ڕاستی یان درۆکەی تر؟

Draw Media

2019-04-22 16:01:46



پەیكار عوسمان         

کێشەی درۆ ئەوەیە کە بەس خۆی نیەو بەتەنیا نایەت، بەڵکو وەهمی ڕاستییش لەگەڵ خۆیدا ئەهێنێ!
درۆی سیاسەتی ئێمە پارتی و یەکێتین، بەڵام کێشەی ئێمە تەنیا پارتی و یەکێتی نیە، بەڵکو ئەوانی تریشە کە درۆی پارتی و یەکێتییان قۆستۆتەوە، تا لەوێوە خۆیان بکەن بە ڕاستی، لەکاتێکا ئەوانیش هەر درۆن.

وەك ئەڵێن قسە قسە ڕائەکێشێ، درۆش درۆ ڕائەکێشێ و هەمیشە بوونی درۆیەك باشترین دەرفەتە بۆ هەڵتۆقینی درۆکانی تر، چونکە تەنیا خۆ گیڤکردنەوەو وەستانەوەیەك دژی درۆی یەکەم، بەسە بۆئەوەی لەڕووکەشدا ببیتە ئاڵاهەڵگری ڕاستی، ئەگەرچی لەناوەڕۆكدا درۆشبیت! 
مەسەلەن تەنیا نمایشێکی دژایەتی گەندەڵیی، بەسە بۆئەوەی ببیتە (دژەگەندەڵ) ئەگەرچی گەندەڵێکی عەیارە بیستوچواریش بیت.

درۆ ئەگەرچی درۆیە، بەڵام لەوەدا ڕاستگۆو بێ پێچوپەنایە کە فریوی نەماوە، بەڵام "وەهمی ڕاستی" فریودەرەو دنیایەك پێچە بەدەورەی هەیە تا ئەچێتەوە سەر ئەسڵی خۆی کە درۆیە!
مەسەلەن ئەو کەسەی کە پارتی و یەکێتییە، یان دەمارگیرییەو بەقسەی خۆیدا کەوتووە، یان بەرژەوەندییەو پاروویەك ئەپچڕێ، لەمە زیاتر نیە.. بەڵام ئەوانی تر قسەی باقوبریقیان زۆرە، کە هەمان ئەو دوو شتەی لەپشتەوە بشارنەوە!

ئەم باڵانەی درۆ، خۆراك لە یەك وەرئەگرن و بێ یەك ناژین و دژایەتییەکەیان درۆیینەیە!
یەعنی پارتی و یەکێتی پێویستیان بەوەیە دژێکی بریقەداریان هەبێ، بۆئەوەی هەرکە بریقەی نەما، خەڵك نائومێدبێ و ئەوان بەرهەمی نائومێدییەکە بچننەوە!
دژەکانیش پێویستیان بەوەیە پارتی و یەکێتی هەبن، چونکە ئەوانیش پۆخڵەواتی خۆیان لەپشتی گەنوگووی پارتی و یەکێتییەوە شاردۆتەوەو ئەگەر پارتی و یەکێتی نەبن، زبڵەکەی ئەوانیش دەرئەکەوێ.

بۆئەوەی ئەم درۆیە کۆتایی پێبێ و ئەزموونێکی ڕاستەقینە دروستبکەین، تەنیا هۆشیاربوونەوە لە درۆی یەکەم بەس نیە، بەڵکو هۆشیاربوونەوە لە درۆی دووەمیش! تەنیا فریونەخواردن بە حیزب بەس نیە، بەڵکو فریونەخواردن بە باڵە ناڕازییەکانی ناو حیزبیش!! یەعنی کاتێ دوو گروپی (هەلپەرست) ئەکەونە کێشە، لەڕاستیدا ئەمە کێشەی منو تۆنیە.

وەکئەوەی پارەیەکی گەورە وردببێتەوە بۆ پارەی بچوك، ئەوەی هەیە هەر پارتییەو چەنساڵ جارێك وردئەبێتەوە بۆ پارتییەکانی تر! 
بۆیەش حاڵی زۆنی زەرد گێڕێك لە زۆنی سەوز باشترە، چونکە لەوێ درۆکە وردنەبۆتەوەو هەولێرو دهۆك هەر گیرۆدەی یەك درۆن! بەڵام سلێمانی لە شەستەکانەوە بەردەوام درۆکەی تیاورئەبێتەوەو هیلاك و گیرۆدەی زیاد لە درۆیەکە.

سەیرکە پارتی بەردەوام وردئەبێتەوەو هەر بەهێزیش ئەبێت، چونکە لە سیستەمی درۆدا، هەمیشە درۆ بچوکەکان قەڵغانی پاراستن و مانەوەی درۆ گەورەکانن! ئاخر تۆ مەشغوڵی درۆ بچوکەکان بیت ئاسایی سەری درۆ گەورەکەت ناپەرژێ.

سیاسەتی دروست بەرهەمهێنانی ماهییەت و جەوهەرە، ململانێی ناوەڕۆکە، ئەمانەش بە شەڕکردن لەگەڵ ئەو بەدەست نایەن، ئەمە شەڕێکە ئەبێ لەگەڵ خۆت بیکەیت، کەچی موعارەزەی ئێمە پێمان ناڵێ هەگبەی خۆی چی تێدایە، پێمان ئەڵێ هەگبەی دەسەڵات بەتاڵە! 
ئێ خۆ پووچێتی ئەو، تۆ پڕناکاتەوەو تا ئێرا تۆ تەنیا پووچێکی تریت، تۆ تەنیا بەوە پڕیت و پووچنیت، کە ماهییەتێکی ترت هەبێ و ناوەڕۆکێکی ترت هێنابێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand