوانێ!
لەسەر تەختێکی نەخۆشخانەی سلێمانی؛ سلێمانیی شەشی ئەیلوول، سلێمانیی "چاڵی جەرگی پیرەژن"، سلێمانیی هەمیشە تووڕە و هەمیشە جوان، سلێمانیی خرۆشاو و هاتوهاواری ڕۆژانی بژی و بڕووخێی هەڤدەی شوباتی بەردەرکی سەرا، ڕازێنرابووم!
گوێم لە ناڵەی تەقینەوەی دەمارە نەفرەتییەکەی مێشکم نەبوو. نرکە و ناڵەم، لە گەرووی هاتوهاواری ئەو خەڵکەدا، تاسا بوو! خوێنی پەنگخواردووی کاسەی سەرم، لەنێو خوێنی بەناهەق ڕژاوی ڕواڵان و  میردمنداڵانێک، کە لە سیاسەت و دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن نەدەگەیشتن، بزر و سەرگەردان بوو!
من بە ئاسمانی شاردا فڕیم و دوو جاران سووڕامەوە، ئیدی بەرز و بەرزتر، شەقامانی دووکەڵاویی شارم جێ هێشتن و هەورەکان لە ئامێزیان گرتم!
من مردبووم، یاخود وەها خۆمم دەبینی! مەگەر ناڵێن، هەر ساتێکی مردن زەفەری پێ بردیت، ئیدی ڕووح بەرەو ئاسمان هەڵدەفڕێ و لەو بەرزەوە، عیشقی شار لە خۆی دەپێچێ و گوڵە خوێناوییەکانیش لە دەستی بەشمەینەتان دەڕفێنێ، هەر چڵەگوڵێک بە دیاری، دەداتە دەست پەڵەهەورێک!
فریشتەیەک، چاوسەوز، قژزەرد، پۆشاکێک سەرتاپا سپی، دەستی گەرمی لە دەستم نا و دەستێکیش لەسەر توێڵم!
گوتی: چۆنی؟ من بێ وەڵام، لە تیشکی نیگایم ڕوانی!
گوتی: هێندەمان نەماوە!
نەمزانی بۆ بەهەشت دەڵێ یاخود دۆزەخ!
هێزی خۆمم کۆکردەوە و لێوم بزواند، گوتم: بۆ کوێ؟
ئەو کە سەیری ڕەنگاڵەی هەورانی دەکرد، گوتی: سوێد!
گوتم: یانی من نەمردووم!
خەندەیەک لەسەر لێوانی پشکووت و گوتی: من ناهێڵم بەم ئاسمانەوە، تۆ بمریت!
وای خودایە! لەنێو شەڕگەی بگرەوبەردەی نێوان ژیان و مردندا، چ فریادڕەسێکی جوانە، فریشتەیەک هاوپشتی من، سەنگەری لە مەرگ گرتووە!
فڕۆکەوان، فریشتە و من کە ڕووحەکەم لەنێو سینەی مرۆڤدۆستیی ئەو دوانەدا، سەمادەکات، گا سەرەوژوور، گا سەرەوخوار، چینەکانی ئاسمان دەبڕین، بە میهرەبانیی هەورەکان داپۆشراوین! گەواڵەیەک خۆی لە زێڕی خۆراوابوون هەڵژەنیوە و گەردانەیەک ڕەنگاڵەی پێش ماڵاوایی، لە گەردنی 
فریشتەکەی فریاڕەسم دەئاڵێنێ، خەندەیەکیش هەڵدەداتە سەر لێوی نیوەمردووی من.

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان

null

رۆژئاڤای دڵ: