سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران 

Draw Media

2021-06-13 09:37:06



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

ئێراننامە (9)


کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ٤٣یەمین ساڵی تەمەنییدایە، هەنووکە پاش تێپەڕاندنی چوار دەیە، یەخانگیریی چەندین گرفتی ڕیشەیی بووەتەوە، پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: یەخانگیرییەکانی (ئاڵنگارییەکانی) بەردەم سیستەمی سیاسیی ئێران چین و سەرکۆماری نوێ لەکوێی پرۆسەی چارەسەردایە؟ 
بۆ تێگەیشتن لە قەیرانەکانی نێو شیرازەی سیاسیی ئەو وڵاتە، دەکرێت لە سێ بازنەدا بابەتەکە لێکبدرێتەوە و دابەش بکرێن:
١. بازنەی نێوخۆیی شۆڕش و دیدگای بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.
٢. بازنەی کۆمەڵگەی ئێرانی و دابڕانی دەسەڵات و کۆمەڵگە و مەسەلەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی پرۆسەی سیاسی.
٣. بازنەی نێودەوڵەتی، کە دابڕانی ئێرانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جۆری سیاسەتەکانی لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا. کە ئەمەش ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.
بەشێک لە تەگەرەکان، لەلایەکەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ڕەوایەتیی دەستور و شۆڕش و سیستەمی سیاسیی و بەشداری هاووڵاتییەکانییەوە هەیە، بەشێکیشیان دەرهاویشتەی نێو ململانێکانی سفرەی شۆڕشن، لەلایەکی دیکەوە لەبەردەم پرسێکی چارەسەرنەکراوی مافی سیاسی و مەدەنی پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکاندا، کە هێز و لایەنی سەرەکیی نێو ئێرانی ناچارکردووە ئێران جێبهێڵن و خەباتی سیاسی-چەکداریی بگرنەبەر بۆ یەکلاکردنەوەی مافەکان. 


بەڵام ئەم پۆلێنبەندییە بەواتای ئەوە نایەت کێشە و قەیرانەکان کاریگەرییان بەسەریەکەوە نییە، بە پێچەوانەوە ئەم پرسانە کاریگەر بەیەک و کارتێکراوی یەکن و یەکتر بەرهەمدەهێننەوە و بازنەکانیان پێکداچوون.
بۆ ڕاڤەی ئەو پۆلێنبەندیەی یەخانگیرییەکان و تێگەیشتن لە تەرجەمەی ئەو چوارچێوە تیۆرییەی قەیرانەکان، دەکرێت بەرجەستەتر، کێشەکان بەم شێوەیە ڕیزبکرێن:
١. پرسی دەستوور:  ئێران لە مێژووی سیاسییدا، بەدەستوورێک ئاراستە دەکرێت، جیا لەوەی سەرچاوەی ڕەوایەتەتی کە ڕووبەڕووی بەشداریی خەڵک و بایکۆتی پێکهاتەکان بوویەوە لە ئانی پەسەندکردنیدا و هەروەها جۆری سیستەمەکەی (مەزهەبی-ناوەندگەرا)، کە پرسیاری لەسەر ڕەوایەتی دروستکردووە، تەنها جارێک هەموار کراوەتەوە، کە دیسانەوە خۆی نەدا لە کێشەی جیاکارییە نەتەوەیی(کورد،بەلوچ و عەرەب..تاد) و مەزهەبی(سوننە، مەسیحی، زەردەشتی و ...تاد) و ڕەگەزییەکان(مافی ژن و بەشداریی سیاسی لە مەسەلەی پۆشاکەوە بیگرە تا بەشداریی سیاسی). ئەم دەستوورە لەبنچینەدا بۆ چارەسەر و دەرچەسازیی کێشە قوڵەکانی ئێران نووسراوە، بەڵام لە ئێستادا خۆی بووەتە کێشە و بەربەستی چاکسازیی سیاسیی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا، نەک هەر ئەوەش بەڵکو لەسەر چەندین ئاست مەترسی ئاسایشیی، سیاسیی و سەروەریی بۆ وڵاتەکە دروستکردووە. زەقترین کێشەی دەستووریش خۆی لە مەسەلەی شیعەتەوەری و دوانزەئیمامێتی مەزهەبەکەیدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیە هەر بیرکردنەوەیەک لە چارەسەر پێویستی بەوەیە، بەر لەگەڕانەوە بۆ خەڵک دەبێت بۆ سنوورەکانی فیقهی سیاسیی شیعەی دوانزەیی بگەڕێنەوە. ئەمەش لەهەندێ پرسدا گۆڕانکاریی ئەستەم کردووە، بەتایبەت لە مەسەلەی مافی مەدەنی و سیاسیی هاوچەرخ و پرسی ڕەگەزییدا(مافی ژن).
٢. ڕەوایەتیی سیستەم: لە سەدساڵی ڕابردوودا لە ئێراندا دوو بیدعەی سیاسیی بێڕیشە داهێنران، یەکەم: نەتەوەسازیی و ئێرانچێتی، دووەم: ویلایەتی فەقیه.
یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕەزاشای پەهلەوی و نوخبەی ڕۆشنبیری دەسەڵاتگەرا، کە ئێرانچێتیان لەڕێی سیاسەتی کولتووری و فشاری سیاسیی و سەربازییەوە بەسەر نەتەوە نافەرسەکاندا سەپاند. ئەمەیان هەر لە زووەوە تا ئێستا لەلایەن کورد و بەلوچ و عەرەبەکانەوە ڕەتکرایەوە و تورکە ئازەرییەکانیش کەمتازۆر ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە. لەئێستا لەهەرکات زیاتر پایەکانی بیدعەی نەتەوەسازیی ئێرانی دەلەرزن. لەلایەک بەهۆی ستەمی درێژخایەن و بێبەشی مافە کولتووری و سیاسییەکانەوە، لەلایەکی ترەوە بەهۆی جۆری مۆدێلی حوکمڕانی شیعەتەوەر کە مەزهەب چەقە، پرسی مافی نەتەکانی دیکە لە ئێراندا زیندووتر بوویەوە.


دووەمیش مەسەلەی ویلایەتی فەقیهە کە لەڕووی سیاسییەوە بە وەک "ویلایەتی عامە" داهێنراوی خومەینیی و هاوڕێکانیەتی، کە تێیدا نەک مەرجەع بەشداری پرسی سیاسیی دەکات، بەڵکو لە لوتکەی ئەو سیستەمە سیاسییەدا جێگەی خۆی دەگرێت و بەشداری ورد و درشتی مەسەلەکان دەکات. ویلایەتی فەقیه ڕاستە کۆمەڵگەی شیعەی ئێرانی یەکدەخات و دەسەڵاتبەخشە بە نوخبەی مەزهەبی و شۆڕشیی نێو کۆمەڵگەی ئێران، بەڵام هاوکات، جیاکاری و ململانێ لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا دەسازێنێت، لەنێوخۆشیدا دەسەڵاتخوازیی و سەرکوتکاری بەرهەمدێنێت و لەم پێناوەشدا ڕاجیاوازی لەسەر جۆر و سنوور و شێوەی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی وەلی فەقیه دروست بووە. بۆ ئێران لەسەدەی نوێدا و بە پاشخانێکی ڕۆشنبیریی فراوان و ئامانجدار و خاوەن خەونی هاوچەرخێتی و دنیاگەرا، ئەمە گەورەترین کۆسپ و لەمپەر دەبێت و بەجۆرێک پرسی لەسەر ڕەوایەتی پۆستەکە دروستکردووە و ترازانی نێوکۆمەڵگەی فراوانتر کردووە.
لەسەردەمی ڕێبەری یەکەمدا (خومەینی) توانرا ویلایەتی فەقی لە دەستوور و کۆمەڵگەدا بچەقێنرێت، بەڵام لەسەردەمی خامینەییدا لەبەر جۆری بەکارهێنان دەسەڵات و لاگیرییە باڵباڵێنییەکان، پرس لەسەر ڕەوایەتی درووست بوو، ڕاستە خامینەیی توانیی ویلایەتی فەقیه و فیقهی شیعە لە ئێراندا دەزگایی بکات و بیخاتە سەرسکە، بەڵام لەڕووی ڕەوایەتییەوە لەرزۆکی کرد و هەر لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێشنیارگەلێک لەنێوخۆی سەرانی نوخبەی دەسەڵاتدا خراوەتەڕوو کە سنووری دەسەڵاتەکەی کەمدەکەنەوە یان دابەشی دەکەن یان داوای شوراییکردنی ماڵ و دەسەڵاتی ڕێبەریی دەکەن.
٣. درزی ئەمنی و سەروەریی وڵات، گەر بە دیققەتەوە سەیری شارە سنوورییەکانی ئێران بکرێت، دەزانرێت، بە پێچەوانەی فارس-شیعە تەوەریی دەستوورەکەوە، شارە سنوورییەکانی ئێران بە گەلانی ناشیعەی نافارس تەنراوە(کورد، عەرەب، بەلوچ و تورکمان و تاڵش ...تاد) و لەدەرەوەی سنوورەکانیشی هەمان شت. گەر دەستوور شیعە و نوخبەی دەسەڵاتی یەکدەست کردبێت، ئەوا جیۆپۆلەتیکی وڵات پێچەوانەی ئەو گوتارە سەپێنراوەی نێو دەستوور، واقیعێکی دیکە هەیە، کە ئەو سنوورە سیاسی-جوگرافییەی ئێران، بووەتە هەڕەشەی سەر سەروەریی وڵاتەکە و هەردوو بیدعە سیاسییەکە کە باسکران (نەتەوەسازیی زۆرەکی و ویلایەتی فەقیهی سەپێنراو). ئەمەش هەنووکە هەڕەشەی ڕاستەقینەیە بۆسەر سەروەریی و دەسەڵات، گەلانی نافارس و ناشیعەی پەراوێزخراوی نێو ئێران وەک دەبینرێت هەردەم لە هەلێک دەگەڕێن هەڕەشە دەستووریی و سیاسییەکانی سەریان بکەنە هەلێک و جیابوونەوە یان فیدراڵیزم وەک گوتارێک بچەسپێنن و تا لە ڕۆژگارێکی نزیکدا کۆتایی بەو جیاکارییە بهێنن.
٤. هەناردەکردنی شۆڕش: ڕاستە لەهەندێ حاڵەت و ماوەدا هەناردەکردنی شۆڕش کە بنەمایەکی دەستووریی و سیاسیی هەیە و ئێرانی ئێستا باوەڕیی پێیەتی ئەویش لایەنگرییکردن و ناردنەدەرەوەی شۆڕشە بۆ دەرەوەی سنوور و کاریشیان لەسەرکردووە، لەساڵانی ڕابردوودا لە لوبنان، عێراق، یەمەن، سوریا و بەجۆری دیکەش لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ئەفریقاش وێنەدانەوەی ئەم بنەمایە بینراوە.
بەڵام هەر ئەم سیاسەتەی کە جۆرێک هەژموونی سەربازیی داوەتە ئێران، هاوکات پەراوێزیی و دابڕان و ئابوورییەکی بەرەوهەرەسیشی بە نسیبی ئێران کردووە. بەڕیوەبردنی میلیشیاکانی قودس و ئەوانی دیکە هەم تێچوونی سیاسیی و هەم ئابوورییشیان بۆسەر ئێران هەیە، هاوکات لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە هێزێکی دەرەوەی سیستمی نێودەوڵەتی و واقیعگەرا لەقەڵەم دەدرێت، هەرئەمەش وای کردووە جەمسەربەندی و سەنگەربەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرامبەری دروست ببێت.
٥. توێژاڵهەڵدانی شۆڕش و پاکسازی: یەکێکی دیکە لە قەیرانە کەڵەکەبووە سیاسییەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئیران، بەتێکڕایی و بەنزیکەیی هەر دەساڵ جارێک، سفرەی تەنگی شۆڕش بەشێک لە کوڕەکانی دەردەکات. ئەو بێبەریکردنە هەر لە ساڵانی ١٩٧٩ەوە دەستی پێکرد، بە هەڵگیرسانی جەنگی هەشتساڵە هەل هاتە پێشەوە یەکەم توێژاڵی شۆڕش هێزە نەتەوەیی و چەپەکانی نێو ئێرانی دوورخستەوە و ناچاری کردن بەکشانەوە لەپرۆسەی سیاسیی و دواجار لە ئێرانیش ڕۆشتنەدەرەوە، وەک هێزە کوردستانییەکان، موجاهدین، چەپەکان...تاد.
قۆناغی دووەم: پەراوێزخستنی ئیسلامییە دیموکراتەکان و ڕۆشنگەرە دینییە هاوچەرخەکان، وەک پەراوێزخستنی میراتگرانی بزوتنەوەی نیهزەتی ئازادی و یارانی کەسانی وەک تاڵەقانی و شەریعەتی و ...تاد.


قۆناغێ سێیەم: پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی دەستی یەکەمی ڕیفۆرمیستان و  دەستبەسەرکردنی سەرکردەکانیان و هێنانەپێشەوەی نوێنەرانی دەستەدووی ئەوان و بەنوێنەرناساندنی کەسانی وەک ڕەفسەنجانی و ڕوحانی بە ڕیفۆرمیست! کە ئەمە هیچ نەبوو ئەوە نەبێت کە بەشێک بوو لە پاکسازیی ڕیفۆرمیستەکان لە هەرەمی سیاسییدا.
قۆناغی چوارەم: کە پێدەچێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوو ساڵی پەرلەمانی ڕابردووەوە دەستی پێکردبێت، کە شورای پاسەوان پیادەکاری ئەم پرۆسەیە بووە و دەبێت و لەڕێگەی ڕەتکردنەوەی کاندیدانەوە بۆ هەڵبژاردنەکان، جار دوای جار پاکسازیی نێو کوڕانی شۆڕش پەرەدەسەنێت.
کەواتە قەیرانەکانی ئێران بەرلەوەی حکومەت و خزمەتگوزاری بن، قەیرانی سیستەمیین و بە سەرۆک کۆمار و کابینەی حکومەتی چارەسەر نابن، بەڵام سەرۆک کۆمار بۆ قۆناغی پاش خامینەیی گرنگە هاودید و تەبابێت لەگەڵ دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان و نوخبەی نێو شورای نیگەهبان  (کە ڕێبەری ئایندە دیاریدەکەن). هەروەها سەرکۆماری ئایندە ڕەنگە بەشداربێت لەو سێکوچکەیەی کە پاش نەمانی ڕێبەر، بەپێی دەستوور جێگەی ڕێبەر دەگرنەوە، تا ئەوکاتەی ڕێبەری نوێ دیاری دەکرێت. بۆیە گرنگە نوخبەی دەسەڵات بە یەکلاکردنەوەی سەرۆککۆمار لەخزمەتی ئامانجی شۆڕشدا یەکلایی بکەنەوە نەک لەخزمەتی خەڵک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییدا، چونکە هیچ یەک لە دۆسێکانی وەزارەتی دەرەوە، دەستوور، ناردەنەدەرەوەی شۆڕش و مافی نەتەوەکانی دیکە لەدەسەڵاتی سەرکۆماردا نییە و تەنانەت گەر ڕادیکاڵێکی دژ بە کۆماری ئیسلامیش دەربچێت، بەو چارەسەر نابن.

ئێراننامە : زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو.
 

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand