سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

دەستەکان ببڕن !

بڵاوکراوەتەوە لە : 19 ئایار 2020

نوسینی:

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

بەشدار عوسمان

 

(دەستێک) لە پشتەوەی دەستبەسەراگرتنی زەوی و زار و بەرزرکردنەوەی کۆشک و ڤێلا و ئاپارتمانەکانی خۆتان و منداڵ و نزیکەکانتانە ؟ (دەستێک) لە پشتەوەی فەرهودکردنی سامانی ئەو وڵاتە و بردنە دەرەوەی پارەکانیانە،(دەستێک)لە پشتەوەی فەرامۆشکردنی کەرتی تەندورستی گشتیە وایلێهاتووە و هیچ نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی حکومی چاکنابێتەوە ؟! دەستێک لە پشتەوەی دورستکردنی قوتابی و خوێندکاری یەخسیر و نەخوێندەوارە لەرێگای بەحزبیکردنی پەروەردە و فێرکردن و سپاردنی بە کادیرە حزبیەکان، بەڵێ دەستێکی رەش لە پشتەوەی بێ ئیرادەکردن و تێکشکاندنی نەفسیەت و شەخسیاتی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە و سی ساڵە بە پلان و پارە و پەروەردە، ئاگر و ئاسن و توندوتیژی دەستەکەیان درێژتر دەبێتەوە، ئەوە دەستێکی تێکدەرە رێگا نادات جادە و رێگاوبانەکان سەلامەت بن و رۆژانە دەیان قوربانی لێ بکەوێتەوە،ئەوە دەستێکە سێ دەیەیە پلانێکتان دانەنا دوو کارگە و کارخانە بخەنەگەڕ و گەنجەکان بچنە سەر کاری خۆیان و ناچارنەبن ببن بە باخەون و پاسەوانی ماڵ و کۆشک و باخەکانتان،دەستەکانی پشتەوەی بێ ئومێدی و کۆچی گەنجانی ئەو وڵاتە و خنکانیان لە ئیجە، دەستێکی ناشیرینە و دەبێت ببڕدرێت .
ئەوە ئەوپەڕی سووکایەتییه‌ بەرامبەر بەخەڵک، سەروەت و سامانەکەی بۆ خۆت ببەی و لە هەموو سیما و روخسارێکی کۆمەڵگای ئینسانی بێبەشیبکەیت و بچوکترین بەرپرسیاریەتی نیشان نەدەیت لە ژیان و گوزەرانیان،تەنانەت کرێی رۆژانەی کارکردنیان پێ نەدەیت و لەکاتی نارەزایەتییش بە خائین و تێکدەر و نۆکەری بێگانە تاوانباری بکەی و رەوانەی زیندانەکانیان بکەی، ئەو مامەڵانە لە فه‌رهه‌نگی دەسەڵاتێک جێگه‌ی نابێتەوە که‌ تۆزقاڵێک نزیکایەتی بە ماف و ئازادییەکانەوە هەبێت .
ئەوە ئێوەن شارەزایی و ئەزموونی باشتان لەرێگه‌ی تاران و ئەنقەرە هەیە، نەک خەڵکی کوردستان! ئەوە خەڵک نەبووە دەستی خوێنڕێژترین رژێمە دکتاتۆرەکانی راکێشابێ و کارەسات و موسیبەتی بەسەر ئەو کۆمەڵگایە هێنابێت، ئەوە خەڵک نەبووە رێگای دابێت هەرچی دەزگای جاسوسی و سیخوڕی هەیە لەم سێ شارەدا تەراتێن بکەن .
سەیری ئەو بەدبەختییه‌ بکەن، دوایی چەندان ساڵ لە سەبر و ئارامی و سگ کوشینی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ مووچە و کرێی مانگانەکەی دەنگی هەڵبڕیوە، کەچی بە تێکدەر و لە پشتەوەبوونی (دەستێک) تۆمەتباریان کردن، خەڵک چیتر توانای بینینی ناعەدالەتیەکانی نەماوە کە رۆژ لەدوایی رۆژ کێرڤەکەی بەرزدەبێتەوە ،خەڵک دەبینێت و دەبیستێ، دەسەڵاتداران چۆن دەژین و لە چ نازونیعمەتێکدا دەیگوزەرێنن و لەملاشەوە سفرەی هەژارانەتر دەبێت و چارەنوسی مناڵ و قوتابیەکانیشی بە چارەنوسێکی رەش و نادیار دەسپێردرێت.
 پەیامی نارەزایەتی خەڵک روونە و چیتر سوکایەتیان پێمەکەن،ئەوان دەڵێن:  ئێمە کۆشک و تەلارەکانی ئێوە دەبینین و ئێوەش دەبێت بە کەلاوەنی ئێمە ئاشنابن، ئێمە دەزانین ئێوە تێر و پڕن، هیچ بەهانەیەکیش نیە ئێمە برسی  بین. پارە و ئیمکانیاتی زۆر بۆ بڕینی ئەو دەستانە سەرف مەکەن وەکو پێشتر کردوتانە ،هەر ئەوەندە واز لە بزنس و کۆمپانیا و گۆڕینی مۆدیلی ناوماڵ و ئۆتۆمۆبیل و گه‌شتی وڵاتان و تاپۆکردنی زەوی و تەپۆڵکەکان بهێنن و ئەو (دەستە)ببڕن.
(دەستەکانی)پشتەوەی نارەزایەتی کوردستان بۆ نان و مووچە،بۆ ئازادکردنی زیندانیەکان، دەستێکی پیرۆزە و دەبێ بپارێزرێ کە دەستی باشکردنی ژیانی خەڵکە، دەستی گەیشتنە بە ئازادی کە ساڵانێکە بۆی تێدەکۆشێ.

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان

null

رۆژئاڤای دڵ: