دیوێکی تری تەقەکردن لە گردی زەرگەتە

Draw Media

2019-06-12 06:51:36



هادی حەمەرەشید 

ئەو دیوەی کە هەمووان ئەیڵێنەوە، هەموو ڕاستییەکە نیە، ئەوەی کە گوایە یەکێتی ماڵێکی بێ خاوەنە و لەبەرخورد لەگەڵ ئەوانیتردا وەك پارتی هەڕەشە و هاشوهوش ئەکات و تەقە لە بارەگاکانیان ئەکات و ئەسوتێنێت و ئەکوژێت، ئەمە ڕوونە و کۆپی یەکترن، هەردووکیان ڕیسوابن، هەروەك ڕیسوای بەردەم هێزەکانی مەرکەز و وڵاتە هەرێمایەتییەکان بوون، بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نیە!

هێزێك کە نزیك بە ساڵێك لەمەوبەر دێتە سەرت، خوێن ئەڕێژێت و بە مەبەست تەقە لە وێنەی سیمبۆل و ڕابەری ڕۆحیت ئەکات، کەچی هەر هەمان شەو لەگەڵیان کۆئەبیتەوە و بێباکانە لەناو کادیرە توتی ئاساکانتدا بڵاوی ئەکەیتەوە کە ((بابەتەکە شەخسییە و کێشەی کەسیی نێوان فڵان و فیسارە و دوور و نزیك کێشەی یەکێتی و گۆڕان نیە)) دوای سێ ڕۆژ لەفشاری دۆستان، جا بە دوودڵییەوە ڕاگەیەنراوێکی شەرمنانەی جڤات بڵاوئەکەیتەوە، بەفیتی ئەم و ئەو قایلیت بە گەڕە لێبوردنێك و بکەرانی تاوانەکە ئەهێننە سەر ئارامگای کاك نەوشیروان و ڕێکخەری گشتیی و خانە لەگەڵیان ئەوەستن، ئەمجارە و دەیان جاریتریش بۆیان قوت ئەچێت و هیچیش لە دۆخەکە ناگۆڕێت!

ئەم نووسینە سکرین بکەن(کە دڵنیام نەشڵێم هەر ئەیکەن و بۆ ئەم و ئەوی ئەبەن!) هەڵیگرن بۆ ڕۆژگاری خۆی، هێزێك کە بە مەرکەزیی بڕیاری شکاندنی کارەکتەر و فیگەرە کاریگەرەکانی خۆی دابێت و عەبدولڕەزاق شەریف گوتەنی(سواڵکەر و قەرەجی هاوردەی سلێمانی) بەردابێتە گیانی کەسێتییە سەنگینەکانی خۆیەوە، هەر بەجدیی بافڵ و بنەماڵەی تاڵەبانیی ئیتر چۆن سڵیان لێ ئەکەنەوە و لەمەش بەدتر ناکەن؟!

هێزێك بەناو سەرکردە مەیدانییەکانی ئێستای واستە لای ڕێباز حەملان بکەن تا بە نێچیرڤان بڵێت چاوێکی لێیانەوە بێت چونکە دوو ئەندامیتری خانەی ڕاپەڕاندن سیڤییان بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم پڕکردووەتەوە و بەزمانی حاڵ ئەڵێن:((اژْكُرْنِی عِندَ رَبِّكَ)) ئەبێت ئەم شەقاوە و شەللاتییانەی ماڵی تاڵەبانی لەچی سڵ بکەن؟!

گۆڕانخوازانی قوربانیدەر; پرۆسەکە لەوە قوڵترە کە بە شێر و کۆپی پێست کردنی بەیاننامەیەکی کرچ و کاڵ یان نووسینێکی سۆزگەراییانەی برادەرێك چارەسەر بکرێت، بەڵکو گۆڕان بە مەرکەزیی هەوڵی سەردەست کردنی کۆمەڵێك دەستوپێ سپی و هیچ لەباردا نەبوو ئەدات و خەڵکانی دڵسۆزی ڕیزەکانی خۆی ئەبوغزێنێت و لەڕیزەکانی خۆی دووریان ئەخاتەوە، کۆمەڵێك پۆست پەرست و ماستاوچی ئەهێنێتە پێشەوە، کە بچوکترین قورساییان لەلای ئەو دوو بنەماڵە مافیایە نیە، دەی دڵنیابن دەرئەنجامەکان لە ئێستا باشتر نابێت.

#درود_بۆ_گیانی_شەهید_ڕێبەند_و_هەموو_شەهیدانی_دەستی_غەدر_و_خیانەت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand