منیش دەروێشم

Draw Media

2020-07-10 18:53:29



پەیكار عوسمان

ئەو هەرچییەكبێ، لە هەموو حاڵەتێکا تۆ هەر گاڵتەی پێئەکەیت و هەر جوێن و ڕقی بەسەرا ئەبارێنیت. دەی لێرەدا خەلەلەکە تۆیت نەك ئەو. کێشەکە تەنیا نەبوونی سەقافەتی یەکترقبوڵکردنە لای تۆوە، نەك جۆری جەهلەکەی ئەو. چونکە جەهلی ئەو هەرچییەکبێ و هەرچۆنێکبێ "ئەگەر بۆ خۆیەتی"، هێشتا هەر بچوکترە لە جەهلەکەی تۆ بە پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن، کە هەر بۆ خۆت نیەو بۆ گیانی ئەوانیتریشە!

ڕەنگی ئەو هەرچییەکبێ، کاتێ ڕەنگی تۆ ناسڕێتەوە، ئەو بەشێکە لە ڕەنگاوڕەنگی و جوانیی دنیا. بەڵام کاتێ تۆ بە بیانووی جوانکردنی دنیاوە، ڕەنگی ئەو بسڕیتەوەو بتەوێ لە وێنەکە دەریکەیت، لەڕاستیدا ئەمەیانە کە ناشرینکردن و تێکدانی هارمۆنی دنیایە نەك ئەوەی ئەو!

تۆ وا لە پێشکەوتن و نوێگەری گەیشتوویت، کە ئەو وەکو تۆبێت، یەعنی کە خۆی نەبێ و ببێ بە تۆ. دەی لێرەدا کۆنەپەرستییە شەخسییە بێوەیەکەی ئەو کێشەکە نیە. تازەپەرستییە شمولی و شەڕەنگێزەکەی تۆ کێشەیە. چونکە ئەو نەهاتووە تۆ بکا بە دەروێش، تۆ هاتووی ئەو بکەی بە خۆت. ئەو نەهاتووە شمشێرەکەی لە تۆ بدا، تۆیت بێڕەحمانەو جەلادانە شمشێرەکەی زمانت لەو ئەدەیت!

هەموو فۆڕمەکانی ناهۆشیاری و گەمژەکردن و دیلکردنی ئینسان شایەنی ڕەخنەو قسەلەسەرکردنن. بەڵام قسەیەك کە ڕەچاوی یەکترقبوڵکردن بکاو سەرنەکێشێ بۆ سڕێنەوە. چونکە کە چویتە ناوچەی سڕینەوە، ئیتر لە خەتی ڕەخنە لاتداوەو تۆش دیل و گەمژەو دەروێشی فکرەکەی خۆتیت. لێرەشدا ئەوەی کە پێویستی بە هیمەتی هۆشیاریی و ئازادبوونە لەلایەن تۆوە، خۆتیت نەك ئەو!

هەموومان بەجۆرێك لە جۆرەکان دەروێشین و هەمووشمان پێویستمان بە هۆشیاریی و ئازادبوونە. (بەڵام هۆشیاریی بە بت و دۆگماکەی خۆت. ئازادبوون لە بت و دۆگماکەی خۆت.) نەکئەوەی خۆت عەقڵدۆگمایەکبیت و گەڕ لە دۆگمای ئەوانیتر بئاڵێنیت! نەكئەوەی خۆت، تا ئەوپەڕی تەقدیس بتی خۆت تەقدیسکەیت و خەریکی شکاندنی بتی ئەوانیتربیت! نەكئەوەی خۆت، تا بینەقاقات لە ئایدۆلۆژیایەکا چەقیبێت و بەتەمابیت ئەوانیتر ئازادو هۆشیاربکەیتەوە!

ئەو شەڕەی لەگەڵ بتی ئەویتر ئەیکەیت شەڕە لەپێناو بتەکەی خۆت نەك شەڕی ئازادی. شەڕی زیاترکۆیلەبوونە نەك شەڕی ئازادبوون. ئاخر کە لە بتی ئەویتر ئەدەیت، لێرەدا هەم بتی خۆتت فەرامۆشکردوە، هەم ئەویش ئەخەی بەڕقاو دەمارگیرتری ئەکەیت لەسەر بتەکەی خۆی. یەعنی لەمجۆرە لە شەڕەدا دایمە هەردو بتەکە براوەو پارێزراون و ئێمەش بەرئەبینە یەکتریی و ئەدۆڕێین. (ئا ئەمەیە کە ئێمە لەگەڵ یەکتردا ئەیکەین و ناویشمان ناوە ئازادیخوازی و شەڕی ئازادی)!

لەڕاستیدا تا شەڕەکانت لەگەڵ ئەودابێ و لەدەرەوەی خۆتدابێ، تۆ هێشتا لەناو کۆیلەییدایت. ئازادبوونی تۆ لەوێوە دەستپێئەکات، کە شەڕەکانت بهێنیتە ناو خۆت و لێرەدا ئیتر، هەم تۆ بیرێك لە بتی خۆت ئەکەیتەوەو هەم بوارێك بەویش ئەدەیت بیرێك لە بتی خۆی بکاتەوە. لەبری شەڕیش هەردوکتان ئەکەونە ناو ئاشتی و ئازادییەوە!

هۆشیاریی سڕینەوەی هیچ ڕەنگێك نیە، بەڵکو سڕینەوەی "فکری سڕینەوە"ی ناو هەموو ڕەنگەکانە لە بەرژەوەندی پێکەوەژیان.
هۆشیاریی سڕینەوەی هیچ شتێکی دەرەوەی تۆ نیە. سڕینەوەی ڕق و بتی ناو خۆتە. ئاخر کە بتت هەبوو ڕقت ئەبێ و کە ڕقت هەبوو عەقڵت نابێ و کە عەقڵت نەبوو ئەکەویتە ناو جەهلەوەو کە چویتە ناو جەهلەوە ئیتر تۆ خۆت لەناو کۆیلەییدایت و لە کۆیلەیی ئەو گەڕێ!

ئازادبوون سڕینەوەی هیچ ڕەنگێك نیە، تەنیا سڕینەوەی "حەزی سرینەوەیە" لەناو خۆتداو ئازادبوونتە لە کۆتی ئەم حەزە، کە هەمیشە لە جەهل فریوی ئایدۆلۆژیاوە دێ و تۆ وائەزانیت لە هۆشیارییەوە هاتووە!

ژیانیش خودی پێکەوەژیانەو ئێمە تا نەگەین بە پێکەوەژیان ناگەین بە ژیان. پێکەوەژیانیش لە یەکترقبوڵکردنەوە دێ و یەکترقبوڵکردنیش بەگدانە بۆ لای خۆت و وازهێنانە لەو.

ئەوقبوڵکردن لە خۆتقبوڵکردنەوە دێت. تۆ تا لە دەرەوەی خۆتدابیت، هێشتا خۆتت قبوڵنەکردوە، بۆیە ئەویش قبوڵناکەیت!
کە گەڕایتەوە ناو خۆت، ئیتر لەوە تێئەگەیت کە تۆ هەر بەقەت خۆتیت نەك بەقەت هەموو وێنەکە، بۆیە ئەویش قبوڵئەکەیت و دەس لە سڕینەوەی هەڵئەگریت. بەپێچەوانەوە تا لە دەرەوەی خۆتدابیت، ئیتر خۆتت لێئەبێ بە هەموو وێنەکە، بۆیە هەوڵی سرێنەوەی ئەو ئەدەیت.
هۆشیاریی لەناو خۆتدایەو هەر بۆ ناوەوەش ئەتهێنێتەوە. ئایدۆلۆژیا لە دەرەوەدایەو هەر بۆ دەرەوەش ئەتبا.

ئێمە بەقەت نان و ئاو پێویستمان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەییە، بیرکردنەوەی ڕەخنەییش ئەگەر نیشانەیەکی هەبێت، هەر ئەوەیە ڕقاوی و برینارکەرو شەڕەنگێز نیە. هەرئەوەیە کە بۆ ڕۆشنکردنەوەی حەقیقەتێکە نەك بۆ ڕەشکردنی شتێك. هەر ئەوەیە کە بۆ هەموومانەو بۆ پێکەوەژیانە، نەك بۆ شەڕو بردنەوەی ئەم و دۆڕانی ئەو.

بەرامبەر ئەو هەموو سوکایەتییەکەی کە پێتان کرا، من لە ئێستاوە تاکو سێ ڕۆژی تەعزێکەتان تەواوئەبێ، دەروێشی تەکێ و تەریقەتی ئێوەم.
ئاخر ئەم چەن ڕۆژە، نادەروێشێکم نەبینی قسەتان پێبڵێ، هەرچی تانەی لە ئێوەدا، خۆی بەجۆرێكی تر دەروێشەو فەرقەکە هەر ئەوەیە، ئێوە دەروێشی ڕاستگۆو بەئیرادەو بێ مەسڵەحەتن لەسەر تەریقەتی خۆتان. بەڵام ئەوان دەروێشی مەسڵەحەتچی و بێ ئیرادەو درۆزنن لەسەر تەریقەتی خۆیان. ئێوە هەرچی ئەکەن لە دڵسافی خۆتانەوەیە، بەڵام زۆرێك لەو قسانەی کە پێتان وترا لە دڵڕەشییەوەبوو!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand