سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

خودنەفرەتیی کورد لە خۆی

بڵاوکراوەتەوە لە : 22 تەمموز 2020

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

مەریوان وریا قانع

قەرزکردنی چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و خومەینی: خودنەفرەتیی کورد لە خۆی
(٣)

”تاڵترین شێوازەکانی دژەجولەکەبوون، ئەنتی سامیتیزم، ئەوانەیە کە لە ناو جولەکەکان خۆیاندا ئەیدۆزینەوە“ گیلمان.

خودنەفرەتیی دیاردەیەکی ھێجگار بەرچاوی ناو دونیای سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەیە لەمڕۆدا، بە ڕادەیەک ڕۆڵی ئەو ژێرخانە مادیی و رەمزییە دەبینێت کە بەشێکی زۆر لە کردەی سیاسیی و نووسین لە دونیای ئێمەدای لەسەر بونیادنراوە. لە مێژووی ئێمەدا کەم ساتەوەخت ئەدۆزینەوە ئەو ھەموو ڕقە ناوخۆییەی بەرابەر بە کورد و بەرامبەر بە شێوازە جیاوازەکانی کوردبوونی تێدابووبێت.
لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە ”ڕەخنەکردنی خود“ دیاردەیەکە لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا بوونی ھەبووە، ھەندێکجار ڕەخنەی توند و ھەمەلایەنیش، بەڵام تەنھا لەمڕۆدا ئەو ڕەخنەکردنە بە شێوەیەکی بەرفراوان و لە فۆرمی جیاوازدا گۆڕاوە بۆ نەفرەت و بۆ ڕقبوونەوە لە خود خۆی. بەشێکی زۆری ڕەخنەگرتن لە خود، ”خودەڕەخنەیی“، گۆڕاوە بۆ ڕقبوونەوە لە خود، ”خودنەفرەتیی“.
گۆڕانی ڕەخنە بۆ ڕق و گۆڕانی خودڕەخنەیی بۆ خودنەفرەتیی، یەکێکە لەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی لە پازدەساڵی ڕابردوودا دروستبووە و بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیکردوە. ئەم خودنەفرەتییە تەنھا نەفرەتکردن لەم یان لەو دەرکەوتی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی ئێمە نییە، تەنھا ڕق لە سیاسەت و سیاسییەکان نییە، ڕق لەم بکەر یان ئەو بکەری کۆمەڵایەتیی نییە، نەفرەت لەم دەرکەوت یان لەو دەرکەوتی کۆمەڵگا و مێژووی ئێمە نییە، بەڵکو ڕق و نەفرەتکردنە لە کۆی ئەزموونەکانی کوردبوون وەک کەمینەیەکی ھەڕەشەلێکراوی ناو مێژووی سەدەی بیستەم: لە ئەزموونە سیاسییەکانییەوە بیگرە، بۆ ئەزموونە ئەدەبیی و فیکرییەکان و لەوانیشەوە بۆ ئەزموونی دینیی و ئەخلاقیی. ئەم ڕقە لەوە کەوتوە ڕق بێت لەم پارت و یان ئەو پارت و ڕێکخراوی کوردیی، بەڵکو بووە بە نەفرەتکردن لە سەرجەمی یاخیبوون و شۆڕشەکان و ئیدانەکردنیان، ڕق لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەھا ئەخلاقییەکان، ڕق لە فۆرمەکانی دین و دینداربوون، تا بە ڕق لە نووسەر و شاعیر و ئەدەبیاتی کوردییش، دەگات. ئەم نەفرەتانە ھەندێکجار بەناوی دژایەتیکردنی ناسیۆنالیزم و ھەندێکجاربەناوی خۆدەربازکردن لە شوناسیی ئەتنیی و نەتەوەیی و ھەندێکجار بەناوی کۆسمۆپۆلیتیزم و ئینساندۆستییەکی ئەبستراکتەوە دەکرێت.
لە ھەمووشیاندا وێنەی کورد وەک بوونەوەرێکی گەمژە و نەزان و جاھیل، وەک کەسێکی ناپاک و خۆفرۆش و عەمیل، وەک کەسێکی ترساو و بێبەبەرھەم و بێقورسایی، وەک بوونەوەرێکی پوچ و زیاد و بار بەسەر مرۆڤایەتییەوە، وەک کائنێکی بۆش کە بەردەوام بە دوای شتێکدا دەگەڕێت بیپەرستێت و ببێت بە کۆیلەی، ھتد...وێنادەکرێت. تا بەوەدەگات کە کردە خۆکوژییە نوێکانی ھێزە دینییەکانی ناو دونیا ئەمڕۆ بخرێتە ملی ھەندێک شاعیر و نووسەری ئەم میلەتە کە زیاد لە نیوسەدە بەر لە دروستبوونی ئەم کردانە کۆچیان کردوە. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا ناشیرنترین و بەدترین شێوازەکانی ڕقبوونەوە لە کورد لەناو کورد خۆیدا ئەدۆزینەوە، بەتایبەتی لەناو ئەوانەدا کە بەناوی مرۆڤدۆستیی و ھیومانیزم و گەردونگەراییەوە دەدوێن و پێیانوایە ڕەخنەی ناسیۆنالیزم و سێکتاریزم دەکەن. لە دونیای ئەمڕۆدا خودنەفەرتی کورد بۆ خۆی، زۆر فراوانتر و بەدترە لە نەفرەتکردنی ئەوانیتر لە کورد.
ئەم نەفرەتکردنە لەسەر شاردنەوە و لەبیرکردنێکی سیستماتیکی دوو ڕاستیی مێژوویی زۆر سادە کاردەکات: یەکەمیان دۆخی کەمینەبوونی کوردە لەناو کۆمەڵێک سیستم و دەوڵەتی ستەمگەر و توندوتیژدا. دووھەمیان پرۆسەی بە ئەمنیی و ئاسایشکردنی بەردەوامی داخوازییە سادە و سەرەکییەکانی ئەم کەمینەیەیە. ھەموو مێژووی سەدەی بیستەم و سەدەی بیست و یەکەمی کورد ئەم دوو پرنسیەپە سەرەکییە ئاراستەی دەکات. ئەم دوو پرۆسەیە دۆخێکی ھێجگار زەحمەت و پڕھەڕەشەی بۆ کورد دروستکردوە کە خودنەفرەتیی یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرگریکردنبووە لە خود خۆی. بەڵام میکانیزمێک کە لەسەر تەماھیکردنی تەواو لەگەڵ زمان و ڕوانین و عەقڵیەتی ئەو دەوڵەتانەدا دامەزراوە کە ئەو دۆخی کەمینەبوون و ھەڕەشەکردنە بەردەوامەیان خولقاندوە.
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا لەوەدوام کە دیاردەی خودنەفرەتیی زیاتر دیاردەی ناو کەمینە ئەتنیی و دینییەکانن و لە دیارترین شێوەشیدا لەناو جولەکەکاندا بەرجەستەبوو. سەرنەکەوتن بەسەر دۆخی کەمینەبووندا و ڕووتەقینەوەی بەردەوام بە ڕووی مەترسیی و ھەڕەشەی گەورە و ھەمەلایەندا ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژییە کە ئەم دیاردەیەی لەسەر دروستبووە. لە دۆخی میلەتی ئێمشەدا ھەمان ژێرخان ئامادەیە و بە درێژایی مێژووی بە کەمینەبوون، دەرچوون لە دۆخی کەمینەبوون لە مەحاڵ نزیکتربووە تا ئەگەرێکی مێژوویی مەعقول و ڕاستەقینە. بە ئاسایشکردنی داخوازییە سەرەتاییەکانی ئەم میلەتەش دۆخی ڕووبەڕوبوونەوەی توندوتیژیی و ھەڕەشە و گواستنەوە و ڕاماڵین و پەلاماردانی کردوە بە دۆخێکی بەردەوام. وەک پێشتریش باسمکرد تەماھیکردن لەگەڵ ستەمگەر و چەوسێنەردا یەکێک بووە لە میکانیزمەکانی بەرگریکردن لە خود. بوون بە بەعسیی و ساواک و میت، بوون بە جاش و جاسوس و ناپاک، ئەگەرچی چەندان ھۆکاریی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیشی لە پشتەوەبووبێت، بەڵام دابڕاو نەبووە لەو میکانیزمە سایکۆلۆژییەی لە فۆرمی خودنەفرەتیدا کاریکردوە.
لەم سێ دەیەی دواییدا کورد لە عێراقدا لە دۆخێکی سیاسیی و ئابوریی و ئیقلیمیی و جیھانیدا خۆیبینیوە وا دەردەکەوت ئەو دۆخی کەمینەبوون و بە ئاسایشکردنەی خواستەکانی تێپەڕاندبێت و بۆ یەکەمجار خۆی لە ھەرێمێکدا سەروەری خۆی بێت. دەکرا ئەم ئەزموونی کۆتاییھێنانە بە دۆخی کەمینەبوون ببوایە بە ”سەرەتایەکی تازە“ و بە بنەمای سڕینەوە و پەکخستنی سایکۆلۆژیای خودنەفرەتیی. بەڵام ئەم ئەزموونی سەربەخۆبوونە بەڕادەیەک وێران و ناشیرین و بۆگەن بوو، کە نەک کۆتایی بە سایکۆلۆژیای خودنەفرەتی نەھێنا، بەڵکو وزە و ھێز و گوڕێکی ھێجگار گەورە و ھەمەلایەنی پێبەخشیی. نەفرەتکردن لە پارتی و یەکێتییەوە گۆڕا بۆ نەفرەتکردن لە سیاسەت بە مانا گشتیی و سەرەکییەکەی و بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونی سیاسیی میلەتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا. تا ئەو ڕادەیەی کەسانێک لە نەفرەتکردن لە سیاسەتەوە گواستیانەوە بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونەکانی کوردبوون لە ئاستە جیاوازەکاندا: نەفرەت لە مێژوو، لە شۆڕش و یاخیبوونەکان، لە نووسین و ئەدەبیات، لە گشتێتی بوونی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی. تا ئەو ڕادەیەی سڵ لەوە نەکەنەوە کوردبوون و گەمژەبوون و کوردبوون و جاھیلبوون و کوربوون و ھیچنەبوون، بەیەکتری یەکسانبکەن. لە ئێستادا خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا بووە بە پەتا، نەک تەنھا لەناو سیاسەتی کوردیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە، بەڵکو لەناو شیعر و ئەدەبیاتدا، لەناو ڕەخنەی سیاسیی و ڕەخنەیی کۆمەڵایەتییدا، لە ناو نووسینی ڕۆژانە و کتێب و بڵاوکراوەدا، لەناو ڕەخنەی فەرھەنگیی و ئەخلاقییدا ئامادەیە. ئەم دۆخە بەجۆرێکە مرۆڤ واھەستدەکەات ئەم نووسەر و سەرنجنووس و ڕەخنەگرانە چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و شا و خومەینی و ئەسەدیان قەرزکردوە و بۆ سەریکردن و ڕامان لە کورد و لە ئەزموونی کەمینەبوونی لەناو مێژوی خوێناوی سەدەی بیستەمدا.

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان

null

رۆژئاڤای دڵ: