بەهرۆز جەعفەر بۆ كورد ئەگری یان شینی هەریسەكەیەتی!

Draw Media

2019-07-12 10:21:26



+ گۆران عەلی کەریم  

كاتێك رەخنە دەلكێت بە ئەجێندای بەرژەوەندی شەخسییەو و لینجی كین و بوغزی لێ دەتكێت، ئیتر ئەو نوسینە هەر چییەك بێت، نەك رەخنە نییە تەنانەت بارگاوییە بە هەموو شتێكەوە جگە خەمی رەخنەگر بۆ رخەگرتن لە ناشرینیەك.
حەز دەكەم ئەوەش بلێم ئەوەی من دەینوسم، لەسۆنگەی بەرگریكردنەوە نییە لەكەسێك، چونكە هیچ كات من هێندەی كاك بەهرۆز لەكاك بەرهەمەوە نزیك نەبووم و هاوشانی دانەنیشتوم و هەوڵی پیاهەڵدانیشیم بۆی نەبووە.
كاك بەهرۆز كە زیاتر هەڵپەیەتی و پەلەیەتی پێبگات و هەمیشە كەپر سەوزە و لە جێگەیەك ناسرەوێت، ئیدعای ئەكادیمیستی و رۆژنامەنووسی دەكات، ئێستا نوسینێكی كۆنی سێ‌ مانگ لەمەوبەری گەرم كردۆتەوە و لەواڵەكەی لەژێر ناوی" سه‌رۆك كۆمارو به‌خته‌ڕه‌شه‌كه‌ی كورد له‌به‌غدا"  بڵاوی كردۆتەوە، سەیر لەوەدایە لەماوەی ئەم سێ‌ مانگەدا دنیایەك گۆرانكاری هاتۆتە پێشەوە، گۆرانكارییەك كەبەشێكی زۆر لە رایەڵەكانی نوسینەكەی لەسەر ئەو باسانەی نوسراوە بەدرۆ دەخاتەوە، بەڵام چونكە مەبەستی بەهرۆز رەخنە نییە و مەبەستی رازیكردنی دڵی خەڵكی ترە، ئەركی ئەوەی نەكێشاوە تەنانەت پاكنوس لە نوسینەكەیدا  بكات كە بۆ حورمەتی خۆیی و نوسینەكەشی باشتر بوو، یان خۆدەكرا ئەوشتانەشی چاك بكردایە كە پێچەوانە بوەتەوە، بۆنمونە ئەوباسی ئەوە دەكات كە سەرۆك كۆمار ناتوانێ‌ بچێتە هەولێر، ئیتر نازانم بەرێزیان نایەوێت بروا بەچاوی خۆی بكات كە لەهەولێر فەرشی سوری بۆداخرا یان نایەوێت لەقسەی خۆی پەشیمان بێتەوە كەسێ‌ مانگ لەمەوبەر واینوسیوە. ئەو باس لە پەیوەندی تەلەفۆنی ئەكات لەگەڵ رۆژنامەنووسانی نزیك لەپارتی ئەنجام دراوە بەڵام ئەوەی بیرچوەتەوە كە پێشتر خۆی یەكێ بوو لەو كەسانەی لەلایەن كاك بەرهەمەوە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵدا ئەنجامدراوە و بەشانازیشەوە لەناو كۆرو كۆبونەوەی خۆیدا باسی لەو تەلەفۆنانە كردوە، یان نازانم بۆچی باسی سەردانی نیچیرڤان بارزانی ناكات بۆ بەغداد و باسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی مەسروبارزانی  و نچیرڤان بارزانی نادیدەدەگرێت. بەڵام پێدەچێت كاك بەهرۆز ئێستا لەوەتورەبێت كە وەك جاران وەڵامی تەلەفۆنی نادرێتەوە، بۆیە تا تێپەراندنی ئەدەبی سنوری نوسین قەڵەمەكەی بۆ رازیكردنی نەیارەكانی دۆستەكەی دوێنێی بەكار دێنێت. 
لەشوێنێكی تر نوسیویەتی" یه‌كێك له‌ كۆڵه‌گه‌ گه‌وره‌كانی "سیاسه‌ت" بریتی یه‌ له‌ بونی "سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی" تاكه‌ شتێك كه‌ ئه‌م سه‌رمایه‌ ڕه‌مزییه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات "متمانه‌" یە، لەراستیدا سەرمایەی رەمزی تەنیا بۆ دنیای سیاسەت گرنگ نییە بەڵکو سەرمایەی ڕەمزی بۆ ژیانی ئاسایی و تەنانەت هاورێیەتی و ناو خێزانیش گرنگە، بۆیە رەنگە خەمە گەورەكەی كاك بەهرۆز ئەوەبێت، كە رەنگە كەم كەس لەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆیدا هێندەی ئەو بەهەڵبەزو دابەزی هەلێوستەکانی زیانی لەكەسایەتی خۆی دابێت، راسترین نمونەش ئەوەیە لە رووداوەکانی 17ی شوبات ئەو لەوكەسانە بوو كە هەموو هاورێكانی بەچاوی گومانەوە لەویان ئەروانی و تەنانەت كار گەیشتە كەنارخستنیشی لەهاورێیەتی. ئاخر متمانە چۆن وادروست ئەبێت كەسێك بیەوێت لەپاڵ دۆستێكیدا گەورە بێت بەڵام كەخۆی مقەوەماتی گەورەیی تیانەبێت ئیتر گوناهی دۆستەكەت چییە، چونكە هەندێك كەس لەپاڵ پیرەمەگرونیشدا بوەستێت هەر گەورە نابێت، كە بەهرۆز جەعفەریش بەداخەوە لەوكەسانەیە. لەراستیدا كاتێك كەسێك بۆ ئەوە رەخنە نەگرێت كە عەیبێك كەموكورتیەك شك بەرێت، بەڵكو رەخنەگرتن لەكەسێك بكاتە پرد بۆ پەرینەوە بۆ ئەو بەر تا خەڵك لەخۆی رازی بكات. (رەنگە ئەوە قسەی بەهرۆز جەعفەر خۆی بێت)، تا ئەو رەخنەی زەق و زبرەش نەگریت، ئەو متمانەیەی ئەو بەدوایدا دەگەرێت لەولا دەست نەكەوێت، جانازانم ئەو کەباسی متمانە ئەکات مەبەستی ئەو جۆرە متماتنەیەیە کە ئەو بەدوایدا وێلە؟.
لەكۆتای نوسینەكەیدا بەهرۆز جەعفەر ئەنوسێت" ئایا خه‌ڵكی كوردستان ناپرسن بۆچی ئه‌م نوسینه‌ 180 پله‌ جیاوازه‌ له‌و نوسین و بۆچونانه‌ی پێشتر پێی داكۆكیمان له‌ناوبراو كردووه‌" نوسەر لێرە كەمێك فوی كردۆتە خۆی و باس لەوە ئەكات خەڵكی كوردستان پرسیار لەسەر نوسینەكانی ئەو بكات، بەڵام نەك خەڵكی كوردستان دۆستە نزیكەكانی ئەوانەی لەنزیكەوە دەیناسن هەموان هۆكاری ئەم تورە بون و هەڵچونە دەزانن، هەروەها ئەوەش دەزانن كەچ لایەنێك و كێ‌ لەپشتی ئەو نوسینانەوەیە، هەروەك پیرەمێرد دەفەرموێ: 
ڕەسەن ڕێزت گرت شەرمەزار ئەبێ
بەڵام ناڕەسەن تا بێ هار ئەبێ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand