سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

گەورەکردنی شار و تاساندنی !

بڵاوکراوەتەوە لە : 21 ئاب 2020

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

چیا عەباس

رێزدار سەردار قادر لە هۆنراوەی " بۆ تاقانەکەی پایز " دەڵێت:
هەرچەنده زادەی پایزی
له وێرانەی ئەم شارەدا
عاشقێكی هەردەم زیزی
ساڵانێكه بەری هەتاویان لێ گرتووی
 
تۆش وەك (سواره) هەر دەڵێی 
”دەڵێم برۆم له شارەكەت
زۆر درەنگه بۆ مانەوه ”
له شاره پڕ ئازارەكەت

ئەو ساتەی نانەواخانەکەی سەر سوچی کۆڵان دەبێتە فرنێکی گەورە بۆ جۆرەها نان و سەمونی ئاردی نەناسراو، کاتێک دوکانی عەتاری جارانی گەرەک دەبێتە سوپەرمارکت و لە بری بۆن و مەرامی بەرهەمەکانی دەشت و شاخەکانی کوردستان کاڵای بیانی لول و وشک و بەستراو پێچراو لە پارچەیەک نایلۆن لە سوچ و قوژبنەکانیدا کەڵەکە دەکرێن، کاتێک چێشتخانە و کەبابخانەکەی وەستا ...  دێرینەکانی شار دەبنە رێستورانتی ساختە ئەستێرەی خۆراکی بێتامی گۆشتی بەسەرچوی جن و جانەوەری  ئەودیو سنورەکان، کاتێک هێلکەی مریشکی نازداری هێلانەکانی گوند و پەنا حەوشەی ماڵ دەبێتە هێلکەی مریشکی فو و ئاوتێکرا و بە گەنە گەورەکراو، ، کاتێک دەشتی شارەزور دەبێتە چۆڵاییەکی پەژموردەی هەتیوی بەجێماو، بە تەماتە و سەوزەی ئەملا و ئەولا رۆحی بەپیتی هەنجن هەنجن دەکەن، ئەو کاتیش چلورە تام و فێنک بەخشەکەی شەهلا دەبێتە ئەزڤەنیەکی شەکر و ئاوی بێ تام و رەنگ و ناو.
کاتێک عەرەبانەی دو ئەسپ دەبێتە مۆنیکا و وەنەوەشە و ماشێنی گران بەهای خاوەن مواسەفاتی بەقەد باڵای ئەقڵیەتی ئەم سەردەمەی کریارەکانیان، بە فرکەفرک و دوکەڵی بەنزینی ساختە و دەرزەنێک کۆیلە لە پاش و پێشیان خەڵک و ژینگە و جادە و کۆڵانەکانی شار پیس و هەراسان دەکەن، کاتێک لەسەر باخ و سەوزاییەکانی شار تەلاری چەند نهۆمی گران بەهای بازرگانە گومان لێکراوە تازە پێگەیشتوەکان وەک قارچکی بەهاران هەڵدەتۆقن، کاتێک جادەکانی شار بۆ دەروبەی دەبنە رێگای مەرگ و قاچاخجیەتی و دزیکردن، کاتێک بەشێکی مزگەوت و مەلا و فەقێ دەبنە دەمراستی ستەم و ناهەقی و هەندێکیشیان بە فرو فێڵ و نزا و دوعای هەڵبەستراو و درۆ دەبنە جادوگەری نەخۆش و پەککەوت و لێقەومانان، 
کاتێک خەڵکی شار بۆ چنگێک روناکی و قومێک ئاو لەبەردەمی دەروازەی والیدا ریزبن و عەرزوحاڵیان پێ پربکەنەوە، کاتێک خواپیاوان بە دوا مۆدێلی ماشێن منداڵەکانیان بۆ خوێندنگا گران بەهاکان دەنێرن و مەترێکیش لەولاوە منداڵی هەژار و بێ کەس و واستە بە جوتێک پێڵاوی لاستیک  هەنگاو بە هەنگاو شەر لە گەڵ قور و لیتاوی جادەکاان دەکات تا بگا بە پۆلەکەی، کاتێک کەرامەت و شەرەف و ناموس دەکرێنە کاڵای بازرگانی لە ژورە روناککراوەکان بە گڵۆپی سور و پەمەیی  چینی و تورکی بەتەنیشت ڤێڵا و لەسەر لارێ و سوچ و روکنە شاردراوەکاندا،  کاتێک نەریت و  مێژو و گەنجینەی كڵتوری و سیاسی و خەباتی شار دەهۆنرێنەوە و دەکرێنە ملوانکەا بۆ رازاندنەوەی روخسار و چاوەزاری قاپی و درەوازە و شاشە تایبەتەکانی ئەم بەرپرس و ئەو حاکم، کاتێک لاوە بزێوە دڵپاک و بێگەردەکەی مەڵکەندی و چوارباغ و مەجید بەگ دەکرێتە رۆبۆتی سیخوری و ستەم و کوشتن و وێرانکردن، کاتێک هەر دو بێوەژن باجی رەحمەی جلشۆر و باجی رەعنای نانکەر ناچار دەکرێن رۆژانە دەستەکانیان بۆ پارچەیەک نان بکەنەوە، کاتێک گردەکانی شار و مامە یارە و گۆیژە و ئەزمر و پیرەمەگون زەوت دەکرێن و روخسارە رەنگین و دلگیرەکانیان بە بلۆکی چیمەنتۆ و ئاسن دەکرێنە وێنەیەک تەنها بۆ بیرەوەریەکانی مێژو، کاتێک بەمۆری حزب و فەرمانی شۆرشگیرەکانی دوێنی رێبوارە سەرلێشێواو و رێ ونبوەکان دەبنە موتەسەریف و قازی و مدیری تاپۆ و خەزێنە و فەرماندەی حەسحەس و ... ، کاتێک گورگ دەبێتە پاسەوان و شوان دانی لە گۆشت جیر دەکات، کاتێک هەورێکی قەترانی بەر بە پیرمەسور دەگرێت، کاتێک نۆزدەی هار و عەبەی بازدەر و دۆکەی فەریق دەکرێنە شەوچەرەی گاڵتەکردنی سەرمەستە کاڵفام و خوار و خێچەکان، کاتێک پەیکەر و مێژوی عەولە سیس و مامۆستا یاسین و ئەنوەر و شاسوار و جەمال تاهیر و رۆڵەکانی تر لە مۆزەخانە و پەرتۆکەکانی مێژودا تۆزیان لێدەنیشێت، کاتێک وێنەکانی مەحوی و قانع و حەمدی و پیرەمێرد و گۆران و  بێکەس و هەردی و ژانی گەلی ابراهیم ئەحمەد و دەنگی بەسۆز و وروژینەری دیلان و کابان و چالاک لە پیشانگاکانی پایتەختی بابان و شێخی نەمردا بە ساختەکاری و فروفێڵ بۆ پارە پەیداکردن نمایش دەکرێن.
کاتێک، وەک خوالێخۆشبو حەسەنی شیرین باسیکردوە، دو نەقیبە دێرینەکەی شار
( حەپسەخانی نەقیب و قەیسەری نەقیب) دەبنە دەیان نەقیبی نەجمە و مەدالیای فافۆن، و کاتێک و ..... کاتێک. 
کاتێک شار بێ بەرنامە و بە رواڵەت هەرەمەکی گەورە دەکرێت و بەرێگەی زیگزاگ و ناسروشت گەشەی پێدەکەن و روخسارێکی ساختەی مۆدێرنی بۆ دادەتاشن، ئەهلەکەی بارمتە و نانبر دەکرێت و سزا دەدرێت، رەونەق و رەحیقەکەی هەڵلوش دەکرێن و جوانیەکانی ئەتک دەکرێن. لەو ساتەدا گەورەبونی شار بەو شێوەیە کەمکردنەوەیە لە بەهای شار و ئەهلەکەی و بۆتە کارەساتێک بەرمانی گرتوە. ناهەقم مەگرن زۆر کەم کەس نەناسمەوە و بە شارەکەم نامۆ بم، بەڵام ئەمە کۆتایی ئەم چیرۆکە نیە.

 

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان

null

رۆژئاڤای دڵ: