Draw Media

عەبادی.. لە وەستای ئەسانسۆرەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران

عەبادی.. لە وەستای ئەسانسۆرەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران

2018-05-08 15:32:30


راپۆرت: رۆیتەرز
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت

ساڵی 2014 خەڵكێكی زۆر كەم لە دەرەوەی عێراق ناوی حەیدەر عەبادییان دەزانی، كاتێك لە كەسایەتییەكی تاڕادەیەك نەناسراوەوە بوو بە سەرۆكی وڵاتێك كە بە بارێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕی.
عەبادی وەكو كاندیدی چارەسەری مامناوەند لەدوای دورخستنەوەی نوری مالیكی لە ململانێكان لەسەر دەسەڵات دەركەوت، لە مانگی ئەیلولی ئەو ساڵەدا دوای دوو مانگ لە كۆنترۆڵكردنی روبەڕێكی بەرفراوانی خاكی عێراق لەلایەن رێكخراوی داعش و راگەیاندنی خەڵافەت، عەبادی بوو بە سەرۆك وەزیران.
دوای چوار ساڵ عەبادی ئاڵنگاری پێشبینی سوپایەك لەو كەسانەی كرد كە گومانیان لە تواناكانی دەكرد.
سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا راگەیاند و ئاگری ئاڵۆزییە تائیفییەكان كوژراندەوە كە مالیكی خۆشی كردبوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سوننیدا چاككرد و پارێزگاری لە یەكێتییە لەرزۆكەكەی عێراق كرد بە روبەڕوبونەوەی هەوڵێكی شكستخواردووی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی.
هەروەك عەبادی كاریكرد بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە ناكۆكەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا وەكو دوو پاڵپشتكاری سەرەكی خۆی.
عەبادی پێشتر ئەندازیاری كارەبا بووە، ماوەیەك لە ماوەكان بەرپرسی بەشی چاككردنەوەی ئەسانسۆر (مصعد)ەكانی ئێزگەی بەریتانیا (بی بی سی) بووە، لەو ساڵانەی كە بەناچاری لە بەریتانیا پەناهەندە بوو. ئەو گرەو لەسەر ئەو دەستكەوتانە دەكات كە لە پۆستەكەیدا بەدەستیهێناون بۆ بردنەوەی ویلایەتی دووەم لەو هەڵبژاردنەدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت. بەڵام سەركەوتن زامن نەكراوە.


وەكو هەموو ئەوانەی كە لەدوای روخانی سەددام حسێنەوە لە ساڵی 2003 پۆستی سەرۆك وەزیرانیان وەرگرتووە، حەیدەر عەبادی (66 ساڵ) سەربە پێكهاتەی زۆرینەی شیعەیە، بەڵام دەنگی شیعەكان، كە وەكو هەمیشە پێویستە بۆ بردنەوە و وەرگرتنی مافی پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی، دابەشبووە.
بەپێچەوانەی مالیكییەوە كە ئەو شیعانە سەرسامن پێی كە ترسیان لە دابەشكردنی دەسەڵات هەیە لەگەڵ كەمینەی سوننە و كورددا، عەبادی روبەڕوی هادی عامری دەبێتەوە كە فەرماندەیەكی جەنگییە و وەكو یەكێك لە پاڵەوانەكانی شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تەماشادەكرێت.
عەبادی هەستی بەوە كردووە كە ناكرێت بە تەنیا گرەو لەسەر دەنگی شیعە بكرێت، ئەو چاوی لە بنكەیەكی فراوانتری دەنگدەرانە. عەبادی لە هەموو ناوچە جیاوازەكانی عێراق بە لیستێك "هاوپەیمانی سەركەوتن- نەچر" هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، ئەوەش تاكە هاوپەیمانێتییە كە لەسەر ئاستی هەر 18 پارێزگاكەی عێراق بەشداری هەڵبژاردن بكات.
بەدر فەحل كە پەرلەمانتارێكی سوننەیە لە پارێزگای سەڵاحەدین و دەیەوێت بۆ چوارەمینجار ببێتەوە بە ئەندام پەرلەمان، لیستەكەی عەبادی هەڵبژاردووە بۆ چونەناو هەڵبژاردنەكانەوە، چونكە لیستەكە هەموو پێكهاتەكان لەخۆدەگرێت و كەسی پەراوێز نەخستووە.
بەدر فەحل لە بارەگای هاوپەیمانی سەركەوتن لە تكریت بە (رۆیتەرزی) وت" بەڕێز عەبادی كوتلەیەكی پێكهێناوە كە تائیفیەتی تێپەڕاندووە. ئەو تاكە كوتلەیە لە ساڵی 2003 وە. ئەو كوتلەیە پێكدێت لە 18 پارێزگا، هەموو پارێزگاكانی عێراق، لە سوننە و شیعە و كورد و مەسیحی و ئێزدی".
ئاماژەی بەوەكرد" هەست دەكەین بەڕێز عەبادی گوتارێكی تائیفی نییە، دەیەوێت وڵات بنیادبنێت، پشتیوان بەخوا قۆناغی داهاتوو قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و بنیادنان دەبێت".
فەحل وتی عەبادی لە پارێزگا سونییەكان ئازادی تەواوی بە هاوپەیمانە سیاسییەكان داوە لە هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەسەر لیستەكەی. رونیكردەوە كە لیستی هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای سەڵاحەدین هەمویان سوننەن.


وتاری سەركەوتن
تەنانەت عەبادی مانگی رابردوو سەردانێكی دەگمەنی كرد بۆ پارێزگا كوردییەكان، ئەمە سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك هیچ كەسێك وای نابینێت دەرفەتێكی وەهای لەبەردەمدا بێت بۆ راكێشانی كاندیدە كوردەكان كە هێشتا توڕەن لەو هەڵمەتەی كە دوای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە مانگی ئەیلولی رابردوو، كردیەسەر هەرێم كە بەشێوەیەك لە شێوەكان حوكمێكی ئۆتۆنۆمی هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە عەرەبە سوننەكان هەست بە هەندێك توڕەیی دەكەن بەرامبەر بەو حكومەتەی كە شیعە سەرۆكایەتی دەكات بەهۆی ئەو جەنگ و وێرانكارییەی كە بەر زۆرینەی ناوچەكانیان كەوت لەگەڵ هاتنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا.
بۆیە سەرباری ئەمەش زۆر كەس عەبادی بە باشتر سیاسەتمەدارەكانی تری شیعە دەزانن، چونكە خۆی لە تائیفیەت بەدور گرت، بەڵام ئەمە نابێت بە دەنگ بۆ كاندیدەكانی.
هەروەها روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە بەهۆی بەردەوامبونی گەندەڵی و سەختی دۆخی ئابوری كە بەهۆی شەڕو رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان لەلایەن حكومەتەوە، قورستر بووە، هاوكات هەڵوێستی پاڵپشتیكارانەی ئەو بۆ كەرتی كار لە وڵاتێكدا كە زۆرینەی خەڵكەكەی فەرمانبەری دەوڵەتن و متمانەیان بە كەرتی تایبەت نییە.
مەحمود غەزبان كە خوێندكارە لە شاری نەجەف كە شارێكی پیرۆزە لای شیعەكان وتی" عەبادی پیاوێكی رۆشنبیر و سیاسییەكی تەوافوقییە، بەڵام كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكانی بۆ هێناین".
عەبادی دركی بەم خاڵە لاوازە كردووە، بۆیە گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی جەخت لەسەر شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەكات.
عەبادی لە كانونی یەكەمدا سەركەوتنی راگەیاند دوای هەڵمەتێكی سەخت كە سێ ساڵ بەردەوام بوو بۆ رزگاركردنی عێراق لەو توندڕەوانەی كە لە ماوەیەك لە ماوەكاندا دەستیان بەسەر یەك لەسەر سێی روبەری عێراقدا گرت.
بۆ بەدیهێنانی ئەوە، لە یەككاتدا پاڵپشتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران وەرگرت و هەردوولایان خۆیان بەدورگرت لە ململانێی هەرێمایەتی بۆ شكستهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی.
لەگەڵ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرۆكایەتی دەكرد سەرەنجی خستبووە سەر دووبارە بنیادنانەوە و راهێنانی هێزە ئەمنییەكانی لە ناوچووەكەی عێراق، هاوكات بەشێوەی نیمچە رۆژانە گورزی ئاسمانی دەوەشاند و گروپە شیعەكانیش كە ئێران پاڵپشتیان دەكات لەناو تەونی كۆمەڵگەی عێراق و دەزگاكانی دەوڵەتدا یەكخراون و بوون بە پاڵپشتییەكی سەربازی زیندوو بۆ هێزەكانی حكومەت.
لێهاتوویی عەبادی لە راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان لەكاتێكدا كە ئاڵۆزییەكان بەهۆی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران توند دەبونەوە، بووە هۆكار بۆ ئەوەی بیكات بە باشترین كاندید لەلای هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان كە لەدوای راماڵینی عێراقەوە بەر لە 15 ساڵ هیچ شتێكیان نەبووە بۆ ئەوەی وەكو دەستكەوت نیشانی بدەن، جگە لە توندوتیژی و بڵاوبونەوەی گەندەڵی و ژمارەیەك دامەزراوەی بیمار.
هەروەك عەبادی بەهۆی چاككردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەتایبەتی وڵاتە عەرەبییە سوننەكان ستایش كرا، ئەوەش ستراتیژییەتێك بوو كە مالیكی دژی بوو.


رێز نەك حەماس
سەرباری ئەوەی یار و نەیارەكانی عەبادی لەسەر ئەوە هاوڕان كە ئەو بە سروشت سیاسی نییە، بەڵام دەڵێن بە بەراورد بە سەرەتا كە پۆستەكەی وەرگرت دوودڵَ بوو، ئێستا متمانەی زیادی كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وەكو رێبەرێكی شپرزە دادەنرێت لە بڕیارداندا و وا بە باش دەزانێت بۆ ماوەیەكی درێژ راوێژ لەگەڵ راوێژكار و ئەندامانی پەرلەماندا بكات.
سێ دیپلۆماتكاری خۆرئاوایی لە بەغداد وتیان، حكومەتەكانیان عەبادی بە ئاسانترین كاندید دادەنێن كە بكرێت كاری لەگەڵدا بكەن، بەڵام ئەم نەرمونیانییە لە هەندێك لەو دەزگایانەی كە وەكو ئامرازێكی دەستی بیانییەكان ئەژماردەكرێن، گوزارشت لە لاوازی دەكات.
فەلاح عەبدوڵا كە ئەفسەرێكی خانەنشینی پۆلیسە (65 ساڵ) لە گیارە كە دەكەوێتە دوری (60 كیلۆمەتر) لە باشوری موسڵ وتی" عەبادی پیاوێكی بەڕێزە، بەڵام كۆنترۆڵی بەسەر بڕیارەكانیدا نییە. لەنێوان ئەوەی ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت هاتوچون دەكات".
ئەمە پەیوەندییەكی گەورەی بە كەلەپوری پێش خۆیەوە هەیە كە مالیكییە و خاوەنی كەسایەتییەكی جەمسەرگیرە كە ئامادەگییەكی گەورەی هەیە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بەتایبەتی لەبەر رۆشنانی دابەشبوونی دەنگی شیعەكاندا.
سەرباری ئەوەی زۆر كەس بەرپرسیارێتی لەدەستدانی كۆنترۆڵ بەسەر روبەڕێكی گەورەی وڵات لەبەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامی و گەندەڵی لە وەزارەتە گەورەكانی عێراق دەخەنە ئەستۆی مالیكی، بەڵام هێشتا بنكەی جەماوەری گەورەیە و وەكو رێبەرێكی بەهێز تەماشا دەكرێت كە بەڕووی خۆرئاوادا وەستا و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی شیعە كرد.
هاوكات عەبادی روبەڕوی ركابەرێتی توندی عامری رێبەری رێكخراوی بەدر دەبێتەوە كە گەورەترین لایەنی شیعەیە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت و گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی جەخت لەسەر هەمان گوتاری لیستەكەی عەبادی دەكات.
عامری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبییە كە ئەو لایەنانە لەخۆدەگرێت كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و رۆڵێكی گەورەی بینی لە شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دوای ئەوەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان بانگەوازی كرد بۆ هەڵگرتنی چەك.
لەكاتێكدا كە زۆرێك لە عێراقییەكان رێز لە عەبادی دەگرن، كە ئەمەش شتێكە زۆرێك لە دەستەبژێری سیاسی عێراق ناتوانن بانگەشەی بكەن، بەڵام ئەوەی تائێستا پشتیوانی كردووە تەنیا گوتاری سەركەوتن (النصر)ە،  نەك هەر ئەمە بەڵكو زۆرێك لەوانەی كە دەیانەوێت دەنگ بە عەبادی بدەن دەڵێن ئەوان لەبەر ئاڕاستەی كرداریی دەنگی پێدەدەن نەك لەبەر حەماسەتی ئەو.
ئەحمەد هادی (32 ساڵ) كە لە سۆپەرماركێتێك لە بەغداد كار دەكات وتی" عەبادی باشترینی خراپەكانە، وەكو سەرۆك وەزیران دەمێنێتەوە و ئاشتی و بنیادنانەوەی عێراق بەردەوام دەبێت".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand