پاکبوونەوەی سیاسی

Draw Media

2019-04-24 13:37:02



پەیكار عوسمان    

 چەنێکە هاتوهاواری ئەوەمە (ئێمە پێویستمان بە ئەخلاقێکی سیاسی ترە بەك بە هێزی سیاسیی تر) 
چونکە باشئەزانم ئەخلاقی سیاسی مەوجود کە پارتی و یەکێتی نوێنەرایەتی ئەکەن، تا ئاساتی سفرو خوارتریش دابەزیوەو لەناو ئەم ئەخلاقەدا تەنیا ئەتوانی مونافەسەی "بێئەخلاقیی" لەگەڵ پارتی و یەکێتی بکەیت، نەك شتێکی تر! 
لەناو ئەم ئەخلاقەدا یەك ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی یارییەکە لە پارتی و یەکێتی ببەیتەوە، تەنیا ئەوەی کە لە پارتی و یەکێتی بێئەخلاقتربیت!

خراپترین شت کە موعارەزەی ئێمە کردی، ئەوەبوو کە دژایەتی پارتی و یەکێتی کرد بە (فەزیلەتی سیاسی) لەکاتێکا دژایەتی خودی پارتی و یەکێتی فەزیلەت نیە، دژایەتی ئەخلاقی سیاسی پارتی و یەکێتی فەزیلەتە!
پێشتریش لە شۆڕشدا هەمان هەڵەمان کرد، دژایەتی بەعسمان کرد بە فەزیلەت نەك دژایەتی ئەخلاقی بەعس، هەرئەمەشبوو وایکرد، کە دواتر هەمان ئەخلاق کۆپی و دووبارەبکەینەوە.

کاتێ بەرامبەر پارتی و یەکێتی ئەوەستیتەوە، ئەشێ تۆش هەر پارتی و یەکێتییەکی تربیت، بەڵام کاتێ بەرامبەر ئەخلاقیاتی پارتی و یەکێتی ئەوەستیتەوە، ئیتر تۆ پێویستە هەڵگری ئەخلاقێکی سیاسی تربیت و ئەمەش ڕێگا دروستەکەیە!

سەیرکە چونکە دژایەتی پارتی یەکێتی بووە بە فەزیلەت، ئیتر هێزی سیاسی و کەسانی وا پەیائەبن، کە تەنیا لەبەرئەوەی دژی پارتی یەکێتین(هەڵبەتە ئەگەر دژایەتییەکەش ڕاستی بێت) ئیتر ئاساییە هیچ سنورێکی ئەخلاقییان نەبێت، چونکە لای ئەوان ئەخلاقی هەرە باڵا دژایەتی پارتی و یەکێتییە نەك خودی بەها ئەخلاقییەکان!

ئەخلاقی سیاسی ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمدا کەوت کە بە تاڵانیی دەستمان پێکرد. دژایەتی ئەم ئەخلاقە کەوتووەش، لەو ڕۆژەوە کەوت، کە دژایەتی پارتی و یەکێتی بووبە هەموو فەزیلەت و ئەخلاقی سیاسی!
یەعنی ئەخلاقی سیاسی ئێمە لەبری جارێك دووجار کەوتووەو هەستانەوەیەش بە دواکەوتنی دەنگەدەنگێکی تر نابێت، کە چەن ساڵ جارێك دووبارەی ئەکەینەوە، بەڵکو بە هەڵوەستەو بێدەنگی و بیرکردنەوەیەك.

بیرکردنەوەیەك کە چاومان بکاتەوە هەموو مێشەکانی سەر زبڵەکە وەکو خۆی ببینین و چیتر هەنێکیمان لێنەبێت بە پەپوولە.
بیرکردنەوەیەك وابکات کە تەنیا خۆمان لە زبڵەکە دەرکەین، نەك ئەوەی لە خەیاڵپڵاویی پاککردنەوەی زبڵدانەکەدا هەمیشە خۆمانی تێنێین! 
بیرکردنەوەیەك کە دواترو لەوسەرەوە، بمانخاتە سەر هێڵی پاککردنەوەی کۆی زبڵەکەو مێشەکانی سەری، نەك ئەوەی ئیشی ئێمە هەرئەوەبێت چەنساڵ جارێك مێشێك ئیزافەبکەین بۆ سەر زبڵەکە!

ئێمە پێویستمان بە پاكبوونەوەی سیاسییە، پاكبوونەوەش بەوەنابێت کە لەگەڵ مێشا بچین گوو پاكبکەینەوە، ئەمە وەهمە چونکە ژیانی مێش لەسەر پیسییە.. پاکبوونەوە ئەوەیە کە خۆمان لە مێشەکان پاکبکەینەوە، نەك وەهمی ئەوەی کە لەگەڵ مێشا زبڵ پاكبکەینەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand