ئیدارە سەربەخۆکان و ئیشکالیەتی پێگەی قانونیان

Draw Media

2020-07-10 14:34:52



عەبدولقادر ساڵح 

 لە هەرێمی کوردستان، دوو ئیداری سەربەخۆ هەیە ک ئەوانیش بریتین لە ئیدارەی گەرمیان وئیدارەی راپەڕین، لەرووی کارگێڕییەوە پەیوەندییان بە پارێزگاکانەوە نیە و سەربەخۆن، بەڵام پێگەی یاسایی و پلەی کارگێڕییان روون نیە، کە ئایا لەسەر ئاستی پارێزگاکانن یان نا؟،  ئیشکالیەتی قانونی لەمەش گرنگتر نەبوونی پاڵپشتی یاسایی هەبوونی ئەم دوو ئیدارەیە.  کە لە خوارەوە روونی دەکەینەوە :
 یەکەم: بە گەرانەوە بۆیاسای ژمارە(3)ی ساڵی 2009ی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق و هەروەها یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2009ی یاسای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یاسای ژمارە(4)ی ساڵی 2009ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان لە هەرێمی کوردستان ، بە هیچ شێوەیەک ناوی ئیدارەی سەربەخۆ نەهاتووە لەرووی پێکهاتە و پێگە و ئاستی کارگێڕییەوە . ئەمەش ئەوەمان بۆ دوپات دەکاتەوە کە ئەم ئیدارە سەربەخۆیانە لەرووی یاسایی دانیان پێدا نەنراوە ، لە کاتێکدا ئیدارەی گەرمیان پێش دەرچوونی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 هەبووە، بێ ئەوەی لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکاندا چارەسەری یاسایی پێگەکەی یکرێت.
دووەم: لەبەرەنجامی خاڵی یەکەمی لای سەرەوە ، رووبەرووی گرفتی یاسایی دیکە دەبینەوە لە دیاریکردنی پلەی وەزیفەی سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان و ئەو دەسەڵاتە یاسایی و کارگێڕییانەی کە پیادەی دەکەن و بڕیاری کارگێڕیی دەردەکەن، چونکە لەبەر ئەوەی پێگەی یاسایی تەشکیلە ئیدارییەکە روون نیە و پالپشتی یاسایی نیە، ئەوا لەم کاتەدا پێگەی سەرۆک یان بەرێوەبەری ئیدارە سەربەخۆکەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە لە تەواوی رووەکانی ماف و ئیمتیاز و دەسەڵات و پابەندییەکانەوە .
سێهەم: جێگەی سەرنجە لە ماوەی زیاتر لە 11 ساڵی رابردوودا ، پەرلەمانی کوردستان وەک لایەنی تەشریعی تایبەتمەند و ئەنجومەنی وەزیران وەک دەسەلاتی جێبەجێکردن، لەسەر ئەم بابەتە رانەوەستاون و چارەسەری یاساییان نەکردووە، چۆن دەکرێت دوو یەکەی ئیداری وەک پەیکەربەندی کارگێڕی لە هەرێم هەبن کە لە نێو پەیکەربەندی دەسەلاتی جێبەجێکردن بوونێکی قانونیان نەبێت؟ تا ئاست و پێگە و دەسەلاتیان روون بێت و لەسەر ئەو بنەمایەش رەفتارە یاساییەکانیان ئەنجام بدەن.
 لەسەر بنەمای ئەوەی لای سەرەوە ، دەتوانین بڵێین کە ئیدارە سەربەخۆکان لەرووی یاساییەوە ریشە و سەنەدی یاساییان نیە، کە ئەمەش کۆڵەکەی سەرەکی هەموو رەفتارێکی قانونیە لەرووی یاسایەوەو گەر ئەمەش نەبوو ئەوا کۆی کارە یاساییەکانی ئەو دامەزراوە وەک ناولێنانەکەی کە ئیدارەیەکی سەربەخۆیە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ، بۆیە بەبروای ئێمە کاری سەرەکی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان ساغ کردنەوەی یاسایی ئەم ئیدارە سەربەخۆیانەیە بۆ ئەوەی وەک پێکهاتەیەکی یاسایی لە هەناوی پەیکەربەندی دەسەلاتی جێبەجێکردندا جێگەی خۆیان بکەنەوە و مەرکەزی یاسایی و دەسەلات و پابەندییان روون بێتەوە .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand