لەبارەی مەرگەوە ..
بڵاوکراوەتەوە لە : 10 تشرینی یەکەم 2020
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 10 تشرینی یەکەم 2020
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بەشدار عوسمان
ئەوانەی قوربانی دەستی دەسەڵاتی ستەمکارین لەهەمووان زیاتر دەرفەتی ئازادانەتریان بۆ ڕەخساوە بۆ ژیانی تایبەتیان، بەڵام ئەوە درک کردنە بە زوڵمی دەوروبەرەکەیان بۆیە رێگای بەرەنگارییان هەڵبژاردووە و دواجاریش لەو رێگایەدا بونەتە قوربانی .
ئەوانەی لەبەرامبەر ناعەدالەتی دەنگیان هەڵبڕیوە لەهەمووان زیاتر رەفاهیەت و خۆشبەختیان نیشاندراوە، بەڵام ئەوە ئازاری ویژدانیانە بەرامبەر بەرپرسیاریەتیەکی مێژووی و ئەخلاقی کۆمەڵگاکەیان، بۆیە لەهەموو خۆشگوزەرانیەک مەحروم بونە .
ساویلکەییە، تا دوایین هەناسە لە ریزی ستەمکاران و گەندەڵگاران تێکۆشابیت، لەکاتی مەرگیشدا وەکو مرۆڤێک حیساب بکرێت کە قوربانی دەستی ئەو ستەمکارییە بێت ! کوورت بینیە لەپارەی دزراوی خەڵک و مناڵانی هەژار و کەمئەندام کۆشک و ڤێلات بەرزکردبێتەوە، لەکۆتاییدا وەکو خەباتکاری رێگای عەدالەت بناسێندرێت، نەزانییە رۆژانە دەیان گەنج و مامۆستا و مووچە خۆر لەسەر داوای مافەکانیان زریکەی هاواریان لە زیندان و کۆشکەکان بگاتە کەشکەڵانی فەلەک، کەسانێکیش لە شەوە سوورەکان بەردەوام بن لەگەڵ نەخشەکێشانی ئەو زیندانیە، لەولاشەوە بە زەروڕەتێک و پێویستیەک بزانرێن بۆ ئازادی و هەوڵبدرێت ئیحساسی خەڵکی بۆ بجوڵێندرێت !
(ئەگەر توانای ووتنی قسەی حەق لە خۆتدا نابینی، لانیکەم بۆ ئەو کەسانەی قسەی ناحەق دەکەن چەپڵە لێمەدە ..)غاندی وایووت .
دەیان هەزار ژن بوونە قوربانی دەستی دەسەڵاتی خێڵەکی، تۆش لەپاڵیا خەریکی شەترەنج و دۆمینە بی، سەدان نووسەر و رۆژنامەنوس ئیهانە و سوکایەتیان پێدەکرێت و رۆژانە لەشەقامەکاندا لەلایەن شەلاتیەکانیەوە تێر شەقدەکرێن و گووللە نرا بەدەم و سینگیانەوە، مێشێک میوانت نەبێ ..!ئەوپەڕی بێ مەنتیقیە وەکو ئەو چالاکوانانە ناویان بهێنرێت کە ژیان و پلان و پرۆژەیان دەرکێشانی ئەو خەڵکە ستەمدەدەیە لەو فەلاکەتە، لەژێر ناوی چاوپۆشی لە ئایدۆلۆژیا هەوڵبدرێت رابردووی بسڕیتەوە، لەکاتێکدا خۆی تا دوا هەناسەی لەپێناوی ئایدۆلۆژیاکەی لەسەر هەڵوێستێک یان کارێکی رابردووەکەی خەڵکی ناشیرین و تاوانبارکرد و لەدادگای ویژدانی خۆییدا لەسێدارەشیدان .
هەموو ئەوانەی ویژدانیان بەبەرژەوەندییەک فرۆشت، دەیان کارەسات و مالوێرانی ڕاینەچڵکاند و بێدەنگیان هەڵبژارد، بەهانەیان بۆ ئەو هەموو ناعەدالەتی و زەڵم و بەربەریە دادەتاشی، دەبێت مێژوویان لەگەڵ نەخشەدارێژەران و ئەنجامدەرانی ئەو وەزعیەتە بنوسرێتەوە، دواجار تۆ بەرپرسیار نیت لەوەی کە دەیڵێیت، بەرپرسیاریشی لەوەی دەبێت بیڵێت و نایڵێیت .
هەر ئینسانێک ئەو رێگایەی گرتویەتیە بەر هەڵبژێردراوی خۆیەتی، بۆیە دەبێت مێژووەکەشی لەئەستۆ بگرێت، رۆژگارێک بۆقت بە بولبول بە خەڵک ناساندووە، چاوەڕێمەکە لەدوایی خۆت مریشکت بۆ بکەنە کەناری .