بافڵ  تاڵەبانی بردیەوە

Draw Media

2019-07-18 17:13:33



+ د. دانا حەمەعەزیز   

وەك خەڵك لە میدیاكانەوە بافڵ تاڵەبانیم بینیوە، وەك خەڵكیش شایەتی سەرزەنشت و توانجی سۆشیاڵ میدیا و میدیاكانی نەیاری بووم.  بەڵام ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆكەی لەندەندا بینرا، ناساندنی كەسایەتیكی دیكە بوو، جیاواز لەوەی تا ئێستا باسكراوە.
مام جەلال سەركردەیەكی دڵفراوان بوو، سەرباری توڕەبوونەكانی، كۆمەڵایەتی  و  بەخشندە بوو، بەڵام ئەوەی لە بافڵم بینی، لە هێمنیی دا لە مام جەلایش جیاوازتر بوو. ژنێك دوژمنكارانە هێرش ئەبا، پیاوێك  ئاڵایەكی لەخۆیەوە ئاڵاندوە و  كامێرایەكیش بە كواڵتی بەرزەوە ئامادەیە.  ژنەكە،  جنێو ئەدا و تاوانی ئاخوندەكانی تاران دژ بە كوردی ئێران ئەخاتە ملی ئەم، بافڵ هێمن و لەسەرخۆیە، نەك كاردانەوەی توندی (وەك مرۆڤ) بەرامبەر ئەم ژنە نیە، بەڵكو ڕوو بە پێكەنین لەسەر ئەو جادەیە ئامادەی وەڵام و  روونكردنەوەیە. ژنەكە دەرفەتێكی باشی بۆ هەڵكەوتبوو، ئەیتوانی گفتوگۆیەكی باشی لەگەڵدا بكا و بیكا بە دوكیومێنتیكی مێژوویی، بەڵام ژنكە كارەكەی تەواو كرد وەك ئەوەی ئەوەندەی پێسپێردرابێ! 
گرتە ڤیدیۆییەكە بەشیوەیەكی بەرفراوان بڵاوكرایەوە، نەیارەكانی بافڵ و،  زۆربەی بەرهەڵستكارانی سیستەمی سیاسی داڕزیوی هەرێمیش وەك دەسكەوت دەستاو دەستیان پێكرد، بێ ئاگا لەوەی كە هەڵمەتی دژایەتی گەندەڵكارانیان خستە ژێر پرسیارەوە و، باشترین هەلیان بۆ بافڵ ڕەخساند بۆ ناساندنی خۆی وەك كارەكتەرێكی ئیجابیی.

حزبەكەی بافڵيش بەپێی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی سیاسی و ئیداریی، بەشێكە لە سیستەمی گەندەڵی هەرێم. بەڵام هەڵمەتی  تۆمەتباركردنی ئەم حزبە بە پشتیوانی تاران دژی كوردی ئێران و بزوتنەوە سیاسی و چەكداریەكەی، جێگەی گومانە!
كەس هێندەی مام جەلال  پشتیوانی كۆمەڵە و دیمۆكرات و حزبەكانی دیكەی كوردوستانی ئێران نەبوە،  كەسیش هێندەی یەكێتی لەم پشتیوانیەدا زەرەرمەند و نمەك بەحەرام نەبوە.
سەرباری نالەباریی جوگرافیا كە تەنها سنوری بە ئێرانەوە هەیە، بارەگای هەموو حزبەكانی كوردوستانی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتین و هەمووشیان پشتیوانی ماددی لە یەكێتی وەرئەگرن.  كەم گروپ و كەسایەتی سیاسی و هونەریی و ئەدەبیی و كۆمەڵایەتی كوردوستانی ئێران هەیە جێگەی حەوانەوەی سلێمانی نەبێ و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەئاشكرا یان بەنهێنی كۆمەكی ماددی و مەعنەویی نەكرێ.  لەبەرامبەریشدا، لە شۆڕشی ئەیلول و ڕۆژانی رەزمەندگانی موسڵمانی عێراقی و شەڕەكانی ناوخۆشەوە تا ئەمڕۆ، كەس هێندەی نەیارەكانی یەكێتی، پشتیان بەئێران نەبەستوە، زەرەریان  لە بزوتنەوەی سیاسی و چەكداریی كوردوستانی ئێران نەداوە!
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand