خەڵک چی لە یەکێتی دەوێ! 

Draw Media

2019-07-18 19:12:06



+ کاروان عەلی شامار   

ھیچ ھێزێکی شۆرشگێڕ نییە لە ناوچەکەدا بە رۆژھەلاتی ناڤینەوە بارتەقای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مێژویەکی جوان و پرشنگداری ھەبێ، ئەم فاکتەرەش بووە بەھۆی مانەوەو قەتیسبونی حیزبەکە لەچوارچێوە مێژوییەکەیدا، باشتر بڵێین تا ھەنوکە نەیتوانیوە تەوزیفی مێژووەکەی بکا بۆ بنیادنانی ئایندەیەکی جوانترو باشتر! یەکێتی بۆ ئەوەی لەھەمبەر مێژوەکەی بەگەورەی بمێنێتەوە، پێویستە لە ئاست خزمەت و داواکانی کۆمەڵانی خەلکی کوردستاندا بێت بۆ ئەمەش پێویستی بەھەنگاوی کردەیی و ئەنجامدانی کۆمەڵێک ئاکتی ئانیە لە دەڤەری سەوزدا، وەلێ بەپێچەوانەوە ناوچەکە دەرگیری ئاڵنگاری زیاتر دەبێتەوە! لێرەیا بەکورتی ئاماژە بەھەندێک لەو ئاکتانە دەکەین..

(1)
ماوەی زیاتر لە دە ساڵە (ی ن ک) کۆنگرەی نەبەستووە بۆیە ئەنجامدانی ئەو پرسە لەم کاتەیا گرنگی خۆی ھەیە بۆ ئەوەی ئەو حیزبە بتوانێ بەدیدو پلانێکی نوێوە جارێکی تر بێتەوە گۆرەپانی سیاسی و گۆرانێکی نەوعی لە ھەیکەلەو ستراتیجی خۆیدا بکا. خالێکی تر کە پێویستە یەکێتی ئەنجامیدا گۆرانکاریە لە بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییەکانیدا، سلێمانی ھەمیشە لەروی ئەمنیەوە پێش شارەکانی تربوە ئێستا بەھۆی تێکه‌ڵاوی ھەندێکیان بە کاری بزنس کە دواترینیان (ھاوردەی ھێلکەی بەسەرچوو بوو!)، خەریکە دەلاقە لەسەر ئەمنیەتی شارەکە دروست دەبێ! ھەروەھا پێویستە یەکێتی پشکەکانی لە حکومەتدا پرکاتەوە زیاتر لە سێ ساڵە چەندین پۆستی گرنگی ئەو حیزبەیە لە حکومەتدا به‌تاڵن و بەوەکالەت لەلایەن حزبەکانی ترەوە بەڕێوەدەبرێن! سەرباری ئەوانەش دەیان بەرێوبەری گشتی و قایمقام و بەرێوبەری ناحیە ھەیە کە ساڵاھایە لە پۆستەکانیان ماونەتەوە. یەکێتی بۆ ئه‌وه‌ی دڵی جه‌ماوه‌ره‌که‌ی به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌و خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵک بکا، ده‌بێ گۆڕانکاری له‌ پۆسته‌ ئیداری و سه‌ربازییه‌کانیدا بکاو که‌سانی گه‌نج و شایسته‌‌و ته‌کنۆکرات بێنێته‌ پێشه‌وه‌.

(2)
تا ساڵی ٢٠٠٦ ھیچ پارێزگایەک ھێندەی سلێمانی خزمەتگوزاری بۆ نەکرابوو بەجۆرێک لە باشترین و پرکارترین شارەکانی عیراق بوو، له‌ دوو کابینه‌ی ڕابردوو شارەکە لە روی خزمەتگوزاریەوە پاشەکشەی به‌رچاوی بەخۆوە بینیوە‌. ده‌بێ لە پێشینەی کارەکانی یەکێتی بوژانه‌وه‌ی سلێمانی بێ ئه‌ویش لەرێگەی ھاوردەکردنی کۆمپانیا بیانیه‌کان و هه‌روه‌ها هاندانی کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە له‌وانه‌ش گرنگتر ھێنانی بەشێک لە وەزارەتەکان و نوێنەرایەتی کونسڵخانەکان بۆ شاری سلێمانی ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسیەت و ئاسانکردن و رایکردنی کاروباری ھاولاتیانی ناوچەکەیە‌!
یەکێتی ھەنوکە لە حکومەتە خۆجێیەکاندا ھیچ پۆستێکی گرنگی بەدەستەوە نییە بە پارێزگاری سلێمانیشەوە، سه‌رده‌مێک گۆران زۆرینە بوو لە شارەکەدا یەکێتی لە پرۆسەیەکی تەواو دیموکراتیدا پارێزگاری رادەستی بزوتنەوەکه‌ کرد، رێکەوتنەکەی نێوانیان کە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بوو کۆتای ھاتووە کاتیەتی ئەو پۆستە وەرگرێتەوەو کاندیدێکی بەھێز دەستنیشانبکا بەجۆرێک ره‌زامه‌ندی خه‌ڵک و یه‌کێتیه‌کانی له‌سه‌ربێ، بتوانێ به‌هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ دڵسۆزانی شارەکە کۆمەلێک پرۆژەی ستراتیجی وەک شەقامی (100) مه‌تری شاری پیشەسازی چه‌مچه‌ماڵ و به‌دوسایدکردنی ڕێگاکانی ده‌ره‌وه‌ی شارو هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵیک پرۆژه‌ی تر که‌ ببنه‌ سه‌رمایه‌ی نیشتیمانی بۆ ناوچه‌که‌ ئه‌نجامبدا‌.


(3)
هیچ کات میدیای بینراوی شاری سلێمانی هێنده‌ی ئێستا لاواز نه‌بووه‌ رۆژگارێک تیڤی و میدیاکارانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ سه‌رمه‌شقی راگه‌یاندن بوون لێ هه‌نوکه‌ بۆشاییەکی گەورەی میدیایی ھەیە ھەردوو کەنالی (کوردستان24 و ڕوداو) توانیویانە زۆرێک لە پێشهات و روداوە سیاسیه‌کان ئاوەژوکەنەوە به‌ قازانجی پارتی، وە ھەر لەرێگای میدیاکانیانەوە توانیویانە وابکەن لە خەلکی سلێمانی ته‌نانه‌ت شۆپینگ و بزنسه‌کانیان ببه‌نه‌ شاری هه‌ولێر، مۆلەکانی ئه‌وێ جمەیان دێ لە خەڵکی سلێمانی! بەمەش دروستکردنێکی میدیایەک کە خزمه‌ت به‌ده‌ڤه‌ره‌که‌و گوزارە لە ھەموو رەنگەکان بکا بۆته‌ پێویستیەکی ھەنوکەیی‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌ ئاست پەرپەچدانەوەی تەخوین و شایعەی میدیاکانی پارتیدا بێتو روداو پێشهاته‌کان وه‌ک خۆی پیشانی بینه‌ر بدا!

 (4)
ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ لە ٦٥٪‏ سامانی سروشتی کوردستان پێکدێنن واتە زۆرینەی یه‌ده‌کی نه‌وت و سامانی سروشتی لەژێر قەلەمرەوی یەکێتیدان، لێ بەھۆی کارنەکردن لە کێڵگە نەوتیەکان بری بەرھەمھێنانی نەوت لە ناوچەکانی پارتی بەچەن ھێندە لەم دەڤەرە زیاترە! بۆیە گرنگە یەکێتی بتوانێ بره‌وی زیاتر به‌ بەرھەمھێنانی نەوتی ناوچه‌کە بدا، بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و داھاتێکی باش بۆ خه‌ڵکی ناوچەکە بەکار بھێنرێ.
خولاصه‌، لە ئێستادا زاڵبونی ھەژمونی پارتی لەکۆی سێکتەرەکانی حکومەت و دارایی و نەوتدا بەتەواوی رەنگی داوەتەوە ئاکتی ئانی و گرنگتر لە ھەموو ئەو خاڵەکانی تر ئەوەیە کە پێش بەو گەورەبونە نێرگزیەی پارتی بگیرێ و پارسەنگی ھێز بۆ ناوچەکە بگەرێتەوە ئەمەش تەنھا بە یەکێتی دەکرێ، وە خەلکیش تەنھا ئەمەی لە یەکێتی دەوێ!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand