Draw Media

باوەڕپێکردنی قەواڵەیی ( اعتمادات المستندية)

باوەڕپێکردنی قەواڵەیی ( اعتمادات المستندية)

2019-04-25 18:11:10


گوڵاڵە سدیق 

یەکێکە لە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی بانک کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بازرگانی هەناردە و هاوردەوە هەیە.
ئیعتماد نوسراوێکی دەرچوە لەو بانکەی ئیعتمادەکەی لێ داواکراوە لەسەر داوای یەکێک لە عەمیلەکانی بانک کە کاری هێنان (هاوردە) بکات لەدەرەوەی وڵات، تێدا بانک بەڵێن دەدات کە پارەی کاڵاکە بدات بە فرۆشیار، یان دەسەڵات دەدات بە بانکێک بەپێدانی پارەی کاڵاکە بە لایەنی سودمەند (فرۆشیار) لەو وڵاتەی کە کاڵاکەی هەناردە کردوە، وە پێویستە هەمو سیفات و بڕی کاڵاکە لە ئیعتمادەکە بنوسرێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی کڕیار و فرۆشیار.

ئیعتماد بەیەکێک لە خزمەتگوزارییە گرنگەکان دادەنرێت بۆ کاروباری بازرگانی دەرەکی لە بواری هەناردە و هاوردە، کە لەڕێگەی بانکەوە ئەنجام دەدرێت کەدڵنیایی تەواو دەدرێت بەفرۆشیار بۆ بەدەستگەشتنی پارەکەی بەشێوەیەکی پارێزراو.

ئیعتماد متمانەیەکی تەواو دەدات بە کڕیار و فرۆشیار، چونکە فرۆشیار دڵنیایە کە نرخی ئەو کاڵایەی کە فرۆشتویەتی بەتەواوەتی وەردەگرێت کاتێک کە کڕیار کاڵاکەی بەدەست گەشت.
وە لەهەمان کاتدا کڕیاریش دڵنیایە کە بانک پارەی کاڵاکە نادات هەتا هەمو ئەو مەرجانەی لەسەری ڕێکەوتون لەگەڵ فرۆشیار سەبارەت بەکاڵاکە پێویستە لەکاڵاکەدا هەبێت( واتە ئەگەر کاڵایەک بەدەست کڕیار بگات کە مەرجەکانی تێدا نەبێت کە لەسەرەتاوە لەسەری ڕێکەوتون، ئەوا بانک پارەکە نادات بە فرۆشیار).

لایەنەکانی ئیعتماد

١ـ کڕیار(کەسی هاوردەکەر): ئەو کەسەیە کە داوای کردنەوەی ئیعتماد دەکات لەو بانکەی هەژمار بانکی تێدا هەیە، واتە گرێبەستێک لەنێوان کڕیار و بانکەکەی دەکرێت بۆ کردنەوەی ئیعتماد، وە هەمو ئەو مەرج و سیفەتانە لە ئیعتمادەکەدا دەنوسرێت کە کڕیار داوای دەکات لە فرۆشیار.

٢ـ بانکی نێردەر: ئەو بانکەیە کە کڕیار هەژماری تێدا هەیە و کڕیار داوای ئیعتمادەکە دەکات، لەپاش ئەوەی کڕیار داواکارییەکەی پێشکەش بە بانکەکە کرد، بانک دەستدەکات بە دراسەکردنی داواکارییەکە، وە ئەگەر بانک ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئیعتمادەکە، دوبارە ئیعتمادەکە دەدرێتەوە بە کڕیارەکە هەتا ڕەزامەند بێت(چونکە حاڵەت هەیە کڕیار بە مەرجی بانکەکە ڕازی نابێت و ئیعتمادەکە فەشەل دەهێنێت)، لەدوای ڕەزامەندی بانک و کڕیار و واژۆکردنیان لەسەر ئیعتمادەکە، ئیعتمادەکە دەنێردرێت بۆ ئەو بانکەی کە فرۆشیارەکە لە وڵاتی خۆی هەژماری بانکی هەیە.
بانک ئەم خزمەتگوزارییە بەرامبەر بڕێک لە عمولەی بانکی بۆ کەسی هاوردەکەر جێبەجێ دەکات.

٣ـ بانکی وەرگر: ئەو بانکەیە کە نامەی ئیعتمادەکەی لەلایەن بانکی نێردەرەوە پێدەگات، لەپاش گەشتنی نامەی ئیعتمادەکە لەلایەن بانکی نێردەر، ئەم بانکە (بانکی هاوردە) هەڵدەسێت بەئاگادارکردنەوەی لایەنی سودمەند (فرۆشیار)، وە ئەم بانکە پشتگیری خۆی دەردەبڕێت بۆ پشتیوانی کردن لە ئیعتمادەکە، هەرکاتێک پارەکە لەبانکی نێردەرەوە هات بۆ بانکی وەرگر ئەوا دەخرێتە سەر ژمارە بانکی فرۆشیارەکە بەرامبەر بڕێک لە عمولەی بانکی.

٤ـ فرۆشیار (کەسی هەناردەکەر): ئەو کەسە یان کۆمپانیا یان لایەنەیە کە ئیعتمادەکە لەبەرژەوەندی کراوە، پێویستە پاش بەدەست گەشتنی ئیعتمادەکە لەڕێگەی بانکی وڵاتەکەی خۆیەوە، هەستێت بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی لە ئیعتمادەکەدا هەیە، لەو کاتەی کەبۆی دانراوە لە ئیعتمادەکە.

جۆرەکانی ئیعتماد لەڕوی هێزی بانکییەوە لەلایەن بانکی وەرگرەوە (فرۆشیار):

١ـ ئەو جۆرەی ئیعتمادەی توانای هەڵوەشاندنەوەی هەیە: ئەم ئیعتمادانە دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە یان گۆڕانکاری تێدا بکرێت بەبێ ناردنی هیچ ئاگادارییەک بۆ فرۆشیار.
ئەم جۆرە زۆر بەکەمی بەکاردەهێنرێت چونکە زۆر بەکەمی قبوڵ دەکرێت لەلایەن فرۆشیارەوە چونکە دەبێتە هۆی زەرەر و مەترسی بۆیان(واتە ڕیسکی زۆرە).
ئەم ئیعتیمادە هەندێک دەستکراوەیی دەدات بەکڕیار بەوەی دەتوانێت پاشەکشە بکات لەکڕینی کاڵاکە، یان مەرجەکان بگۆڕێت، یان مەرجی تازە دابنێت لەهەرکاتێک بیەوێت بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ڕەزامەندی فرۆشیار.
٢ـ ئیعتمادی بنەبڕ( قەتعی): واتە ئەو ئیعتمادەی کەناتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە، یان گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
تەنها لەکاتێکدا گۆڕانکاری دەکرێت کە ڕەزامەندی هەمو لایەنەکانی لەسەر بێت، وەک کڕیار و فرۆشیار و هەردوو بانکەکە.

جۆرەکانی ئیعتماد لەڕوی هێزی بانکییەوە لەلایەن بانکی نێردەر (کڕیار):

١ـ ئیعتمادی پشتگیری نەکراوە: ئەم ئیعتمادانە بانک بەڵێنی پارەکە نادات بە فرۆشیار لەپارەی خۆی لەبەرژەوەندی کڕیار.
واتە هەر لەکاتی کردنەوەی ئیعتمادەکە، پێویستە کڕیار پارەی تەواوی لە هەژمارەکەی هەبێت، هەرکاتێک کاڵاکە بەهەمان سیفات و بڕ گەشت کە لە ئیعتمادەکە هاتوە و کڕیار دڵنیابویەوە لە کواڵیتی کاڵا هاوردەکە، بانکی نێردەر پارەکە حەواڵەی بانکی وەرگر دەکات بۆئەوەی بخرێتە سەر هەژماری بانکی فرۆشیار.
لێرەدا بانک تەنها ڕۆڵی نێوەندگیرێک دەبینێت لەنێوان کڕیار و فرۆشیارەوە، چونکە ناردنە دەرەوەی بڕێک پارەی زۆر تەنها دەبێت لەڕێی بانکەوە بێت، بۆئەوەی نەچێتە خانەی سپیکردنەوەی پارە.

٢ـ ئیعتمادی پشتگیری کراو: لەکاتی ناردنی نامەی ئیعتمادەکە لەلایەن بانکی نێردەرەوە، بانکەکە هەڵدەسێت بەناردنی بەڵێن نامەیەک بۆ بانکی وەرگر، تێدا بانکی نێردەر بەڵێنی پێدانی پارەکە بەبانکی وەرگر دەدات لەکات و ساتی خۆیدا ئەگەر هاتو کەسی هاوردەکەر نەیتوانی لەکاتی دیاریکراودا پارەکە بدات. واتە بانکەکە دڵنیایی تەواو دەدات بەبانکی وەرگر لەڕوی پابەندبونی داراییەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand