ھەموو پارەیەك دیارنامێنێت: پارەی موچەی نێردراویش لە بەغداوە

Draw Media

2019-05-25 14:14:44



مەریوان وریا قانع

حكومەتی ناوەند موچەی ٤ مانگی فەرمانبەرانی ھەرێمی ناردوە و ھەرێمیش تا ئێستا لانیكەم نیوەی ئەو موچەیەی ھەڵگرتوە و لە كاتی خۆیدا بە موچەخۆرانی ھەرێمی نەداوە. فواد حسێن، وەك وەزیری مالیەی حكومەتی عێراق، بە ئاشكرا ئەوە دەسەلمێندرێت كە ئەو پارانە نێردراون بەڵام دابەشنەكراون. حكومەتی ھەرێمیش لەبەرامبەر ئەم موعەما گەورەیەدا بێدەنگە.
ئەوەی لەم چەند ساڵەی دوایی خەڵكی ھەرێم گوێیان لێبووە ئەوەیە كە ھەرێم پارەیەكی زۆر قەرزارە، ئەم قەرزانەش بە چەندان ملیار دۆرلار دەخەمڵێندرێن. چەند ساڵێك لەمەوبەریش ئاشتی ھەورامی، وەزیری نەوت و سامانە سروشتیەكان، بە ئاشكرا و لەسەر تەلەفیزیۆنەوە بە ھەمووانی ووت نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ ١٠٠ دۆلاریش بەرزببێتەوە، ھێشتا حكومەتی ھەرێم بۆ ساڵانێكی درێژ ناتوانێت موچەی فەرمانبەرەكانی دابینبكات. پرسیارەكە ئەوەیە ئەم حكومەتە بۆ ناتوانێت ئەم كارە بكات؟ ئەگەر لەبەر قەرزەكانە بڕ و ڕادەی ئەو قەرزانە چەندن؟ ئەو قەرزانە چۆن دروستبوون؟ ئەوەی كە قەرزكراوە بۆ كوێ چوون و چیان لێھاتوە؟ 
ئەمانە ھەندێك لەو پرسیارە سەرەتایی و سادانەن كە مافی ھەموو ھاوڵاتییەكی ھەرێمە وەڵامەكانیان بزانێت. ئەركی ئەو حكومەتەیە ئەم مەسەلەیە بۆ خەڵك ڕوونبكاتەوە. ماقوڵ نییە ھەرێمێك دەوڵەمەند لە نەوت و بچووك لە دانیشتواندا نەتوانێت خۆی خۆی بەخێوبكات. ئەو ھەموو قەرزەی كردبێت، تا ئەو شوێنەی تەنانەت موچەی فەرمانبەرەكانیشی بۆ نەدرێت. مەسەلەكە جگە لە بوونی گەندەڵییەكی زەبەلاح و دزینێكی كەم وێنە و خراپبەكارھێنانێكی ھێجگار نابەرپرسانەی پارە و سامانی نیشتیمانیی، زیاتر نییە. كاتی ئەوە ھاتووە كەشفكردنی ئەم مەلەفی نەوت و مەلەفی قەرز و مەلەفی سەرفكردنە سەیرەی پارە، ببێتە بابەتی ژمارە یەكی كاری سیاسیی لە ھەرێمدا. بەبێ دەستبردن بۆ ئەم مەلەفانە ھەموو كارەكانی تر بێمانان.
ھەموو كردەیەكی ئینسانیی پێویستی بە كەمەكێك شەرم و حەیا ھەیە، ئەوەی لە ھەرێم و لە سیاسەتی كوردیدا نەماوە ھەردووكیانە. سیاسەتی وا بێشەرم و وا بێحەیا لە دونیادا وێنەی نییە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand