میرنشینەکانی دژە ڕیفۆرم

Draw Media

2020-05-20 20:23:45



هونەر تۆفیق
زۆر تێگەیشتنی مێژوویی هەیە ، پێویستی بە پێداچوونەوەیە ، یەکێک لەوانە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی میرنشینە کوردیەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانیە .
عوسمانیەکان لەپاش چوار سەدە لە شەڕ و کوشتار لە سەدەی هەژدەهەمدا بەتایبەتی لەسەردەمی سوڵتان مستەفای سێهەم ١٧٥٧ - ١٧٧٤ دا زانیان ناتوانن لەبەردەم ئەو پێشکەوتنانەی ئەوروپادا خۆیان ڕابگرن ، لەزۆربەی جەنگەکانیشدا لەگەڵ ئەوروپیەکاندا دەدۆڕان . لەخۆرهەڵاتیشەوە ئێرانیەکان ڕیفۆرمیان لە ئیدارە وسوپا وئابووری وڵاتەکەیاندا کردبوو ، پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ بەریتانیەکاندا بەستبوو ، یارمەتی چاکسازیەکەیان دابوون . بەڵام بۆ عوسمانیەکان زەحمەت بوو وەک ئەوروپی و ئێرانیەکان بتوانن بەئاسانی چاکسازی بکەن لەبەر سێ هۆکار :
یەکەم : ڕێگریەکانی میلیشیاکانی ئینکشاری ، کە هێز و زەبریان لە سوپا زیاتربوو .
دووەم : ڕێگری والی و میرەکانی ولایەت و ئیمارەتەکان کە بەمیرات فەرمانڕەواییان
بۆ نەوەکانیان جێدەهێشت .
سێهەم : وەزیر و پاشا گەندەڵەکان ڕێگربوون چونکە نفوز و بەرژەوەندیان نەدەما .
ماوەی ٢٥٠ ساڵ عوسمانیەکان هەوڵی چاکسازیان ئەدا ، نەیانتوانی تا ئیمپراتۆریەتەکەیان بەهۆی گەندەڵی ناوخۆیەوە لاوازبوو و ڕوخا .
سەرەتا سوڵتان مستەفای سێهەم هەوڵیدا لەسوپاوە دەستپێبکات و میلیشیاکانی ئینکشاری نەهێڵێت نەیتوانی .دواتر سوڵتان عەبدولحەمیدی یەکەم و پاش ئەویش سوڵتان سەلیمی سێهەم هەوڵیاندا ، فەشەلیان هێنا و ئینکشاریەکان لەدەستەڵاتیان دەخستن و پلانی کوشتنی بۆدانان .
تاسەردەمی مەحمودی دووەم ١٨٠٨-١٨٣٩ هەستا بە دامەزراندنی سوپایەکی تر بەناوی سوپای مەحمودی و بەهێزی کردن ، لەدژی ئینکشاریەکان بەکاری هێنان کۆتای بە نفوزی ئینکشاری هێنا .
ئینجا مەحمود دەستکراوەبوو بۆ کۆتایی هێنان بە حوکمی بنەماڵەی والی و میرەکان . جەلائیلیەکانی لەموسل دەرکرد ، کۆتایی بە حوکمی داودپاشا لەبەغدا هێنا و بنەماڵەی میرەکانی بابان و سۆرانیشی لە فەرمانڕەوایی خست . سیستەمی ئیدارەی لە ئیمارەتەوە گۆڕی بۆ لیوا ( سنجق)
بەپێ ی ساڵنامەکانی موسڵ و بەغدا ، باری ئابووری هەردوو ولایەت بەبەراورد بە سەردەمی میرەکان و پاش میرەکان ، بوژانەوەی ئابووری لە شارەکاندا بە ڕێژەی ٪٣٠٠ لەسەدا سێ سەد بەرزبۆتەوە . خزمەتگوزاری ناوچەکان لە سەدا سەدوپەنجا زیاد دەکات . ئەوەش بەهۆی نەهێشتنی ئینکشاریەکان ، میر و والی و وەزیرە گەندەڵەکانەوە بووە .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand