وردەكارییەكانی پشتی پەردەی كۆنگرەی حزبی دەعوە لە كەربەلا

Draw Media

2019-07-13 20:55:40



وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
بەیانی رۆژی هەینی لە شاری كەربەلا، حزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق كۆنگرەی گشتی بەست، كۆنگرەكە بە وتەیەكی نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حزبەكە دەستیپێكرد‌و دواتر گفتوگۆ‌و تاوتوێكردنی دۆخی حزبەكە دوای لەدەستدانی حكومڕانی عێراق  ئەنجامدراو شورای گشتی‌و ئەمینداری گشتی حزب هەڵبژێردراو دواتر ئەویش بە زۆرینەی دەنگ نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بە ئەمیندار هەڵبژاردەوە.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ماوەیەك لەمەوبەر پێش بەستنی كۆنگرەكە رایگەیاندبوو  خۆی بۆ هیچ بەرپرسیارێتیەك لەناو حزبدا هەڵنابژێرێت.

وردەكاریی كۆنگرەكە
سەرچاوەیەكی ئاگادار وردەكاری پشتی پەردەی كۆنگرەكەی حزبی دەعوەی ئیسلامیی لە كەربەلا ئاشكرادەكات كە ئەمانەن:
* 400 بانگخواز ئامادەی كۆنگرەكە بوون كە یەك لەسەر سێیان ئەندامی نوێ بوون.
* لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای حزبدا دوو لیست لە كێبركێدا بوون، یەكەمیان بەرەی ئەمینداری گشتی بوو كە 32 كاندیدی لەخۆگرتبوو، ئەم لیستە ناوی هیچ ئەندامێكی سەركردایەتی هەڵوەشاوەی حزبی تێدانەبوو جگە لە خودی نوری مالیكی.
* لیستی دووەم بەرەی سەركردایەتی " میحور القادە" بوو كە 33 كاندیدی لەخۆگرتبوو، چەند ئەندامێكی سەركردایەتی پێشوو‌و خودی نوری مالیكیشی تێدابوو.
* لیستەكەی بەرەی مالیكی ناوی ئەو سەركردانەشی تێدا نەبوو كە لە قەیرانی خۆكاندیدكردنی عەبادی لە ساڵی 2014 بێلایەن بوون وەك حەسەن شبر, دكتۆر عەبدولزەهرە بەندەر و دكتۆر تارق نەجم.
* لیستی بەرەی مالیكی پشتیوانی لە سەرجەم ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری كرد، كە ئامادەسازییان بۆ كۆنگرەكە كردبوو بە پیر داواكارییەكانی ئەمینداری گشتییەوە چوون, جگە لە مەحمود مەیالی كە بەرەی مالیكی پشتگیرییان نەكرد.
* سێ‌ لۆبی لە كێبركێدا بوون بۆ كاریگەریی خستنەسەر دەنگدان لە كۆنگرەی حزب كە بریتی بوون لە: ( دەستەبژێری بانگخوازان) ی مالیكی‌و ( كۆڕبەندی كەربەلا)ی سەركردایەتی پێشوو، ( بانگخوازە  مەیامینەكان) كە بزوتنەوەیەكە نوێنەرایی  بانگخوازانی دەرەوەی رێكخستن دەكات‌و دكتۆر مەنهەل زاڵمی لە كۆنگرەكەدا نوێنەرایەتی دەكردن.
* زۆرینەیەكی بێدەنگ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی لە نێوان بەرەكاندا یەكلاكردەوە‌و هەموانی توشی شۆك كرد كاتێك دەركەوت نوێنەرایەتی 70%ی كۆنگرەی گشتی دەكات.
* سەركردایەتی پێشوو پارێزگاری لە مانەوەی كرد لە ئەنجومەنی شورای حزبدا، و زۆرینەی ئەندامەكانی لە پێگەكانی سەركردایەتی نوێ یان (دەستەی رێككاری حزبیی) یان ( دەستەی هەڵسەنگاندنی) حزبی ئامادەییان دەبێت.
* رێژەیەكی باش لە گەنجان بەشداری كۆنگرە بوون، بەڵام چانسیان لە هەڵبژاردنەكاندا كەمبوون، چونكە رێگە بە زۆربەیان نەدرا خۆیان كاندیدبكەن.
* لەكۆی 400 ئەندامی كۆنگرە تەنها 12 ژن بەشداربوون.
* بەڕێوەبردنی كۆنگرەیە لەلایەن دكتۆر تارق نەجم سەعداوییەوە سەرۆكایەتی كرا.
* هەندێك لە توندڕەوەكان لایەنگری ئەمینداری گشتی هەوڵیاندا هانی بدەن كە هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی لە كۆنگرەدا بخرێتەڕوو، سەركردایەتی حزبیش هەڕەشەی كشانەوەی كرد لە كۆنگرەكە ئەگەر ئەوە بكرێت.
* هەڵبژاردنی سەركردایەتی‌و ئەمینداری گشتی بۆ قۆناغی دواتر دواخرا‌و كۆنگرەی گشتی دەسەڵاتی دایە ئەنجومەنی شورا بۆ هەڵبژاردنی سەركردایەتی‌و ئەمینداری گشتی.
* دیارترین ئامادەنەبووی كۆنگرەكە بریتی بوو لە سەركردەی حزب شەریف رفاعیی براگەورەی عەبدولجەبار رفاعی كە بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە ئامادەنەبوو، لەگەڵ دكتۆر نەوفەل ئەبوشۆن‌و رۆشنبیری حزب شێخ موهەننەد ساعدیی.
* ئەبو شۆن بایكۆتی كۆنگرەكەی كرد بەهۆی ناڕەزایەتی نەبوونی ناوی لە لیستی كاندیدەكانی ئەنجومەنی شورادا.
* هۆكاری ئامادەنەبوونی  موهەننەد ساعدیین بۆ ڤیتۆی نوری مالیكی دەگەڕێتەوە لەسەری كە بە سەركردایەتی حزبی راگەیاندبوو ئەگەر ساعدیی ئامادەبێت ئەوا ئەو ئامادەنابێتو ئەوانیش پێیان وتبوو بەهۆی ئەوەوە حزبی دەعوە پەرت مەكە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شێخ موهەننەد رەخنەی توندی ئاراستەی مالیكی كردبووو بەرگری لە دامەزراوەكانی حزب كردبوو دژی تاكڕەویی.
* بەتەمەنترین ئەندامەكانی حزب لە سەركردایەتی و سەرجەم دەستەكانی حزبدا نەمان كە بریتی بوون لە كەریم كوفی, حەسەن شبر‌و عەبدولزەهرە بەندەر.
* كۆنگرەكە دۆخی حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو تاوتوێ نەكردو باسیشی لە دۆخی هاوپەیمانی ( دەوڵەتی یاسا)‌و ( نەسر) نەكرد.
* كۆنگرەكە هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی بە ئەنجومەنی شورا سپارد.
* كۆنگرەكە رێگەیدا رێكخستنی نێودەوڵەتی حزب لە ئەنجومەنی شورا نوێنەرایەتیان هەبێت لە رێگەی نوێنەرەكانی حزبەوە لە ئەوروپا، ئەمریكا، ئوسترالیا‌و ئێرانەوە.
* كۆنگرەكە دژایەتی زۆری هەبوو بۆ سەركەوتنی كەسایەتیی توندڕەوەكان‌و لەو چوارچێوەیەشدا ناوی شێخ عامر كەفیشی هاتەئاراوە.
* پەرلەمانتارانی حزب لە كۆنگرەكەدا ئامادەگییەكی ئەوتۆیان نەبوو، حزبەكە بەباشتری زانیبوو رۆڵی زیاتر بدرێتە چالاكانی نێو گۆڕەپانی سیاسیی.
* گروپەكانی داخراوەكانی تۆڕەكانی پەیوەندی‌و گروپەكانی ( واتس ئەپ) كە بەرووی ئەندامانی حزبدا داخرابوون، رۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە ئاراستەكردنی دەنگدەران.
* نوری مالیكی ئەمینداری گشتی پێشووی حزبی دەعوە ئامادەگییەكی بەهێزی لە كۆنگرەكەدا هەبوو، هێشتا پێگەیەكی گرنگی لە دەعوەدا ماوە.
* دكتۆر تارق نەجم، شێخ عەبدولحەلیم زهێری‌و دكتۆر حەیدەر عەبادی پارێزگارییان لە پێكەی بەهێزی خۆیان كرد لە كۆنگرەكەدا.
* لە كۆنگرەكەدا پێشێلكارییەكانی پەیڕەوی ناوخۆ خرانەڕوو.
* زۆرینەی بانگخوازانی حزب لە قۆناغی پێش 2003 لیستەكانی هەڵبژاردنیان كۆنتر‌وڵكردبوو، ئامادەیی ئەو بانگخوازانەی دوای 2003 پەیوەندییان بە حزبەكەوە كردووە زۆر لاواز بوو.
سەرچاوە: العالم الجدید

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand