بارزانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئیحراج ده‌كات

2019-05-26 06:55:58

سەرتیپ وەیسی كەریم 

له‌سه‌ر بنه‌مایی ڕێككه‌وتنێكی پێشووتری نێوانیان، له‌ نوێترین نامه‌دا كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوا له‌ مه‌سعود بارزانی كردووه‌ به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتیی له‌ عێراق، پێویسته‌ په‌له‌بكرێت له‌ ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و دانانی پارێزگاری كه‌ركوك، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌نجامی سه‌رژمێرییه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد نه‌بێت له‌و ناوچانه‌.
نامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ تاڕاده‌یه‌كی زۆر پاساوی لۆژیكی تێدایه‌، به‌ڵام بارزانی له‌سه‌رجه‌م به‌ڵێنه‌كانی پێشووتری پاشگه‌زبۆته‌وه‌، نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ پارێزگار له‌و كه‌سانه‌ بێت كه‌ یه‌كێتیی دیاریكردووه‌، نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدایه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و كاره‌بكرێت.
گروپی كه‌ركوكییه‌كانی نێو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی بارزانی، هه‌فته‌ی ڕابردوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌یبی سیاسیان ئه‌نجامدا، له‌ ئێستاشدا داواده‌كه‌ن یه‌كێتیی به‌ هیچ جۆرێك ده‌نگنه‌دات به‌ نێچیرڤان بارزانی، تاوه‌كو به‌ڵینه‌كانیان له‌باره‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن.
هه‌فته‌ی ڕابردووش شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ نهێنی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبوونه‌ته‌وه‌، داوایان كردووه‌ به‌ڵێنه‌كان وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكرێت.
یه‌كێتیی جیا له‌و ناوانه‌ی له‌ ڕابردوودا بۆ پۆستی پارێزگار پێشكه‌شیكردووه‌، ئه‌مجاره‌ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی ناوی پێشكه‌شكردووه‌ بۆ پۆستی پارێزگار، به‌ڵام پارتی و بارزانی ته‌نها فه‌ره‌یدوون عبدالقادریان به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌، یه‌كێتیش ئه‌مه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، ته‌نها كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پارتی هه‌ر نه‌هاته‌ ژێربار، ئه‌وكات ده‌كرێت فه‌ره‌یدن عبدالقادر بكرێته‌ پارێزگارو خالید شوانیش بكرێته‌ وه‌زیری داد.
كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌رپرسیاریه‌تی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتیی هه‌ڵگرت، كاتێك توانی حزبه‌كه‌ی ڕازیبكات بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی، ئێستاش ناوبراو تووشی ئیحراجی بووه‌و كه‌ بارزانی له‌ به‌ڵێنه‌كانی پاشگه‌زبۆته‌وه‌.
ره‌ِنگه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا، پرسی كه‌ركوك جارێكی دیكه‌ قه‌یرانێك دروستبكات، له‌ نێوشیان مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand