دەسەڵات لەبری وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران، خۆپیشاندان دەكات

Draw Media

2020-01-20 18:32:54



راپۆرتی: درەو
وەرزێكی تری توندتیژی لە عێراق دەستیپێكردەوە، میدیاكانی عێراق پڕبونەوە لەوێنەی كوژراو و بریندار، ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق  هێزە دەسەڵاتدارە شیعییەكانی بەتەواوی خستۆتە دۆلێك و خۆپیشاندەرانیش كەوتونەتە دۆلێكی تر، ئێستا لە عێراق هیچ شتێك دەسەڵات و خەڵك پێكەوە كۆناكاتەوە تەنها وشەی خۆپیشاندان نەبێت، خۆپیشاندان وەك كردەو پرۆسە نەك ئامانج و خواستی هاوبەش. دیمەنی سیاسی لە عێراق بەجۆرێك شێواوە دەسەڵات و خەڵك هەردووكیان بوون بە خۆپیشاندەر، دووەمیان یەكەمیان بە سەبەبكارو خولقێنەری ئەو دۆخە دەزانێت و داوای ڕۆیشتنی دەكات، یەكەمیشیان ئەمریكا تۆمەتباردەكات بەداگیركردنی عێراق و داوای ڕۆیشتنی دەكات، بەمشێوەیە عێراق ڕۆژانە خوێن و سامانی لێدەچۆڕێ‌  لەبازنەیەكی بەتاڵدا دەسوڕێتەوە، ئاماژەكانیش نەك هیوای كرانەوەو بەرەوپێشچوونێكی تێدا بەدیناكرێت، بەڵكو ترسی ڕۆچوون بەرەو ئاڵۆزی و نەهامەتی زیاتر ئەگەرێكی كراوەو چاوەڕوانكراوە.


دواین پێشهاتەكانی خۆپیشاندان
بەپێی تازەترین ئامار، 4 كەس لەخۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی بەغدادو شارەكانی تری عێراقدا كوژراون‌و 100 كەسی دیكەش برینداربوون،  هێزە ئەمنییەكانی عێراق گوللەی زیندوو و گازی فرمێسك ڕێژیان بەشێوەیەكی بەربڵاو بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی "تەیەران" و ڕێگای "محەمەد قاسم"ی نزیكی  بەكارهێناوە، بەو هۆیەشەوە 3 خۆپیشاندەر كوژراون‌و 80ی دیكەش برینداربوون، زۆرینەی بەركەوتووەكانیش دووچاری تەنگەنەفەسی و خنكاندن بوون لە ئاكامی هەڵمژینی گازی فرمێسك ڕێژ، هاوكات لە باشوری عێراقیش كەسێك كوژراوەو 20 كەسی دیكەش برینداربوون.  
بەگوێرەی چالاكانی خۆپیشاندانەكان، پێشتر خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ناچاركرابوون ڕێگای "محەمەد قاسم" لە شاری بەغداد چۆڵبكەن، ئێوارەی ئەمڕۆ جارێكی توانیویانە ئەو ڕێگایە دابخەنەوەو، هەزاران خۆپیشاندەری تریش گەیشتونەتە گۆڕەپانەكە بۆ بەشداریكردن لەخۆپیشاندانەكان.
لەشاری بەسرەش، چەند چەكدارێكی نەناسراو چالاكێكی خۆپیشاندانەكانی ئەو شارەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللەو كوشتویانە، ئەوەش لەكاتێكدایە ڕووبەڕووبونەوەی خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لەو شارە گەیشتۆتە قۆناغێكی توندو ئاڵۆز.
لەوچوارچێوەیەدا هەزاران خۆپیشاندەر لە ناوچەی "جونەینە" لەشاری بەسرە گردبونەوەو  ڕێگای "ئەندەلوس"یان بەشێوەیەكی تەواوەتی داخست ‌و تایەی ئۆتۆمبیلیان لەشەقامەكان سوتاند، هاوكات تایەی سوتاویش شەقامی بازرگانی بەسرەی داپۆشی، خۆپیشاندەران دروشمی توندیان دژی "ئەسعد عیدانی" پارێزگاری بەسرەو فەرماندە ئەمنییەكانی شارەكە بەرزكردەوە، بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانیان و دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەندین خۆپیشاندەر.
"قاسم نەزال" فەرماندەی پرۆسە سەربازییەكان لە بەسرە لەبەیاننامەیەكدا، چەند لایەنێكی تۆمەتباركرد بە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ تێكدانی دۆخەكە و هەوڵدان بۆ دروستكردنی كەلێن لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، ڕاشیگەیاند: هێزە ئەمنییەكان كاردەكەن بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، داواشی لێكردن پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی و گرتنی ڕێگاو پەلاماردانی دامەزراوە حكومییەكان.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكانیش، دەزگا ئەمنییەكانی بەسرە فەرمانیان پێكراوە بە دەستگیركردنی هەر خۆپیشاندەرێك كە هەوڵی داخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و گرتنی ڕێگاكان بدات، لە دوێنیەوە، هێزی "شۆك" لەشاری بەسرە لەڕێی هێزەوە دەیەوێت خۆپیشاندانەكان سەركوت بكات و دەیان كەسیش دەستیگركراون.    
لەپارێزگاكانی (زیقارو كەربلا و نەجەف و واست و بابل) یش خۆپیشاندەران بەگرتنی ڕێگاو سوتاندنی تایەی ئۆتۆمبیل درێژەیان بە خۆپیشانداو هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتریش ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق بەشێوەیەكە پەلە وەڵامی داواكارییەكان نەدەنەوە.


پێشهاتە سیاسییەكان
بەگوێرەی هەوالێك كە ئێوارەی ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە: "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ "هادی عامری" سەرۆکی هاوپەیمانی بونیاتنان یەکلاکردنەوەی پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتوویان تاتوێکردووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ توندبونەوەی خۆپیشاندانەکان لەزۆرێک لە شارەکانی عێراق دوای کۆتایهاتنی ئەو مۆڵەتەی بۆ دەسەڵاتیان دیاریکردبوو بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، ژماریەک لە هێزە شیعییەکان و لەنێویاندا هاوپەیمانی بونیاتنان و کوتلەی سائیرون، ڕێککەوتوون لەسەر پێویستی یەکلاکردنەوەی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەشێوەیەکی پەلە کە بەلای خۆپیشاندەرانەوە پەسەند بێت.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانیش، ئەگەر زۆرە پێش ئەوەی "بەرهەم ساڵح" سبەی سێ شەممە گەشتی سویسرا بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی دافۆس کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕابسپێرێت.  
بەپێی ئەوزانیارییەی (درەو) لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستیكەتووە، سێ كەس  كاندیدین بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق
- عه‌لی شوکری 
-محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی
-مسته‌فاكازمی
بەوتەی سەرچاوەكە، "محەمەد عەلاوی" بەهێزترین كاندیدە، "عەلی شوكری" تا ئێستا رەتیكردۆتەوە ئەو پۆستە وەربگرێت
مستەفا كازمی لەلایەن شیعەكانی لایەنگرانی ئێرانیەوە رەتدەكرێتەوە.


بەتۆمەت و خۆپیشاندان وەڵامی خۆپیشاندەران دەدەنەوە
پێدەچێت كردنە ئامانجی بنكەو بارەگاكانی گروپەكانی حەشدی شەعبی و كوشتنی "قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس"لەلایەن ئەمریكاوە هێزە شیعییەكانی عێراقی بەتەواوی تووشی شڵەژان كردبێت، ئەوان لەبری وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران و دامركانەوەی خۆپیشاندانەكان ، بەزمانێكی توندتر لە جاران هەڕەشە دەكەن و بێتەموومژ خۆپیشاندەران بەجوڵاندیان لەلایەن دەستی دەرەكییەوە تۆمەتباردەكەن، بە ئاشكرا لێرەو لەوێ‌ هەڕەشەی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان دەكەن، ئەو توندوتیژییەی بەربڵاوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق  لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوشدا دژ بە خۆپیشاندەران لەبەغدادو شارەكانی تر بەكاریانهێناوە، ئاماژەیەكی ڕوونە بەوەی خواستێكی بەهێزیان هەیە تا لەڕێی هێزەوە كۆتایی بەو خۆپیشاندانانە بهێنن.
"كەریم علیوی" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (فەتح) لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: پارەی كەنداو دەڕژێتە عێراق بە ئامانجی لێدان لە سەقامگیری و ئاشتیبوونی خۆپیشاندانەكان، تەئكیدیش دەكات، زانیاری وردیان لەبەردەستدایە كە پارەی  وڵاتانی كەنداو لەوانەش "سعودییە" ڕژاوەتە ناو هەندێ‌ پارێزگای باشور بۆ شێواندنی داواكارییە ڕەواكانی خۆپیشاندەران.
لەگەڵ ئەوەی ئەم تۆمەتانە شتێكی تازەنین، بەڵام پرسیاری چاودێران و بەشێك لە خۆپیشاندەرانی عێراق ئەوەیە، بۆچی لەماوەی زیاتر لە سێ‌ مانگی ڕابردووداو دوای ڕژانی ئەو هەموو خوێن و زیانە ماڵییە، دەسەڵاتدارانی عێراق تائێستا چارەسەرێكیان بۆ ئەودۆخە نەدۆزیوەتەوەو ڕێگەش لەدەستوەردانی دەرەكی بگرن؟.
ئەم تۆمەتانەی هێزە دەسەڵاتدارەكان لەكاتێكدایە، چەند ڕۆژێكە زۆرێك لە هێزە شیعییەكانی عێراق بەهەموو توانیانەوە سەرقاڵی كۆكردنەوەی خەڵكن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی ملیۆنی گەورە لە بەغدادی پایتەخت و شارو شارۆچكەكانی ناوەڕاست و باشور دژی بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق، كە بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان جگە لەوەی ڕیكلامێكی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانو و هەندێك لەمیدیا حزبییەكانەوە بۆ دەكرێت، سەرجەم تواناكانی دەوڵەتیشیان بۆ خراوەتەسەرپشت تا خۆپیشاندانەكە دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبێت و ببێتەجۆرێ لەپشتیوانی بۆ بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق و هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر لەوبارەیەوە.
هێزە شیعییەكان كە لەگەڵ بەشێكی بەرچاوی شەقامی شیعی_دا كەوتونەتە ململانێیەكی سەختەوەو، ئەو خۆپیشاندانانەی زیاتر لە سێ‌ مانگە زۆرێك لەناوچەكانی عێراقی گرتۆتەوە بە هەڕەشەیەكی جدی دەزانن بۆ سەرپێگەی خۆیان، بە بایەخەوە لەو خۆپیشاندانەی بڕیارە ڕۆژی هەینی بەڕێوەبچێت دەڕوانن، ئەوان هەر بەو چاوە تەماشای ناكەن كە دژی ئەمریكاو هێزە بیانییەكان ڕێكدەخرێت، گەرچی ئامانجەكە سەرەكییەكەیان ئەوەیە، بەڵكو وەك جۆرێك لەبەیعەت و هەژموونی خۆیان تەماشای دەكەن لە عێراقی دوای خۆپیشاندانەكانی خەڵك، دەیانەوێت لەوڕێیەوە نمایشی بازووی خۆیان بكەن و ئەوپەیامە بگەیەننە شەقامی عێراقی و وڵاتانی دەرەوەش، كە هێشتا بەشێكی بەرچاوی خەڵك پشتیوانیان دەكات و ئامادەییان تێدایە لەسەر قسەی ئەوان بێنە سەرشەقام. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand