پایتەختی شیعەكان خەڵتانی خوێن دەكرێتەوە

Draw Media

2020-02-06 18:49:57



راپۆرتی: درەو
تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەی قوربانیانی توندوتیژییەكانی شەوی ڕابردووی شاری "نەجەف" گەیشتە 11 كوژراو 140 بریندار، ئەوە بەگوێرەی سەرچاوە پزیشكییەكان لەنەخۆشخانەی شارەكە كە پێشبینی دەكەن ژمارەی كوژراوەكان بەرزتربێتەوە بەهۆی مەترسیداری برینی هەندێك لەبریندارەكان. چالاكان و شایەتحاڵەكان و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە، ئاماژە بەوە دەكەن ئەنجامدەرانی هێرشەكە سەربە ڕەوتی سەدرن‌و بەدیاریكراوی " كڵاوشینەكان" ئەنجامیانداوە، كە لەبنەڕەتدا "موقتەدا سەدر" بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران لەپەلاماری گروپە چەكدارەكان پێكیهێناوە.

 وردەكاری ڕووداوەكە    
پاشنیوەڕۆی دوێنێ‌ چوارشەممە، دوای ئەوەی گروپێك لە "كڵاوشینەكان" ویسویان بچنە ناو گۆڕەپانی "ئەلسەدرەین" كە گۆڕەپانی گردبونەوەی خۆپیشاندەرانە لەشاری "نەجەف"، بە بیانوی پاككردنەوەی لە تێكدەران‌و بەكرێگیراوان كە بە "جۆكەر"ییە ناویاندێنن لەڕیزەكانی خۆپیشندەران‌و، "موقتەدا سەدر" ڕابەری ڕەوتی سەدر بەوە تۆمەتباریاندەكات كە ئەجێندای ئەمریكاو ئیسرائیل جێبەجێدەكەن.
خۆپیشاندەران‌و مانگرتووان ڕێگەیان نەداوە سەدرییەكان بچنە ناوەو بیانپشكنن‌و پرسیاریان لێبكەن، بەوپێیەی ئەمانە هیچ سیفەتێكی یاساییان نییە، ئەوەش بووەتە هۆی شەڕ قسەو دەمەبۆڵە لەنێوان هەردوولا.
بەوتەی چالاكی خۆپیشاندانەكان، لایەنگرانی سەدر پێداگرییان كردووە لەسەر پشكنیی خێوەتەكانی خۆپیشاندەران، بە بیانوی گەڕان بۆمبی مۆلۆتۆف‌و ماددە كحولییەكان، خۆپیشاندەرانیش سوربون لەسەر ئەوەی ڕێگەیاننەدەن‌و، دروشمیان دژی موقتەدا سەدر وتووەتەوەو داوایانلێكردووە سواری شەپۆلی خۆپیشاندەرانی خەڵكی عێراق نەبێت، ئەوەش لایەنگرانی سەدری توڕە كردووەو شەڕی دەستەویەخە ڕویداوەو دواتر بووە بەشەڕە بەرد لەنێوان هەردوولا، دوای بانگی شێوان "كڵاوشینەكان"ی سەربە ڕەوتی سەدر بەچەك پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوەو بەوهۆیەوە دەیان خۆپیشاندان كوژراون‌و برینداربوون. 
لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە، ئەوە دووەمین جارە شاری نەجەف كە بەپایتەختی شیعەكانی جیهان دادەنرێت ڕووداوی خوێناوی لەوشێوەیە بەخۆوە دەبینێت، سەرەتای مانگی كانونی یەكەمی ساڵی پار كاتێك خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر مەزاری "حەكیم" لەناوەڕاستی شارەكە، لەلایەن گروپی " سەرایای عاشورا"وە درانە بەر دەستڕێژی گوللەو چەندین خۆپیشاندەر كوژران‌و برینداربوون، كۆنسوڵخانەی ئێرانیش سوتێنرا. 

كاردانەوەكان
ڕووداوەكانی شاری نەجەف كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەدیارترین كاردانەوە ناوخۆییەكان ئەو پەیامە بوو كە ئەمڕۆ "محەمەد تۆفیق عەلاوی" سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق ئاراستەی خەڵك‌و خۆپیشاندەرانی كردو،  تێیدا ئاماژەی بە مەترسیداری دۆخی عێراق‌و ئەگەری خزاندی كرد بەرەو نادیار. "عەلاوی" ناڕاستەوخۆ پەیامێكی هەڕەشە ئامێزیشی ئاراستەی هێزە سیاسییەكان كرد و وتی:" ناتوانین بەردەوامبین لەو ئەركەی پێمان سپێردراوە لەگەڵ بەردەوامبونی ئەوەی بەرامبەر گەنجەكانمان دەكرێت، بە كارێكی ئەخلاقی نازانین ئەوپۆستە وەربگرین لەكاتێكدا ڕۆڵەكانمان ڕووبەڕووی ئەو ڕەفتارانە دەبنەوە"، وەك ئاماژەیەك بۆ كشاندنەوەی لە ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لەحاڵەتی بەردەوامبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران.
"جنین بلاسخارت" نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق لەتویتێكدا بەتوندی ئیدانەی توندوتیژییەكان‌و ئەو ژمارەی زۆرەی قوربانیانی كرد لەشاری نەجەف، بەپێویتیشی زانی بە بەردەوامی پارێزگاری خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بكرێت، نەك دوای لەدەست دەرچوونی دۆخەكە.  
"مارتن هوس" باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپاش لە عێراق لەتویتێكدا لەبارەی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی شاری نەجەفەوە نوسیویەتی:"توقاندن‌و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لەلایەن چەكدارەكانەوە، كە شەوی ڕابردوو بووە هۆی كوژرانی چەندین كەس لەنەجەف، كارێكی قبوڵ نەكراوە، دەبێت تاوانباران دەستنیشانبكرێن‌و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت. ئەم ڕەفتارە قێزەونانە هەر پێشكەوتنی سیاسی تێكدەدات". 


سەدرییەكانیش قسەیان هەیە
"موقتەدا سەدر"ڕابەڕی ڕەوتی سەدر كە لەسەر زۆرێك لە پێشهاتەكانی عێراق بەشێوەیەكی ڕۆژانە قسەی هەیە، تائێستا لەسەر ئەم ڕوداوانەی شاری نەجەف قسەی نەكردووە، بەڵام كەسە نزیكەكانی بەشێوازی جیاواز گوزراشتیان لەڕای سەدر كردووە.
"ساڵح عێراقی" كە یەكێكە لەكەسە نزیكەكانی سەدر، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەسەر ڕووداوەكانی نەجەف نوسیویوتی:" پێویستە خوێندكاری زانستخوازی بەڕێزو عەشیرەتەكانی پارێزگای نەجەف، ڕۆڵیان هەبێت لە ڕزگاركردنی نەجەفی ئەشرەف لەدەستی تێكدەران‌و ئەوانەی خزاونەتە ناوخۆپیشاندەران، بەشێوەیەكی ئاشتیانەو، كۆتایهێنان بەدەستی نادیارو چەپەڵ كە دەیانەوێت پیرۆزییەكانی لەكەدار بكەن. سوپاس بۆ خودا ڕزگارمان بوو لەتێكدەران‌و نیشتیمانپەروەرەكانی پێبەخشیوین".
"عودەی عەواد" سەركردە لەڕەوتی سەدر دەڵێت:" سەدر ڕووبەڕووی هێرشێكی دڕندانە دەبێتەوە بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانییەكانی بەرامبەر گەلی عێراق‌و، پوچەڵكردنەوەی ئەو پیلانگێڕی‌و ئاشوبانەی كەدژی وڵات دەچنرێت". 
ئەو سەركردەیەی ڕەوتی سەدر لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دوولایەنیش بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتبار دەكات و ڕایدەگەیەنێت:" مافیای دەسەڵاتی گەندەڵ‌و، ئەجێندای نێودەوڵەتی، لەپشت ئەو هێرشە دڕندانەوەن كە سەدر ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
پێش ئەویش "حاكم زاملی" سەركردەی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند: عێراق پێویستی بە پێداچونەوە هەیە بە یاسا بەركارەكان‌و، تاوانباركردنی هەموو ئەوانەی خراپەكاری (قسەی ناشرین) بەرامبەر بە ڕەمزە ئاینی‌و نیشتمانییەكان دەكەن.
"زاملی" لەلێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان داوای لەپەرلەمان كرد: "یاسایەكی تایبەت بە تاوانناساندنی ناشرینكردن هەمواربكات، دوای ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕەمزە ئاینی‌و نیشتمانییەكان ڕووبەڕووی ناشرینكردن بونەتەوە، بەتایبەت لەلایەن هەندێك لەڕاگەیاندنەكانەوە".
لەدوای كشانەوەی لایەنگرانی سەدر لەگۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان دوای زویربوونی "موقتەدا سەدر" لێیان بەهۆی بەشدارینەكردنیان لەو خۆپیشاندانەی كە گروپە شیعییەكان لە دژی بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق ڕێكیانخست، سەدر ڕووبەڕووی لێشاوێك ڕەخنەو تۆمەت بوەوەو بە بەجێهێشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتباریانكرد، هەینی ڕابردووش دوایئەوەی جارێكی تر لایەنگرانی سەدر گەڕانەوە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بەڵام گەڕانەوەكە بەوشێوەیە نەبوو كە زۆرینەی خۆپیشاندەران چاوەڕییان دەكرد، لایەنگرانی سەدر ئەمجارە هەوڵیاندا بەتەواوی كۆنتڕۆڵی خۆپیشاندانەكان بكەن. لەدوای ڕاسپاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقیش كە زۆرێك لەخۆپیشاندەران ڕەتیدەكەنەوەو سەدرییەكان بەتوندی پشتیوانی دەكەن، ناكۆكییەكانی نێوان لایەنگرانی سەدرو خۆپیشاندەران لەزۆرێك لە گۆڕپانەكانی خۆپیشاندان لەبەغدادو پارێزگاكانی تر تادێت قوڵتر دەبێتەوەو، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا چەندین بەریەككەوتن‌و ڕووبەڕووبونەوە لەنێو هەردوولادا ڕویداوە، كە دواترینیان توندوتیژییەكانی شەوی ڕابردووی پارێزگای نەجەف بوو.    

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand