زۆنی سەوز; دۆزەخێك بۆ کاسبکاران!

Draw Media

2019-05-24 17:04:29



هادی حەمەرەشید
یەکێتی نەبووایە عەیامێك بوو شتێك نەمابوو ناوی پارتی بێت، ئەوە یەکێتییە پرۆسەی مانەوەی پارتی درێژ و درێژتر ئەکاتەوە، یەکێتی وەك قوتابخانەیەك(جا هەرچیتریش کە خۆی پێ جودایە و هەڵگری هەمان خەسڵەتەکانی یەکێتییە، هەمان دەرئەنجامی هەیە!)
یەکێتی وا چل و ئەوەندە ساڵە خەڵكی نیگەران لە سیاسەتی پارتی نیگەرانتر ئەکات و وایان لێ ئەکات کە درود و ڕەحمەت بنێرێت بۆ کفن دزی پێشوو و لە حەوشەی پشتەوە خۆیان بکەنەوە بەناو پارتیدا!

یەکێتی (ماڵە گەورەکە) نیە، بەقەولی باوی خەڵك (ماڵە بێ گەورەکەیە) و بەردەوام بە نیگەران کردنی خەڵك ماڵەکەی پارتی گەورە و گەورەتر ئەکات!

چەند ماندووکەر و تاقەتپڕوکێنە کە چەند دەیەیە گوێی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەت پڕکردبێت لە خراپی و نەنگییەکانی (بارەگای بارزانیی و مەکتەبی سەرۆك) کەچی (ئیدارەی گشتیی)یەکەی خۆت هەناسەی لەبەری گشت بڕیبێت!
عەیامێکە ژمارەی ئەندامانی خێزان و ماڵباتی بارزانیی بۆ خەڵك ڕیزبکەیت و چیرۆکی دەستێوەردانی ئەوان بۆ ناو حیزب و بازاڕ و کۆمەڵگا بگێڕیتەوە و کەچی بەچەند ئەندامێکی کەمی خێزانی باڵادەستی خۆتەوە سەرانە لە پنت بە پنتی قەڵەمڕەوییەکەی خۆت وەرگریت بۆ کۆمپانیاکانت، لەگەڵ پاقلەفرۆشێکدا تا ئەگات بە گەورەترین سەرمایەدار داوای شەریکایەتیی بکەیت!

یەکێتی کە دروست ئەبێت، پارتیبوون بۆ سەردەمێکی درێژ ئەبێتە عەیبە، بەڵام بە وێرانەکردنی سیاسەت و ئیدارە بەردەوام خەڵك تەیار ئەکاتەوە بۆ پارتی، نەك بەو لۆژیکەی کە پارتی باشترە، بەڵکو یەکێك لە پاڵنەرەکان تۆڵەیە لەم هێزەی کە بەردەوام ماڵەکەی کەیل و سەرگەردان و کارەکتەرەکانی خەریکی یەکترشکاندنن، پاڵنەرەکەیتر تەسلیمبوونە بەو لۆژیکەی کە پێشتر زۆر ڕادیکاڵانە دژی بووە، بەڵام کە خۆی لە ماڵێکی وێرانتردا بینیوەتەوە، بڕیاری سەنگەرگۆڕین و گەڕانەوە بۆ پارتی دایکی داوە!

سەرگوزەشتەی(کۆمەڵەی ڕەنجدەران) و ڕێکخستنی پۆڵاین و کاڵکردنەوەی پارتی و پاشەکشەکردن بە ململانێی کلاسیکیی(مەلایی_جەلالیی) بۆ قۆناغێك، کەیسێکی جیاوازە و ناکرێت تێکەڵ بە کۆی وێنەکە بکرێت، بەڵام کاتێك کە بەشێك لە سەرکردە و فەرماندەکانی کۆمەڵە لە پاش ڕاپەڕین خراپترین و بەدناوترین سیگناڵی بەڕێوەبردنیان خستەڕوو، ئیدی پێویست بوو بە کۆرس درود بنێرین بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەرەتای ڕاپەڕیندا کۆمەڵەیان هەڵوەشاندەوە و نەیان هێشت ڕۆژگاری بارۆن و فیرعەونەکانی شار ببینن!

ئیدارەی ئەم ناوچەیە کە بەڕواڵەت و (لەخەو)ماندا ئارامە، لەڕاستیدا هەر وەك چۆن لە هەولێر و دهۆك لەسەر شەقامەکان بەهێز لاواز ئەکوژێت و چەك لەشان و دەسەڵاتداران خەڵکانی سڤیل ئەکوژن، تەنانەت سیاسییەکی بەهێزی ناو ماڵبات پاکتاوی جەستەیی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و فیگەرە سەربازییەکانی خۆیان ئەکەن، لێرەش بەڕۆژی ڕووناك و لە پەنهانی شەودا تیرۆر و کوشتن بەردەوامە و وێنەکان ئێجگار لەیەك ئەچن!
ئەگەر لە هەولێر خێزانێکی گەورە سەری لە کەلاکی ئیدارە نابێت و خوێنی ئەو خەڵکە بمژێت، ئەوا لێرە ئیدارەی گشتیی بە چەندین ناوی جیاوازەوە هەمان پرۆسە ئەنجام ئەدەن و پاش خۆیشیان بێ باکن کە چەند بەرپرسی لۆکاڵییش یەك تنۆك خوێن لە جەستەی خەڵکیدا ناهێڵن!

دۆخی بازرگانیی و بازاڕ و کەسابەتی خەڵك لەخراپترین قۆناغی بێ پێشینەدایە، بازرگان و بزنسمانان لە بچووکترین تروسکە ئەگەڕێن تا ئاسۆیەکیان بەڕوودا بکاتەوە، ئەگەر سەردەمێك سڵیان لە کاك نەوشیروان و کۆمەڵێك تێکۆشەری دەوری کردبێت بەداخەوە وا لە دوو ساڵی ڕابردوودا پەردەی شەرمیان دڕاندووە و سەرکردەکانی گۆڕانیش بەهۆی بوونی پشك و بەشی خۆیانەوە بێ باکن لەو فشارە زۆرانەی هەردوو ئیدارە!

بەهۆی پێگەی ژیانی خۆم کە پارێزگای هەڵەبجەیە، شاهیدی دەیان گێچەڵ و فشاری ئەو ئیدارەیە و کۆمپانیاکانیانم لەسەر کاسبکار و بازرگانان، لەجێگایەکی داخراوی وەك هەڵەبجەدا کە ساڵانێکە خوازیاری کردنەوەی دەروازەیەکی فەرمیی و بوار ڕەخساندنین بۆ خەڵکی ناوچەکە تا شارەکە ڕێژەیەك لە بوژاندنەوە بەخۆیەوە ببینێت، کەچی بڕیار و داخوازیی کۆمپانیاکانی سەر بەئیدارەی گشتیی بارگرانیی زۆری بۆ بازرگان و کاسبکار و شۆفێر و کرێکاران دروست کردووە، لە بەرامبەردا کەمترین خزمەتگوزارییان لەو باج و سەرانەیە دەرنەکردووە.

بەجۆرێك کە چەندین کەس لەو توێژانەی کە باسمان کرد پەیوەندییمان پێوە ئەکەن و ئەپرسن; ئەرێ بەڕاست ئێوەی چالاکوانانی مەدەنی کەمپەینتان بۆ دروستکردنی پارێزگا، بۆ سەرپێخستنی ئەم جۆرە ئیدارەیە بوو کە هەر ڕۆژەی بارگرانییەکی بێ خزمەتگوزاریی بێت؟!

نموونەشیان لەئێستادا زوو زوو داخستنی دەروازەی سنووریی تەوێڵە و سەپاندنی چەندین بڕیار و بارگرانییە لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بەحیزبەوە، هاوکات کردنەوەی گەراجێکە لە گوڵپ کە لەڕووی یاساییەوە زۆر دورە لە دەروازەکەوە و لەگەڵ ستانداردی ئیدارییدا ناگونجێت، لەزاری شۆفێرەکانەوە(لەگەڵ ڕێزماندا) سیاجێك وەك پەچەی ئاژەڵیان بۆ دروست کردوون، بەبێ بڕینی هیچ قۆناغێكی تەندەرین و بنیادنانی بەشەکانی لە بوونی مزگەوت و خواردنگە و ئۆفیسی حەوانەوە بۆ شۆفێران و گرەنتی پاراستنی ئۆتۆمبێلەکانیان، بەڵکو بە دەستەواژەی( گرنگ نیە ئۆتۆمبێلەکانتان ئەبەن بۆ ئەو گەراجە بۆ ڕاگرتن، بەڵکو گرنگە هەموو شۆفێرێکتان بڕی پێنج هەزار دینار ڕادەستی گەراجەکە بکەن)کۆتا ڕازی دڵی خۆیانیان بەبێ ئەملاولا پێڕاگەیاندوون، کە وەك باسیان کرد، ئەدرێت بە کۆمپانیای (ڕەزگە)ی سەر بە ئیدارەی گشتیی!!
کە بێگومان دۆخی هیچ دەروازەیەك لەمە باشتر نیە، بۆ هەر بوارێك یەکێك لە کۆمپانیاکانی سەر بە ئیدارە ڕاسپێردراوە بۆ قۆرخکاریی!

لای هەمووان ڕوونە کە لەسەر ئاستی باڵادا پرۆسەکە لەمە وێرانترە و هەردوو ئیدارە وەك دۆزەخی کاسبکار و پیشەوەر و بازرگانان دێتە بەرچاو و هەرێمیان زیاتر بەدناو کردووە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand