Draw Media

لە بایكۆتی سیاسییەوە بۆ بایكۆتی كۆمەڵایەتی

لە بایكۆتی سیاسییەوە بۆ بایكۆتی كۆمەڵایەتی

2018-05-24 11:28:41


(درەو میدیا):
خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكانی سلێمانی لە پەیوەندی سیاسییەوە پەڕییەوە بۆ پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش.
هێشتا تارمایی نیگەرانییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایار نەڕەویوەتەوە، ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی پەیوەندی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەتەواوەتی لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی عادل موراد سەرۆكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی و یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە بەدی كرا.
ئەمڕۆ تەرمی عادل موراد لە ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە بۆ سلێمانی و لە مەراسیمێكدا لە گردی (سەلیم بەگ) بەخاكسپێردرا.
ئەوەی جێگەی تێبینی بوو، سەركردەی هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییە ركابەرەكانی یەكێتی لە مەراسیمەكەدا نەبینران بەتایبەتی سەركردەكانی (بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری)، كە مێژویەكی هاوبەشی كاركردنیان لەناو یەكێتی نیشتیمانی هەیە.
تەنانەت سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە مەراسیمەكەدا نەبینران، رەنگە ئەمە هۆكارەكەی بۆ رەخنە بەردەوام و توندەكانی عادل موراد لە پارتی بگەڕێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشدارینەكردنی سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەراسیمی هێنانەوە و بەخاكسپاردنی تەرمی عادل موراددا پەیوەندی بە رووداوەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و هێرشی سەر گردی زەرگەتەوە هەیە.
ساردبونەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی نێوان سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان لە مەراسیمی ساڵیادی كۆچی نەوشیروان مستەفا بەدی كرا كە 19ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هۆكاری نائامادەگی سەركردەكانی یەكێتی لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان بەهۆی خۆپاراستنیان بووە لە توڕەیی جەماوەری گۆڕان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و زانیاریش هەیە سەركردەكانی گۆڕان ئاگاداریان كردوون پێیان باش نییە بەشداری ساڵیادەكە بكەن.
جگە لە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراستی و دادپەروەری و سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە مێژوویەكی هاوبەشی خەباتی شاخ و شاریان لەگەڵ یەكێتی هەیە، هیچ یەكێك لە سەركردەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامیش لە مەراسیمی هێنانەوە و بەخاكسپاردنی تەرمی عادل موراددا نەبینران.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand