سبەینێ‌ ترەمپ دادگاییەكردنەكە دەباتەوە

Draw Media

2020-02-05 19:24:16



راپۆرتی: درەو
پێشبینی دەكرێت سبەی چوارشەممە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كە كۆمارییەكان تێیدا زۆرینەن "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێبەری بكات  لەو دوو  تۆمەتەی ئاراستەی كراون، (خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات‌و دروستكردنی ئاستەنگ بۆ كارەكانی كۆنگرێس) لەچوارچێوەی دادگایكردنی لەبەردەم ئەنجومەنەكە.  
ڕۆژی چوارشەممە پرۆسەی دەنگدانەكە بەڕێوەدەچێت، كە چاوەڕواندەكرێت لەبەرژوەندی "ترەمپ"بێت، لەكۆی 100 كورسی ئەنجومەنی پیران، كۆمارییەكان خاوەنی 53 كورسین، لەبەرامبەر 47 كورسی دیموكراتەكان، لەكارخستنی سەرۆك پێویستی بەدەنگی دوو لەسەرسێی ئەندامانی ئەنجومەنەكەیە واتە دەنگی 67 سیناتۆر، ئەمەش وادەكات ئەو كارەی دیموكراتەكان ماوەیەكی كەم نییە دەستیانداوەتێ‌‌و بەنیازن سەرۆكێكی كۆماری لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دابگرن، نەك هەر كارێكی قورسە بەڵكو لەحەوتەم ئەستەمەكانە‌و شتی وا ڕوونادات.
تۆمەتی یەكەم كە ڕوبەڕووی "ترەمپ" كراوەتەوە، هەوڵدانە بۆ هاوكاریكردنی لەلایەن "ئۆكرانیا"وە بەشێوەیەكی ناشەرعی بۆ هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لەمساڵداو، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بۆ ڕێگەگرتن لە "ئۆكرانیا" لەبەدەستهێنانی هاوكارییەكانی ئەمریكا بە ئامانجی دروستكردنی فشار لەسەری بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە "جۆ بایدن" جێگری سەرۆكی پێشووی ئەمریكا.
تۆمەتی دووەمیشیان، هەوڵی ئاستەنگ دروستكردنە بۆ دادپەروەری، دوای پێشكەشكردنی شاهیدو بەڵگەی تایبەت بە لێكۆڵینەوە، لە وەڵامنەدانەوەی یاداشتی بانگهێشتكردن كە لەلایەن كۆنگرێسەوە دەرچووە.

دیموكراتەكان شەڕێكی دۆڕاو دەكەن
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو دیموكراتەكان لەكۆتایی پرۆسەی دادگایكردنەكەدا لەبەردەم ئەنجومەنی پیران داوایانكرد "ترەمپ" سزا بدرێت بەو دوو تۆمەتەی ڕووبەڕووی كراوەتەوە، "ئادەم شیف" سەرۆكی دەستەی سكاڵاكار وتی"  ناكرێت متمانە بەوەبكرێت كە ئەم سەرۆكە كاری باش دەكات" وتیشی:"ناگۆڕێت ئێوەش ئەوە دەزانن، مێژوو ڕەحم بە دۆناڵد ترەمپ ناكات"، داواشی لەئەندامانی ئەنجومەنەكە كرد ئازایەتی ئەوەیان تێدابێت بەڕویدا بوەستنەوە. 
لەبەرامبەردا پارێزەرەكانی سەرۆكی ئەمریكا داوای بێبەریكردنیانكرد لەو تۆمەتانە،"بات چیبۆلۆنی" پارێزەری كۆشكی سپی وتی:" سەرۆك هیچ هەڵەیەكی نەكردووە". بڕیاری لەكارخستنی "ترەمپ"یشی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە بڕیارێكی لایەنداری تەواو و سیاسی وەسفكرد‌و ڕاشیگەیاند" متمانەمان بە ئەنجومەنی پیرانە".
پارێزەرەكەی سەرۆكی ئەمریكا داوای لەئەنجومەنی پیران كرد، بڕیاری هەڵبژاردنی سەرۆك بۆ گەلی ئەمریكا جێبهێڵێت، بەپێویستیشی زانی ئەمریكییەكان بڕیاری ئەوە بدەن كێ‌ سەرۆكایەتییەكان دەكات، وتیشی:" ترەمپ بەشەوقەوە ئامادەیە بچێتەوە بەردەم گەلی ئەمریكا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا". 
ڕۆژی هەینی ڕابردوو  ئەنجومەنی پیران بەزۆرینەی 51 دەنگ بەرامبەر 49 هەوڵێكی دیموكراتەكانی ڕتكردەوە بۆ بانگهێشتكردنی "جۆن بۆڵتن" ڕاوێژكاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی‌و گەورە ڕاوێژكارەكانی تری سەرۆك بۆ دادگایكردنەكە بۆ وەرگرتنی وتەكانیان. 
"دۆناڵد ترەمپ" سێیەم سەرۆكە لەمێژوویی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ڕاپێچی بەردەم دادگا دەكرێت بۆ لەكارخستنی، "ئەندرۆ جۆنسۆن" یەكەم سەرۆك بووە كە هەوڵی لەكارخستنی دراوە لە ساڵی 1868 و "بیل كلنتۆن" دووەم سەرۆك بووە كە ساڵی 1999دا هەوڵی لەكارخستنی دراوە.

شەڕەكەی ترمپ‌و پیلۆسی
وتاری ساڵانەی دۆخی دەوڵەت، ئەمڕۆ هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران‌و پیرانی ئەمریكا كۆكردەوە بۆ گوێگرتن لە وتارێكی 80 خولەكی "دۆناڵد ترەمپ". سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشئەوەی قسەكانی دەستپێبكات تۆڵەی خۆی لە "نانسی پیلۆسی" سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كردەوەو تەوقەی لەگەڵ نەكرد. دوای چوار مانگ كاتێك "پیلوسی" بە توڕەیی كۆبونەوەكەی "ترەمپ"ی لەكۆشكی سپی بەجێهێشتبوو، ئەوە یەكەمجاربوو ئەودوانە یەكتر ببیین."پیلوسی"یش لەكاردانەوەی ئەوەدا كاتێك داوای لە "ترەمپ" كرد وتارەكەی بخوێنێتەوە، تەنها ئەوەندەی وت" ئەندامانی كۆنگرێس ئەوە سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانە"، هیچ دەستەواژەیەكی وەك گوزراشت كردن لەڕێز بۆ "ترەمپ" بەكارنەهێنا‌و دواتریش وتارەكەی دڕاند. "ترەمپ" لەنێو چەپڵە ڕێزانی كۆمارییەكان و بێدەنگی دیموكراتەكاندا وتارەكەی خوێندەوەو خۆی بەدوور گرت لەمەسەلەی دادگایكردنەكەی، كاتێك دەستی كرد بەقسەكانی، كۆمارییەكان لەهەردوو ئەنجومەنی نوێنەران‌و پیران هاواریاندەكرد" چوارساڵی تریش" دیموكراتەكانیش بە بێدەنگی دانیشتبوون، كاتێكیش "ترەمپ" وتی: دۆخی دەوڵەتمان  بەهێزترە لەڕابردوو، دیموكراتەكان سەریانبادەدا وەك ئاماژەیەك بەوەی كە ئەو قسەیەی سەرۆك ڕاست نییە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand