ئاكامی كێشه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ له‌ پێنج خاڵدا

2019-04-24 18:22:58

ئومێد قەرەداغی 

یه‌كه‌م : ره‌فتاری نه‌وه‌ی نوێ به‌ هه‌ره‌شه‌كردن له‌ ژنێك به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیویی، جارێكی دیكه‌ دوو راستی سه‌لماند ، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ی كه‌ ژن له‌به‌رده‌م تراژیدیایه‌كی گه‌وره‌دایه‌ له‌ دنیای سیاسی ئێمه‌دا، دوه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ مینتاڵیتی نوخبه‌ی سیاسی كوردی به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌ نه‌وه‌ی نوێی سیاسه‌ت ئه‌زانن و ئیدیعای به‌رهه‌مهێنانی نه‌ریتێكی دیكه‌یان له‌ سیاسه‌ت هه‌یه‌ نه‌گۆراوه‌ ، ئه‌ویش به‌كارهێنانی كه‌یسی ئه‌خلاقی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی سیاسی

دووه‌م : ئه‌و روداوه‌ ، به‌داخه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌رگای به‌رووی به‌شداری كچان و ژنانی ئیمه‌دا دا ئه‌خات بۆ به‌شدارییان له‌ سیاسه‌ت و چالاكییه‌كانی ژیانی گشتیدا ، كچێك دانیشتن له‌ ماڵه‌وه‌ی پێ باشتره‌ تا به‌شداری له‌ سیاسه‌ت و ژیانێكی گشتیدا كه‌ كه‌رامه‌ت و كه‌سایه‌تییه‌ ره‌مزیه‌كه‌ی بكه‌وێته‌ به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ و بكرێته‌ ئامرازی ملكه‌چپێكردنی سیاسی، باوكێك و برایه‌ك له‌ بیستنی هه‌واڵیكی له‌م شێوه‌یه‌ كه‌ كامێرای نهێنی بوونی هه‌یه‌ و كه‌سایه‌تی منداڵه‌كانیان ئه‌خاته‌ به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ ، هه‌رگیز ئاماده‌ نابێت كچه‌كه‌ بخاته‌ گۆره‌پانی سیاسیه‌ت و چالاكی گشتیه‌وه‌ ، به‌داخه‌وه‌ روداوێكی له‌و شێوه‌یه‌ خه‌ونی هه‌موو ئه‌و مرۆڤه‌ ئازادیخواز و مه‌ده‌نیانه‌ له‌ بار ئه‌بات كه‌ خوازیاری به‌شدارییه‌كی كارای ژنن له‌ ژیانی گشتیدا .

سێیه‌م : ئه‌و حزبانه‌ی له‌ كوردستان هه‌ن و تا ئه‌م ساته‌ له‌ دایك بوون هیچیان مۆدیلێكی تازه‌ی سیاسه‌تكردنیان به‌رهه‌منه‌هێناوه‌ ، هه‌ر یه‌كه‌یان وێنه‌ی خۆی له‌ویدیكه‌ وه‌ر ئه‌گرێت ، هه‌موویان گرفتارن به‌ ده‌ست هه‌مان ده‌رده‌وه‌ ، ده‌ردی ته‌ماشاكردنی سیاسه‌ت وه‌ك ئامرازی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و بزنس ، ده‌ردی تاكڕه‌وی و حساب نه‌كردن بۆ دامه‌زراوه‌كانی دروستكردنی بڕیاری سیاسی ، ده‌ردی ته‌كه‌ته‌ول و شه‌ری باڵه‌كان ، گوێزانه‌وه‌ی شه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی بۆ نێو ژیانی سیاسی حزب، هه‌موو ئه‌مانه‌ ماكی نه‌خوشین و سیاسه‌ت له‌ كوردستانی عێراق پێوه‌ی گرفتاره‌.

چواره‌م : ره‌فتاره‌كانی نه‌وه‌ی نوێ و پێشتریش بزووتنه‌وه‌ی گۆران سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دۆراندنی به‌های سیاسه‌ت بوون له‌ كوردستانی عێراقدا ، هۆكارێكی گرنگی نا ئومێدی بوون بۆ باشتركردنی ژیانی گشتی و به‌دیهێنانی لانیكه‌می دادپه‌روه‌ری ، ئه‌وان وه‌ك له‌ رێگای هه‌ندێك هه‌ڵویستی سیاسی و حزبییه‌وه‌ بێ ئومیدیان گه‌یانده‌ لوتكه‌، نه‌وه‌ی نوێ كه‌ ته‌نها كاری له‌سه‌ر شۆكی میدیایی ئه‌كرد بۆ مۆبیلیزه‌كردنی رای گشتی و ، بزووتنه‌وه‌ی گۆرانیش كه‌ له‌ پراكتیكی سیاسیدا شتێكی جیاواز له‌ حزبه‌كانی پێش خۆی نیشان نه‌دا ، سیاسه‌تی له‌مانای راسته‌قینه‌ی خۆی خاڵیكرده‌وه‌ و ئه‌و خه‌ونانه‌ له‌ گۆڕ نران كه‌ به‌م كایه‌ گرنگه‌دا هه‌ڵواسرابوون بۆ باشتركردنی ژیان

پێنجه‌م : به‌ بروای من رێگای راسته‌قینه‌ی تێپه‌راندنی ئه‌و گرفتانه‌ بوونی حزبێكه‌ كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت تایپێكی نوێ له‌ مرۆڤ به‌رهه‌م بهێنێت ، مرۆڤێكی نوێی و په‌روه‌رده‌كراو بخاته‌ گۆره‌پانی سیاسه‌ته‌وه‌ ، مرۆڤێكی په‌روه‌رده‌كراو به‌ به‌ها و فكر و پره‌نسیپ، مرۆڤێكی كه‌متر قابیلی ئه‌وه‌ بێت گه‌نده‌ڵ بكرێت ، ته‌سلیم ببێت، مرۆڤێك كاری رێكخراوه‌یی و دامه‌زراوه‌یی وه‌ك پره‌نسیپی خۆی ته‌ماشا بكات ، ئه‌م تایپه‌ له‌ مرۆڤ ئه‌توانێت زۆر شت بگۆریت و مۆدیلی نوێی سیاسه‌تكردن بهینیته‌ ئاراوه‌ ، به‌ڵام حزبێكی وه‌ك نه‌وی نوێ كه‌ به‌ سه‌ره‌تایه‌كی ته‌واو پۆپۆلیستی ده‌ستی پیكرد ، پرۆژه‌ گه‌وره‌كه‌ی نمایش بوو له‌ رێگای میدیایه‌وه‌ ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ ئه‌توانێت مۆدیلی نوێی سیاسی بهینیته‌ ئاراوه‌ ، نه‌ ئه‌شتوانێت بۆ زه‌مه‌نێكی درێژ روخساری راسته‌قینه‌ی بشارێـته‌وه‌ ، له‌ گه‌ڵ به‌شداریكردن له‌ یه‌ك خولی په‌رله‌مانیدا گه‌وره‌ترین كه‌رتبون و یه‌كترتۆمه‌تباركردن سه‌ریهه‌ڵدا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand