فیل بە ئاسمانی كوردستانەوە
بڵاوکراوەتەوە لە : 19 نیسان 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 19 نیسان 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
رەحمان غەریب
ناچێتە عەقڵەوە، ئەمە تەنها زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت دەستكاری ئەم راستییە بایۆلۆژی و فیزیكییە بكات، لەو كاتەیشدا بۆ فیلم كارتۆنی منداڵان گونجاوترە، نەك بینەرو بیسەری بەدبەختی سەروو 18ی هەرێمی كوردستان، فیل بەو قەبارەو قورساییەوە چۆن وەك باڵندەیەك بە ئاسماندا دەفڕێت؟، ئەمە مەحاڵە.
مەحاڵبوونی گۆڕینی فیل بۆ باڵندە، چۆن باڵندەیەكیش؟! (باڵندەیەكی ناڕازی)، وەك مەحاڵبوونی میدیای دەسەڵات یان میدیای شاگردەكانی دەسەڵات، یان ئەوانەی لە فرێزەری میم سین بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ئامادە كراوان، یان شوێنكەوتووانی پارەی سیاسیی دەسەڵاتە، یان ئەوانەی لەژێر فشار و هەڕەشە سەنگەری ئۆپۆزسیۆنیان چۆڵكرد، بە موعجیزەیەك بێنە بەرەی ناڕازی.
ئەمە درۆیەكی تێپەڕ نییە، بەڵكو درۆیەكە تەواوی گوتاری میدیایی لەسەر بنیاتنراوە، جارێك شاشەكانیان لەڕێی بریكارەكانیان لە حەشامەتی بەناو رۆشنبیر و دالی زانكۆ و سەربازی حزب پڕدەكەنەوە، بەشێوەیەك جوانكاری بۆ دەكەن سەرسام بیت، جارێكیش بەناوی چاودێر و رۆژنامەنووسی شوێنكەوتووی پارەی سیاسی، شەڕی بەوەكالەتیان بۆ دەكەن و دەبنە وتەبێژی فەرمیی ئەوقاف و تەندروستی و ناوخۆ.
كێشەم لەگەڵ سوپرایزەكانی میدیای دوو حزبی باڵادەست نییە، چونكە زۆرن، كێشەم لەگەڵ دووڕوویی و ئەو گاڵتەجاڕییەیە كە پێیوایە دونیای ئێمە بڕوای بەو موعجیزەیە كردووە و دەسەڵات بۆی هەیە میدیاكەی ئۆپۆزسیۆن بێت، حزب بۆی هەیە خۆی لاونیوێكی لەناو دەسەڵاتدا بێت، بەڵام ستۆدیۆی كەناڵەكەی بكاتە چایخانەی ناڕازییەكان.
پارتی و یەكێتی بوون بە مەعمەلی بەرهەمهێنانی حزبی موعارەزەی ساختە بۆ هەڵبژاردنەكان، میدیا و رێكخراوی پاشكۆ، رۆشنبیری وابەستە، چالاكوانی سیاسیی بەناو سەربەخۆ. بەم رۆژگارە لەڕێی بەرتیلی مانگانەوە بە دەمامكی ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی ناڕازی گروپ و حزبی ساختەچی دروستدەكەن.
ئەم دووڕوویی و گاڵتەجاڕییە، ئەم گوتارە دەمامكدارەی میدیای دەسەڵاتی كوردی، ئەم فێڵانەی بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و میدیای ساختەچیی بەناو ئۆپۆزسیۆن دەیكەن، بێبایەخكردنی ئاشكرای هۆشیاریی هاوڵاتیانە، كە ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێت: تۆ گێلیت شایەنی پێكەنینیت.
ئەم بازدانە سیاسییە، ئەو حاڵەتە سەرسوڕهێنەرەی ئەمانەی كردووە بە معارەزەی سیاسی و چالاكوانی سەربەخۆ، تەنها كاتێكدا روودەدات، كە چەرمی روو قایم بێت، یان مەسروفی حزب و گروپ و میدیاكان لە ئیدارەكانی پارەی یەكێتی و پارتی بێت.
ئەم ترێندە وەرزییەی بەشێكی میدیای سێبەرو رەسمیی دەسەڵاتداران، ئەم گوتارە ریسایكڵكراوەی ژووری هەواڵیان بە هێرشی سیاسی، وەك ئەوەی حزبەكەیان بڕبڕەی دەسەڵات نەبێ، یان چەواشەكردنی هاوڵاتیان نەوەستاوە، ئێستا كۆمەڵی دەمامكدار بەناوی ئۆپزسیۆن، كۆمەڵێ گروپی خۆبەخش تەخوین دەبەخشنەوە و گومان دەخنە سەر دڵسۆزی ئەوانەی لەگەڵ خۆیان و كۆمەكبەخشەكانیان جیاوازن.
بەبازاڕكردنی هەندێ بەناو ئۆپۆزسیۆن كە دەمێكە لەساردكەرەوەی میم سینەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵگیراون، ئێستا بۆ شەڕی سیاسەت و قوڵكردنەوەی رروحی ناوچەگەری دەردەكەون و، فێستیڤاڵێكمان لە درۆ و دەمامك و فریودانمان پیشان دەدەن، كە هەموو لە یەك كاتدا معارەزەن، لەهەمان كاتیشدا وتەبێژی حزب و تەعزییەخانە و ئاسایش و خەستەخانە، لەهەمان كاتدا پارێزەری كەرامەتی ڕووشاوی حزبن.