خاک وەک بنەمای ژیان
بڵاوکراوەتەوە لە : 1 ئاب 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 1 ئاب 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
خالید سلێمان
مارکس چۆن باسی خاک و ژینگەی کردووە؟
ئەمڕۆ لە کوردستان و عیراق و هەموو دنیادا، خاک ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی بەتاڵکردنەوە دەبێتەوە لە مادە خۆراکییەکان، ئەویش لە ڕێگەی کشتوکاڵ چڕوپڕ و بەکارهێنانێکی بێ پەروای مادە قڕکەرەکان و پیتێنەرو کیمیاییەکانەوە. پاراستنی خاک بووەتە یەکێک لەو بابەتانەی بلۆکێکی گەورەی وەک یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت تەشریعاتی نوێی بۆ دەربکات و لە تێکچوون و لەدەستدان بیپارێزێت، چونکە وەک زانای فەرەنسی مارک-ئەندرێ سێلۆس دەڵێت: خاک بنەمای جیهانە. لەم نووسینەدا دەمەوێ ئاوڕ لە خاک بدەمەوە لای کارل مارکس، چۆن دەیڕوانییە خاک و بەتاڵکردنەوەی لە پیت و بەرەکەت لە لایەن سیستمی سەرمادارییەوە، ئەی سەرچاوەکانی چین و بوون و بۆ باس ناکرێن؟
لە مێژووی ئەدەبیاتی ژینگەییدا، هیچ فەیلەسوفێک بەڕێژەی کارل مارکس فەرامۆش نەکراوە؛ تەنانەت لەلایەن مارکسیستەکان خۆشیانەوە. سەرچاوەی لایەنێکی فەرامۆشکردنەکە، خۆی لە سیستمی نیو- لیبرالیزمدا دەبینێتەوە، کە زەویش تێری ناکات و چاوی بڕیوەتە هەسارەکانی تر. هەرچی سەرچاوەکانی بەشەکەی ترە، خۆیان لە خوێندنەوەیەکی تەمەڵدا دەبیننەوە کە مارکسیزم تەنها لەبەرگی ئابووری سیاسی و تیۆری بەهای کارو بنەماکانی شۆڕشگێڕیدا دەبیننەوە.
زۆربەی ئەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی مارکس دەکرێنەوە کە گوایە لە بەرهەمە فەلسەفییەکانیدا، مەرجە ژینگەییەکانی لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە سروشتەوە بەهەند وەرنەگرتووە، لە چەند خالێکدا دەردەکەون، کە تا کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بەبێ وەڵام مابوونەوە. پۆڵ بورکێت (1956-2004) کە یەکێک بوو لە بیرمەندە مارکسیستەکان لە ئەمریکا، پێی وابوو یەکەم شت ئەوەیە کە مارکس قوربانیی چەمکی بەرهەمهێنان یان پرۆمیتۆسیی بوو کە لەم خاڵانەدا وێنای دەکرد: (ا) پێشکەوتنی سەرمایەداریی هێزی بەرهەهێنان، ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی بە بەرهەمی مرۆیی، بەتەواوەتی دەست بەسەر مەرجەکانی سروشتدا بگرێت؛ (ب) کۆمۆنیزم درێژکراوەو داتشراوی مەیلی سەرمایەدارییە لە پێناو هەژموونی تەواوی مرۆڤایەتی بە سەر سروشتدا؛ (ج) هەردوو سەرمایەداری و کۆمۆنیزم دوژمنایەتییەکی حەتمیی لەنێوان مرۆڤ و سروشتدا دەردەخەن.
دووەم شت ئەوەیە کە شیکردنەوەی مارکس بۆ سەرمایەداریی، بەشدارییەکانی سروشت لە بەرهەمدا دوور دەخاتەوە یان لە بەهایان کەمدەکاتەوە؛ ئەمەش لای مارکس بەشێوەیەکی تایبەت بەسەر تیۆری بەهای کاردا جێبەجێ دەبێت. سێیەم و کۆتا شتیش ئەوەیە کە ڕەخنەی مارکس بۆ لێکنەچووەکانی سەرمایەداریی، پەیوەندی بەسروشت و بەرهەمی سروشتییەوە نیە.
کارل مارکس لە کاتێکدا ڕووبەڕووی لێشاوی ڕەخنەی لیبرالیزم و نیو-لیبرالیزم بووەوە، کە ئیتر سەرەتاکانی گەرمبوونی زەوی و قەیرانی کەشوهەوا دەرکەوتن، بە دیاریکراویی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا. ڕەخنەکانیش گەیشتنە ئاستێک کە تیایاندا فەیلەسوفی ئوسترالی جۆن پاسمۆر بنووسێت: <هیچ شتێک وەک بیروباوەڕی هیگلیی – مارکسیزم زیانی بە ژینگە نەگەیاندووە>. ئەم قسەیەی پاسمۆر دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو لە کتێبی (بەرپرسیارێتیی مرۆڤ بەرامبەر سروشت) کە لە بەشێکی بەرچاوی ئەو کتێبەدا لەسەر ئەوە ڕادەوەسێت گوایە فەلسەفەی هیگلیی- مارکسیزم باڵادەستیی مرۆڤ بەسەر سروشتدا زاڵ دەکات و بە تەواوەتی دەیخاتە خزمەتی مرۆڤەوە. ئەوەش لەو ڕوانگەیەوە کە سروشتی دەست لێنەدراو، شتێکەو دەبێ ملکەچ بکرێت، ئەمەش مەترسییەکەی گەورەیە لە ڕووی ژینگەییەوە.
بە گوێرەی فەیلەسوفی ژاپۆنیی (کۆهێی سایتۆ)، لە دووای کتێبەکەی (پاسمۆر)ەوە، ئیتر ڕەخنەی ئاراستەکراو دەبێتە وێنەیەکی باو دژی مارکس و وێناکردنی ئیرادەگەرێکی (پرۆمیتیۆس) ئاسا، کە تەکنۆلۆژیای پێشەکەوتووی بێسنوور لە سایەی سەرمایەداریدا، وەک ڕێخۆشکەر دەبینێت تا مرۆڤ بە ئارەزووی خۆی یاری بە سروشتەوە بکات.
بە شێوەیەکی گشتی، لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئەوروپاو دنیای نوێیدا (ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیاو نیوز لاند)، وێنەی مارکس وەک داهۆڵێک پیشان دەدرا بۆ ترساندنی باڵندە کۆچەری و کێوییەکان تا دەنکە گەنمێکیان لە کێڵگەکاندا دەست نەکەوێت. سیستمی سەرمایەداریش هاوتەریب لەگەڵ لێشاوی ڕەخنەی ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بۆ سەر مارکس و وێناکردنی وەک سەرکێشێکی پرۆمیتۆسیانەی سەرمایەداریی، خۆی وەک ئاشتبووەوەیەکی درەنگ وەخت لەگەڵ ژینگەی زەویدا دەردەخست. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: لەپاڵ ئەم هێڕشەدا بۆ سەر مارکس و وێناکردنی وەک مەیلدارێکی بێ پەروای زاڵبوون بەسەر سروشتدا، سەرمایەداریی دەیەوێت خۆی بپارێزێت یان زەوی؟ ئەی هۆکاری فەرامۆشکردنی ئەو ڕەخنە بنەڕەتیانە چین وا مارکس لە سیستمی سەرمایەداریی دەیگرتن لەبەکاربردنی خاک و وێرانکردنیدا؟ ئایا هیچ بیرمەندێک، وەک مارکس پشتی بە زانستی کیمیا دەبەست بۆ تێگەیشتن لە تێکدانی پرۆسەی خۆراکگۆڕکێ (Metabolism) لە نێوان سروشت و مرۆڤدا؟
دەکرێ لەم پرسیارەی کۆتاییەوە دەست پێبکەین، چونکە پرۆسەی خۆراکگۆڕکێ یان مادە گۆڕکێ، کە خۆراک تیایدا لای مرۆڤ و هەموو جۆرەکانی تری سەر زەوی، دووای تێکشکان و هەرسکردن دەگۆڕێت بۆ وزە، بەرهەمی سروشتە. ڕەخنەگرە لیبرال و نیو-لیبرالەکانیش مارکس بەوە تومەتبار دەکەن کە تەنها مرۆڤی وەک بەرهەمهێن تەماشا کردووە. لە ڕاستیدا ئەمەش تێگەیشتنێکی هەڵەیە لە مارکس، زۆرجاریش کارێکی بە ئەنقەستەو مەبەست لێی کەمکردنەوەیە لە فەلسەفەی مارکس.
گەڕانەوەیەکی خێر بۆ نامەکانی مارکس بۆ ئینگلز لە ساڵی 1866 بەدواوە، ئەو ڕاستییەمان لا ڕوون دەکاتەوە کە مارکس زانستی لە سەرووی فەلسەفەو ئابووریی سیاسییەوە بینیوە. ئەوەتا لە نامەیەکدا کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 23 شوباتی 1866 باسی کتێبێکی زانای کیمیای ئەڵمانی یۆستۆس ڤۆن لایبیگ دەکات و لە بەرهەمی هەموو ئابووریناسەکان باشتر وەسفی دەکات. لەنامەکەی مارکسدا بۆ ئینگلز-دا هاتووە: من ڕۆژانە دەچووم بۆ مۆزەخانەو (کتێبخانەی مۆزەخانەی لەندەن)و بەشەویش دەمنووسی. پێویست بوو لەسەرم لە کیمیای کشتوکاڵی نوێدا لە ئەڵمانیا قووڵ ببمەوە، تایبەتی لایبیگ و شۆن باین، کە لە ئابووری سیاسی بۆ هەموو چارەسەرە ئابوورییەکان بە یەکەوە گرنگترە.
تەوەری سەرەکی کە کارل مارکس لە زانا ئەڵماییەکەی وەرگرت و تێکەڵکێشی بەشی یەکەمی کتێبی (سەرمایە)ی کرد، چەمکی <لێکترازانی خۆراکگۆڕکێ> Metabolic Rift بوو، ئەویش بە گواستنەوەی لێکۆڵینەوەکانی لایبیگ لە ڕووبەری کارلێکردنی کیمیایی ڕووەکەوە بۆ ڕووبەری کۆمەڵایەتی و ئابووری. نەک تەنها چەمکی خۆراکگۆڕکێ، بەڵکو مارکس پرۆسەی ڕۆشنە پێکهاتنیشی لای ڕووەک گواستەوە بۆ ڕووبەری ئابووری و کۆمەڵایەتی. هەموو پرۆسەکەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەوەی لە ڕووەک لە تیشکی هەتاو وەریدەگرێت دەگەڕێتەوە بۆ خاک. کاتێک ڕووەک وشک دادەگەڕێت مانای ئەوە نیە کۆتایی بە ژیانی هاتووە، بەڵکو دەبێتە خۆراکی وردیلەکانی ناو خاک و سووڕی ژیانی جۆرەکانی ڕووەک نوێدەکاتەوە. خۆراکگۆڕکێش هەر درێژکراوەی ئەم پرۆسەیەیە: ئەوەی مرۆڤ بۆ خۆراک لە خاکی وەردەگرێت، لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیدا دەگەڕێتەوە بۆ ناو خاک، بەڵام سیستمی سەرمایەداریی لێکترازان دەخاتە ئەم پرۆسە سروشتییەوە. یانی، ئەو مادە خۆراکیانەی لە خاک وەردەگیرێن، لە بری گەڕاندنەوەیان بۆ ناو سروشت، لە شارەکاندا دەبنە پاشماوەو دەبنە سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەیی، تەنانەت دەڕژێنرێنە ناو سەرچاوەکانی ئاوی سازگارەوە.
گرفتەکەی کشتوکاڵی چڕوپڕی سەرمایەداریی لەوەدایە کە خاک دەپڕوکێنێت، چونکە لە شیکردنەوەکانی کیمیاناسی ئەڵمانی یۆستۆس ڤۆن لایبیگ-دا، خاک دیارییەکی سروشتیی هەتا هەتایی و بێ کۆتا نیە. کاتێک کشتوکاڵی چڕوپڕ مادە خۆراکییەکانی وەک فۆسفات و پۆتاسیۆم و نایترۆجین لە دیمەنێکی بەروبومی کشتوکاڵیدا لە زەوی وەردەگرێت و ئەم بەروبومانەش دەگوازرێنەوە بۆ ناو شارەکان و جارێکیتر ناگەڕێنرێنەوە بۆ خاک، ئیتر تای تەرازووی سروشت تێکدەچێت. ئەمە ناوی لێدەنرێت سیستمی دەست بەسەراگرتن و دزی Robbery system. جگە لە دروستکردنی لێکترازان لە پرۆسەی خۆراکگۆڕکێدا، ئەم دەست بەسەراگرتنە یەکێکی تر بوو لە چەمکانەی کە مارکس لە (لایبیگ)ی وەرگرتبوو.
مارکس ئەم شیکردنەوەی لەوەدا بینییەوە کە چۆن جیاوازیی لە نێوان شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی لە شارو دێکاندا بکات. لە دێکانداو لە ڕێگەی کشتوکاڵی چڕوپڕەوە خاک لە مادە خۆراکییە بنەڕەتییەکان بەتاڵ دەکرێتەوە، ئەوەش لە پێناو دابینکردنی خۆراک و بەخێوکردنی دانیشتوانی شارەکان، کە دەرەنجامەکەی تێکچوونی پیت و بەرەکەتی خاک دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ. لە شاریشدا، مادە خۆراکییەکان ( مادە زیندووەکان و پاشماوە) لە بری ئەوەی بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو زەوییە کشتوکاڵییەکان، چڕ دەبنەوەو دەگۆڕێن بۆ زبڵ و پیسبوون لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا. لێرەوە، مارکس ئەم لێکترازانە ناسروشتییەی پرۆسەی خۆراکگۆڕکێی نێوان مرۆڤ و سروشتی، کردە یەکێکە بنەمای ڕەخنە لە سیستمی سەرمایەداریی.
بۆ چارەسەکردنی ئەم (ئێلنج) دانەی نێوان سروشت و مرۆڤ، کە دەرەنجامی پڕوکاندنی خاک و بەتاڵکردنەوەیەتی لە مادە خۆراکییەکان، سەرمایەداریی لە سەدەی نۆزدەیەم بەدوواوە، پەنا دەباتە بەر هاوردەکردنی پەیین و پیتێنەر لە شوێنی ترەوە وەک خۆڵەمێش لە میسرو پاشەڕۆی باڵندە لە ئەمریکای باشوور.
لایبیگ لە کتێبەکەیدا ڕەخنە لەم سیاسەتە دەگرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هاوردەکردنی پەیینی وەک (گوانو)، پاشەڕۆی باڵندەو شەمشەمە کوێرەکانی پیرۆ لە ئەمریکای باشوور یان پیتێنەرە سروشتییە کیمیاییەکانی تر، چارەسەرێکی بەردەوام و تەواو نیە، بەڵکو کورتخایەنەو بەشێوەیەکی کاتیی قەرەبووی کەموکوڕییەک لە شوێنێکدا دەکات، بەڵام دەبێتە هۆی دزینی سامانی شوێنێکی تر، بەبێ چاککردنی ئەو بازنەیەی سووڕی خاک و خۆراکی تیا دروست دەبێت.
لێرەوە، مارکس کۆڵەکەیەکی زانستیی لە نووسینەکانی یۆستۆس ڤۆن لایبیگ-دا بینییەوە بۆ دەوڵەمەند کردنی پێشهاتە بنەڕەتییەکانی دنیابینی خۆی دەربارەی پیت و بەرەکەتی خاک و بەکارهێنانی لەلایەن مرۆڤایەتییەوە. ئەویش بریتییە لەوەی کە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی بەتەنها هێزی کار ناپڕوکێنێت، بەڵکو سەرچاوە بنەڕەتییەکەش دەپڕوکێنێت کە ئەویش زەوی و سروشتە. لایبیگ لەسەر ئەوە یەکانگیر بوو کە بەکارهێنانی بێپەرواو قازانجی کورت مەودا، دەبێتە هۆی وێرانکردنی دوورمەودای بنەما ماددییەکانی کشتوکاڵ، ئەمەش یەکانگیر بوو لەگەڵ ڕوانگەی مارکس لە شیکردنەوەی سەرمایەداریدا کە ئامانجی قازانجی و خێراو کەڵەکە کردنی سەرمایەیە لەسەر حیسابی بەردەوامیی خاک و ژیانی کۆمەڵایەتی.
هەر لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینە مارکس بەم شێوەیەی خوارەوە باست بەرهەمێنانی سەرمایەداریی دەکات کە چۆن دەبێتە هۆی تێکدانی خۆراکگۆڕکێ لە نێوان سروست و مرۆڤدا. <بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی دانیشتوان لە شارە گەورەکاندا کە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەردەوامی دانیشتوان، لە لایەکەوە هێزی پاڵنەری مێژوویی بۆ کۆمەڵگە چڕ دەکاتەوە، لە لایەکی تریشەوە تەرازووی مادە لە نێوان مرۆڤ و خاکدا لاسەنگ دەکات. بە واتای ئەوەی کە ڕێگە لەوە دەگرێت ئەو خەسڵەتانەی مرۆڤ بۆ خۆراک و جلوبەرگ لە خاک وەریدەگرێت، جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ناو خاک، ئەمەش پێشێلکردنی مەرجە پێویستەکانی بەردەوامیی خاکی بە پیتە. بەم کارەش، لە یەک کاتدا تەندروستی کارێکاری شارو ژیانی فیکریی جوتیار تێکدەدات. بەڵام لە کاتێکیشدا، کە هاوسەنگیی دۆخی سروشتیی پێویست بۆ بەردەوامبوونی سووڕی مادە تێکدەدات، بەهێزەوە داوای گەڕانەوەی ئەو سووڕە دەکات وەک سیستمێک، وەک یاسایەکی ڕێکخراو بۆ بەرهەمی کۆمەڵایەتی، بە داڕشتنێکی گونجاو تریش بۆ پەرەسەندنی تەواوی جۆری مرۆیی>. بەلای کارل مارکس-ەوە <هەر پێشکەوتنێک لە کشتوکاڵی سەرمایەداریدا، نەک تەنها پێشکەوتنە لە هونەری تاڵانکردنی کرێکاردا، بەڵکو تاڵانکردنی خاکیشە؛ هەر پێشکەوتنێک لە زیادکردنی پیت و بەرەکەت بۆ خاک و لە ماوەیەکی دیاریکراودا، ئەوە پێشکەوتنە بەرەو وێرانکردنی سەرچاوەکانی ئەو بەرەکەتە بەردەوامە.[1]
هەر لە هەمان چوارچێوەدا، مارکس ئاماژە بۆ کتێبێکی تر دەکات و نووسەرەکەی وەک سۆسیالیستێک وێنای دەکات بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت کە سۆسیالیستییە. ئەو نووسەرەش زانای کشتوکاڵی ئەڵمانی (کارل فراس)ە، خاوەن کتێبی (مێژووی کەشوهەواو جیهانی ڕووەک لە چاخەکاندا) کە ساڵی 1847 بڵاوبووەتەوە. مارکس خوێندنەوەی ئەم کتێبە بەگرنگ دەزانێت، چونکە ئەو دەسەلمێنێت کە کەشوهەواو ڕووەک لە چاخە مێژووییەکاندا دەگۆڕێن. جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێشکەوتنی کشتوکاڵ بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ کۆنترڵکردنێکی هۆشیارانە، دەبێتە هۆی لەدەستدانی شێی خاک، کە ئەمەش ڕەوکردنی ڕووەکی لێدەکەوێتەوە لە باشوورەوە بەرەو باکوور. دەرەنجامیش بیابان و لەدەستدانی خاک دەبێت. کارل فارس یەکێک بوو لەو زانا ئەوروپییە دەگمەنانەی کە کۆتاییەکانی نێوەی یەکەی سەدەی نۆزدەیەمدا، باسی کاریگەریی چالاکیی مرۆیی و شارستانیی لەسەر خاک و کەشوهەوا لە میسری کۆن و میزۆپۆتامیا و ئێراندا کرد.[2]
[1]- Karl Marx - Capital Volume I
2010 Lawrence & Wishart Electric Book
[2] - Karl Marx, Frederick Engels: Collected Works, volume 24