گۆڕان بۆ گۆڕا؟

Draw Media

2020-05-25 20:30:37



كەمال چۆمانی 

لە هەرێمی کوردستان حیزبەکان رۆژ بە رۆژ دەزگاکانیان گەورەتر دەبن، کەچی فیکر و سیاسەتی گشتییان بچوکتر. تا حیزب بنکەی جەماوەریی و رێکخستنی گەورەتر دەبێ، دەزگاکانیشیان گەورەتر دەبن، کادیر و چالاکانیشیان لەبری ئەوەی سیاسەت بکەن، دەیانەوێت لە ژورەکانەوە سیاسەت هەڵبسوڕێنن. کاتێکیش دەیانەوێ سیاسەت هەڵبسوڕێنن، پێویستییان بە پشتیوانیی دارایی دەبێت بۆ ئیدارەدانی حیزبەکە و دەزگاکانیان و ژیانی کادیرانیان. لە هەرێمی کوردستاندا، حیزبەکان لەسەر ئابونەی ئەندامان ناژین، لەڕێی فەندی دەوڵەمەند و کۆمپانیاکانیشەوە دەزگاکانیان ناژێنن، حکومەتیش یان بودجەیەکی کەم دەدا، یان نایدات بەوانەی کە پشتیوانیی ناکەن. هەر بۆیە، هەرچەندە حیزبەکان دژ بە سیستەمەکەن سەرەتای دروستبونیان، دواتر دەبنە بەشێک لە سیستەمەکە لەبەرئەوەی حیزبەکان ئیش لەسەر زۆریی و بۆریی کادیر و چالاک و دەزگاکانیان دەکەن نەک گەورەکردن و پێشخستنی فیکر و سیاسەتی گشتیی و توانای چالاک و کادیرانیان، لە کۆتاییدا تەسلیمی ئەو سیستەمە دەبن کە دژی بون چونکە تەنها ئەو سیستەمە دەتوانێت بەرژەوەندییە گەورەکانیان فەراهەم بکا و بیانپارێزێت.
٢٠١١ رەوشی سیاسیی، ئابوریی، دارایی و پەیوەندیی بەغداد-هەولێر، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و کوردانی پارچەکانی دی، سەد جار لە رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان باشتر بو. کەچی بزوتنەوەی گۆڕان داوای روخاندنی حکومەتی دەکرد، بەیاننامەیەکی توندی دەرکرد، ئێستاش گۆڕان بە هەمو توانایەکیەوە هەوڵی پاراستنی ئەو حکومەتە دەدات.
هۆکار چییە؟
گۆڕان بەشێک نەبو لە سیستەمەکە. چاکسازیی لە قازانجی گۆڕان بو.
ئەی ئێستا بۆ گۆڕان بێدەنگە؟
چونکە ئێستا گۆڕان بەشێکە لە سیستەم، لە دامەزراوە. دامەزراوە و سیستەم لێرە واتا کێکە لەگەڵیدا بەشکراوە.
ئایا چاکسازیی لە خزمەتی گۆڕانە؟
نەخێر، چونکە چاکسازیی واتا دەباشان و سەری بڵند و ماڵی نێچیرڤان بارزانیی و نۆکان و کار و هتد... دەبێ بەنیشتیمانیی بکرێن. گردی زەرگەتەش جیاوازییان نییە.
ئەی کێیە لە گۆڕان نایەوێ ئەوە ببێت؟
ئەوانەی کە گۆڕان هەڵدەسوڕێنن و گردەکەیان بە ناوە.
ئەی ئەوانیدی بۆ بێدەنگن؟
چونکە ئەوانیش بەرژەوەندییەکانیان بەوەوە بەندە کە گردی زەرگەتە هەر بە هی گۆڕان بمێنێتەوە.
دوێنێ دەزگای بەگژداچونەوەی گەندەڵیی لە سودان توانیان چوار ملیار دۆلار سامان و موڵکی سەرۆکی پێشو عومەر بەشیر دەستبەسەردابگرن. بەقانونیی دەیگێڕنەوە سەر سامان و موڵکی وڵات.
من نازانم کەی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئەو رۆژە -هەرچەندە دور نییە-، بەڵام تا ئەو رۆژەی کە یەکێتیی و پارتیی و گۆڕان و هەمو ئەوانەی موڵکی گشتیی و سامانی وڵاتیان داگیرکردوە، ناچاردەکرێن موڵک و سامانەکە بگێڕنەوە، باسکردن لە چاکسازیی ریشەیی خۆگێلکردنە.
لاهور تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لە ململانێیەکی سەخت دان. بەڵام ماوەیەکی تر دەبینی ئەوانە رێکدەکەون. ئەوکات نە مەسرور بەو دێوەزمەیە دەمێنێتەوە کە میدیای لاهور بانگەشەی بۆ دەکات، نە لاهوریش "خیانەتکار"ی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە پارتیی بانگەشەی بۆ دەکات.
من بۆچی ئەو وشانە دەنوسم کە زۆربەمان دەیزانین؟
تەنها بۆ ئەوە ئەو وشانە دەنوسم کە نابێ چیتر بە دوڕویی هێزە سیاسیی و سیاسەتکارەکان، بە پۆخڵەواتی سیاسیی و گەمەکانیان، بە هێرش و دۆستایەتییەکانیان، بە بانگەشەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوە و چاکسازیی رێککەوتن، نە دڵخۆش بین نە دڵناخۆش. نابێ توشی شۆک ببین بە هەرچی شتێک کە رودەدات. ئەوەی گرنگە، بەردەوامییدانە بە ویستی چاکسازیی و گۆڕانکاریی ریشەیی، بەردەوامیی گومانکردن و پرسیارکردن بێئەوەی هیوا لەسەر ئەوانە هەڵبچنین کە لەناو سیستەمەکەدان و شەڕی پشک دەکەن و بە شەڕ بۆ نیشتیمان و خەڵکەکەی و شەڕی ریفۆم بە ئێمەی دەفرۆشنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand