١٧ی شوبات

Draw Media

2020-02-18 16:45:30



پەیكار عوسمان

- ئیسلامی نوێژی سیاسی ئەکردو خەوی بە خیلافەت و مەیدانی تەحریری میسرەوە ئەبینی.کۆمۆنیست بە خەیاڵی ئەنجومەی شوراکانەوە نەفەسی لە جگەرەکەی ئەدا. موعارەزەی پۆپۆلست کەڵکەڵەی ڕاماڵین و چنینەوەی غەنیمەی سیاسی لە کەلەدا بوو. ئاپۆچی داڵغەی کانتۆنی لێئەداو ڕۆشنبیریش ئەیویست، لە دوو سەد مەتری سەرادا، دەوڵەتە شاری یۆنانی دامەزرێنێ. هاوڵاتییە پارتی و یەکێتییەکانیش بەشدارییان نەئەکرد، وەکئەوەی خەمەگشتییەکانی ئەم وڵاتە، خەمی ئەوانیش نەبێت!

- خەڵکە ڕاپەڕیوەکە، بەهۆکاری گەندەڵی و لەژێر کاریگەری بەهاری عەرەبی و کەوتنی ئاسانی دیکتاتۆرەکانی تونس و میسردا، لەو وەهمەدابوون کە پارتی و یەکێتیش بە فیکەو هووها بڕوخێن. دەسەڵاتی مافیایی پارتی و یەکێتیش، "کە خۆیان لە ئەساسەوە ئەهلی کەڵبەو نینۆکن"، لەژێر کاریگەریی ئەو دۆخەدا، زۆر خێراو خراپ، چوونەوە سەر پلێت.

- ئەمە هەمووی لەکاتێکا، کە خەمە ڕاستەقینەکەی ئەوساو ئێستاش، هەر تۆزێ عەدالەت و ژیانێکی باشترەو هیچی تر. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەو هەموو وەهمە زیادەیەو ئەو هەموو خەیاڵە پووچە، لە خۆپیشاندانەکان بارنەکرایە، ١٧ی شوبات و لێکەوتەکانیشی، جوانترو باشتر نەئەبوون؟

- لەڕاستیدا ١٧ی شوبات، بە هەموو جوانییەکانییەوە، تەجروبەیەکە، بەس بۆ دووبارە نەکردنەوە باشە! چونکە لەلایەك خەڵك هێشتا نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی هۆشیاریی، کە بارنەکرێن. بۆ هەرشتێکی ڕەوا بێنە سەرجادە دنیایەك شتی تری پوچ و ناڕەوایان لێ بارئەکرێ. دۆخی میلیشیایی حیزبەکان و چەکداریی کۆمەڵگاو هاوکێشە ئیقلیمییەکەش لەولاوە بوەستێ..

- ئاخر لەناوخۆدا، ئەوساو ئێستاش، پارتی و یەکێتی بەرامبەر هەر کەسێکی ناڕازیی، دەیان شەقوەشێنیان هەیەو بەرامبەر هەر بەردێکی ناڕازیی، هەزاران فیشەکیان هەیە. یەعنی لەڕاستیدا ئەگەر ڕاماڵینێك ڕووبدا، بەعەکسەوە ڕووئەداو ئەوان ئێمە ڕائەماڵن.
بەم شێوەیە ڕاپەڕێن و ڕاماڵینیش، یان سەرکوتئەکرێ، یان لە باشترین حاڵیدا حەربی ئەهلی لێئەکەوێتەوە، کە ئەوە خراپترین حاڵە.

- ئەمەوێ بڵێم، کێشی حەڤدەی شوبات، خەیاڵی ڕاماڵینەکەی بوو، کە خەیاڵێکی تا خواحەزکا پووچبوو.
لەبەر ئەوەنا کە پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتە گەندەڵەکەیان، شایەنی ڕاماڵین و زبڵدانی مێژوو نەبن! لەبەرئەوەش نا کە بەدیلەکان و خودی کۆمەڵگاش هەر زبڵێکی ترن! بەڵکو لەبەرئەوەی خودی فکرەی ڕاماڵین زبڵەو شتێکی حەماسیی دوورە عەقڵەو هەمیشە بە کەڵکی خراپترکردنی دنیا یەت، بەڵام هەرگیز بەکەڵکی باشترکردنی دنیا نایەت.

- ئەی چیبکەین تەسلیمبین؟ بێگومان نەخێر.
بەڵام تێگەیشتنێکی تر لە بەرگری، چارەسەرەکەیەو بەرگرییەکەیە. چونکە ئەم فۆڕمە باوەی بەرگری پۆپۆلیستانەو ئایدۆلۆژیانە، خودی تەسلیمبوونەو کڵاوەو نابێ بیەڵین جارێکی تر بکرێتەوە سەرمان. "ئێمە وەکو تاك" ئەگەر سەری خۆمان نەخەینە ئیش، بەشی سەرمان هەر کڵاوی ئەوانیترە.

- ئێمە ئەبێ چیتر نەیەڵین، بە هیچ فوویەکی دەرەوەی خۆمان پەمپ بدرێین، هەرشتێكی دەرەوە پڕت بکات، تۆ دیلیت و بەتاڵیت لە خۆت. ئیتر شتەکە فووی پارتی بێت یان دژەپارتی، هی ئیسلامی بێت یان ئیلحاد، هی کوردایەتی بێت یان دژەکوردایەتی، هی موعارەزەبێت یان دەسەڵات.. لەوەدا فەرقی نیە کە تۆ دیلی شتێكیت و ئەو شتە ئەتهێنێ و ئەتباو هەڵتئەسوڕێنێ.

- تۆ تا ئازادنەبیت ناتوانی بەرگری بکەیت، تەنیا لەناو خۆشتا ئەتوانی ئازادبیت. شتەکانی دەرەوە ئەگەرچی ناویشیان ئازادی و بەرگری و تەسلیمنەبوون بێت، بەڵام بۆ تۆ هەر نائازادی و تەسلیمبوونن مادام دەرەکیین. تۆ تەنیا بە بیرکردنەوەو خۆ پاککردنەوە لە دەرەکییەكان ئازادئەبیت، نەك بە شەڕکردن لەگەڵ ئەم دەرەکیی لەبەرژەوەندی ئەو دەرەکیی، کە هەردوکیان بۆ تۆ هەر دەرەکیی و کۆت و نائازادیین!

- سەیرکە، هەیە خۆی کۆیلەی حیزبە، کەچی ئەیەوێ شکۆی نەتەوەمان بۆ دروست بکات!
هەیە لە ڕێگەی شەڕکردن لەگەڵ ئەم فکرەوە ئەیەوێ ئازادمان بکات، لەکاتێکا خۆی دیلی ئەو فکرە!
هەیە خۆی کۆیلەی بنەماڵەی سینە، کەچی شەڕکردن لەگەڵ بنەماڵەی صادمان، بە ئازادیخوازیی پێئەفرۆشێتەوە!
کۆمەڵگای ئێمە پڕە لەم نمونانەی وەهمی ئازادی، کە لەناوەڕۆکدا دیلی و نائازادی عەیارە بیستوچوارن.

- تۆ کاتێ گیرۆدەی ئەمجۆرە لە وەهمی ئازادی و بەرگری ئەبیت، ئیتر نازانیت کە خۆت دیلیت و نائازادیت. چونکە ئەو شتەی کە دیلی کردویت، شەیتانێکت بۆ دروستئەکاو بە شەڕی ئەو شەیتانەوە مەشغوڵتئەکا! ئیتر تۆ وائەزانیت ئەمە بەرگرییەو واشئەزانیت خۆت پاڵەوانی ئازادیت. لەکاتێکا ئەوە شەڕە نەك بەرگریی! لەکاتێکا خۆت دیلێکیت و بەکەڵکی خۆشت نەهاتووی، چجای بەفریای ئەوانیتر!

- مەسەلەن "کوردایەتی" لە دنیایەك شەڕو شەیتانی وەهمییەوە ئەتگلێنێ و تۆ ئەمەت لێئەبێ بە شەڕی ئازادی و خۆیشت لێئەبێ بە پاڵەوانی ئازادی، لەکاتێکا لەپشتی ئەو شەڕانەوە، تۆ خۆت دیلی کوردایەتیەکەیت. لەولاشەوە "دژەکوردایەتی" مەشغوڵت ئەکات بە شەیتانی کوردایەتی و شەڕی ئەم شەیتانەوەو وائەزانیت خەریکی بەرگری و شەڕی ئازادیت و نازانیت کە خۆت دیلی شتێکیت، ناوی دژەکوردایەتییە! ئەم یارییە بۆ هەموو جووتدژە تەقلیدییەکانی وەکو دین و دژەدین و پارتی و دژەپارتی و دەسەڵات و موعارەزە.. هەر هەمان شتە.

- جا لە یادی حەڤدەی شوباتداو لە هەموو کات و یادێکا، کاری ئێمە هەر بیرکردنەوەیە. لەکویا لەناوەکییەکەی خۆت و لە عەقڵی خۆت غافڵبویت، لەویا لایەك لێتەئەخوڕێ و بەلای خۆیدا دیلت ئەکا. بەڵام پێناسەیەکی ئازادیشت بۆئەکات، ئیتر تۆ لەوپێناسەیەوە وائەزانیت ئازادیت!

- لە یادی حەڤدەی شوبات و لە هەموو کات و شوێنێکا، کاری ئێمە هەر وەستانەوەیە بەرامبەر ستەم و فەساد.
بەڵام ئەم کارە بە ئازادیی ئەکرێ و ئێمەش تەنیا لەناو عەقڵی خۆماندا ئەتوانین ئازادبین. ئەگەر عەقڵی خۆت ئامادەنەبێت، ئیتر وەهمی لایەك ئەتباو ئەو لایە وێنەیەکی ستەم و فەسادت ئەداتێ و ئیتر تۆ لەگەڵ ئەم وێنەیە شەڕئەکەیت، نەك لەگەڵ ستەم و فەساد خۆی!

- لە یادی حەڤدەی شوبات و لە هەموو کاتێکدا، کاری ئێمە ئازادکردنی ئازادییە، لە قۆرخکاریی ئازادیخوازەکان و ئازادکردنی بەرگرییە، لە هاشوهوشی پاڵەوانە پۆپۆلستەکان و ئازادکردنی عەقڵە لە وەهمی ئایدۆلۆژستەکان..
تا ئەمانە نەکەین ئازاد نابین و تا ئازادیش نەبین، موویەك لە ستەمی سەوزو زەرد کەم ناکەینەوە، بەڵکو مووی ڕەنگەکانی تریشی بۆ ئیزافەئەکەین.

- ئێمە تا لە تاجری شتەکان و نوسخە تیجارییەکەی شتەکان نەجاتمان نەبێ، ناگەین بە ڕاستەقینەی شتەکان.
تا لە تاجری دین ڕزگارت نەبێ ناگەیت بە خودی دین. تا لە داوی مشەخورەکانی سەر ئازادییش نەجاتت نەبێ، ناگەیت بە ئازادی خۆی.
تا لە نانخۆرە پۆپۆلستەکانی بەرگری و تا لە وەهمسازە ئایدۆلۆژستەکانی بەرگری ڕزگارمان نەبێ، ناگەین بە خودی مانای بەرگری.
ئەم ڕزگاربوونانەش، پرۆسەیەکی ناوەکییەو لەناو خۆتداو لە بیرکردنەوەو عەقڵی خۆتدا ڕووئەدەن. ئەوەش ڕووداوە گەورەکەیەو جگە لەمە، تەواوی ڕووداوەکانی تری ژیان، بچوكن و تۆش بچوك ئەکەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand