سرکێتەکە دابگرن!

Draw Media

2020-05-29 10:41:35



 

جۆزێف نای لە زانکۆی ھارڤارد بە داھێنانی چەمکی سۆفت پاوەر، ھێزی نەرم، توانی رای گشتیی ئەمەریکا بگۆڕێ، ئەم چەمکە کە بەر لە پرۆسەی ئازادی عێراق، جۆزێف فڕێیدایە نێو فەرھەنگی سیاسی جیھانی، ئەو دەیزانی کە ئەمەریکا جەنگی عێراقی لە پێشە، بەڵام ئەو وای بینی کە ئیدی ھێز لە کۆتاییدا ھەر ھێزی بازوویی سەربازیی نییە، بەڵکوو ھێزی نەرم وەسیلەیەکی دیکەیە بە پشتبەستن بە دیپلۆماسیەت، دوورکەوتنەوە لە رکوکین و دەمارگرژی سیاسی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیی مرۆیی، پێشکەوتنی پیشەسازی و ئابووری و ژێرخانی فکری و ئەدەب و رەوشتی دیپلۆماسی و گەڕانەوە بۆ لۆژیکی گەل، لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئەم رێگەیەی ھەڵبژارد کە جیھان زیاتر لە دەوری ئەمەریکا کۆدەکاتەوە و لە بژاردەی ھێزی سەربازی کاریگەرتری زیاترە، لە ساڵی ٢٠١٤ ئەمەریکا تەبەنی ھێزی نەرمی کرد، چونکە بینی چین بە سیاسەتی ھێزی نەرم نفوزی ئابووریی گەیشتە نێو ئەمەریکا، دوای ئەوانیش ئەڵمانیا بە پیشەسازی، رووسیا بە ھەڵسانەوە لە رۆژھەڵاتی ناوین، فەڕەنسا بە گەڕانەوە بۆ رۆژھەڵاتی ناوین، بەریتانیا بە دەرچوون لە یەکێتی ئەورووپا و، زۆر وڵاتی دیکە...

لە ھەرێمی کوردستانیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، تەبەنی ھێزی نەرمی کرد کە بە کەرەستەی دیپلۆماسی توانی ھەرێم لە نێو گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە تاڕادەیەکی زۆر بخاتە گەشەی دیموکراسی و پێکەوەژیان و ئاوەدانی و راگرتنی باڵانسی سیاسی نێوخۆیی و ئیقلیمی و دەولی، ئەم چەمکە کاتێ لە ساڵی ٢٠١٧ نێچیرڤان بارزانی لە دوای ریفراندۆم بە کردەیی جارێکی دیکە مومارەسەی کرد، سوودی زۆری بەھەرێم گەیاند، گەمارۆکانی بەبێ شەڕ لەسەر ھەرێم شکاند، دەرگای ئاسمانی و زەمینی بە سەڕدانی بۆ فەڕەنسا کردنەوە و،  لەگەڵ عێرایش گەیشتە رێککەوتن و قەوارەی ھەرێمی کوردستانی لە سڕینەوە پاراست.

ئێستا جیھان لەسەردەمی کۆتایی مومارەسەی ھێزی سەبازی دەژی، بە نمونە ئەگەر ھێزی سەربازی بە تەنیا ژمارەی سەرکەوتن بووا ئەوا کۆریای باکوور دەبووا پێشەنگی جیھانی لە کۆنتڕۆڵی جۆری گرتبا، بەڵام ئەمە روینەدا و لە کۆتایدا سازشی بۆ ئەمەریکا کرد، بۆیە ئەوەی لەم سەردەمە دەخوێندرێتەوە گۆڕینی روئیای سەپاندنی ھێزە گۆڕینیەتی بۆ نفوزی دیپلۆماسی بە رێگەی وەسیلەی گەیاندن و دروستکردنی رای گشتی، ھەتا بیل کلینتن لەو ماوەیەی کۆتایی، گوتی ئەگەر لە سەردەمی خۆمدا مومارەسەی ھێزی نەرمم کردبا لە ژێر بیرکردنەوەی پەرتوکی the end of power کۆتایی سەردەمی ھێز، کە مەبەست لێی کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم پەرتوکەیە، کە پەرتوکەکە باسێکی لەسەر سەردەمی رەقەمییە، کلینتن دەڵێ، رەنگە زۆر شتی گەورەترم بۆ ئەمەریکا ئەنجام دابوا..ئێستا لە ھارڤارد کە باس لە تەمەنی رەدەمی دەکرێ لە ئێستاوە سەرقاڵی داھێنانی چەمکێکی ترن کە لەماوەی دەیەکی تردا تەمەنی رەقەمی بکرێتە وەرقەیەکی خوێنراو لە فەرھەنی سیاسی جیھانێ وەک گەیاندن بە رێگەی خۆکاری سۆشیالی، ئەم تەمەنە رەقەمییە شوێنی راگەیاندن و سیاسەتی ئێستاو سیناریۆکانی ئێستا لەق دەکات..

لێرەش لە ھەرێمی کوردستان کە رای گشت ھۆشیارە و ئێستا رای گشتی بارگرژی سیاسی ناوێ، گرینگە لە ھەرێمی کوردستان سرکێتی پێکەوەژیان دابگرن، بارگرژی سیاسی بکوژێننەوە و حزبە سیاسییەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دیالۆگ و چاوێک لە جیھان بکەن کە ئێستا مۆدێڵی سیاسی چۆن گۆڕاوە و فکری عەسکەرتاری و بارگرژی سیاسی خزمەتی ھیچ لایەک ناکات، گرینگە بگەڕێنەوە سەر دەستپێشخەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و بتوانن لەوێدا رێگە چارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە، چونکە ھیچ لایەک لە سەپاندن و فەرزی حساب سوودمەند نابێ.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand