پارتی ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن

2019-04-16 07:57:04

 هێمن عەبدوڵڵا  

وا ده‌بێته‌ شه‌ش مانگ له‌ كوردستان هه‌ڵبژاردن كراوه‌، به‌ڵام هێشتا حكومه‌ت پێكنه‌هاتووه‌. راسته‌ نموونه‌ی هاوشێوه‌ له لوبنان و ته‌نانه‌ت به‌لجیكاش هه‌بووه‌، به‌ڵام هۆكاری دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ كێشه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی كوردستان نه‌بوون كه‌ كه‌س له‌ڕووی نه‌یه‌ت بۆ بیانییه‌ك باسی بكات‌ له‌سه‌رچی پێكنایه‌ن.

وه‌كو هه‌فته‌ و مانگه‌كانی رابردوو، ده‌بێ له‌م گۆشه‌یه‌شدا ئه‌وه‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی به‌ داواكارییه‌ ناواقیعییه‌كانی تاسه‌ له‌دوای تاسه‌ی بۆ پرۆسه‌كه‌ دانا و په‌كیخست‌. گۆڕانیش ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نه‌رمییه‌كی وای نه‌نواند بۆئه‌وه‌ی كوردستان له‌م چه‌قینه‌ ده‌رباز بێت. بۆیه‌ش دۆخه‌كه‌ هه‌روه‌ك خۆیه‌تی و یه‌كێتی داوای جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و گۆڕان نایه‌وێ بیاندرێتێ و پارتیش له‌نێوان به‌رداشی یه‌كێتی و گۆڕاندا ماوه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ بڕوای من ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پارتی و گۆڕانیش هاوكاربن و دروست ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ یه‌كێتی ده‌یه‌وێ، دیسان یه‌كێتی تاسه‌یه‌كی نوێ ده‌هێنێته‌وه‌ سه‌ر رێگه‌كه‌ و ناهێڵێ یان ناتوانێ بهێڵێ ئیشه‌كه‌ وا به‌ئاسانی ته‌واوببێت. نموونه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی ئێستا بۆ یه‌كێتی یه‌كلایی بوونه‌ته‌وه‌ و پێویست به‌ چاوه‌ڕوانكردنی پارتی و گۆڕان ناكات تا كاندیدی بۆ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، له‌نێو یه‌كێتیدا كێشمه‌كێش و ركابه‌رییه‌كی تووند هه‌یه‌ كه‌ واده‌كات به‌ئاسانی نه‌گه‌نه‌ ئه‌نجام. ره‌نگه‌، وه‌ك ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی پێشنیازی كردبوو، باشتربێت پشكه‌ سه‌ره‌كی و گرنگه‌كانی یه‌كێتی به‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پڕبكرێنه‌وه‌، تا رێگه‌ له‌و فه‌وزایه‌ بگیرێت كه‌ له‌ئێستاوه‌ له‌نێو ئه‌و حیزبه‌دا دروستبووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش واده‌كات كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ پڕببێت له‌ خه‌ڵكی پیر و له‌ڕووی ئیداری و سیاسییه‌وه‌ ماوه‌به‌سه‌رچووی یه‌كێتی.

راستییه‌كه‌ی هه‌رچه‌نده‌ پارتی 45 كورسی هێناوه‌ و براوه‌ی گه‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان بووه‌، به‌ڵام ناچاری شه‌ریكایه‌تییه‌كی پڕ سه‌رئێشه‌ بووه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ر خه‌ریكی ئه‌و تاسانه‌ بێت كه‌ له‌پێش بونیادنانی كوردستانه‌ به‌هێزه‌كه‌ی دروستیده‌كه‌ن، زه‌حمه‌ته‌ بتوانێ جاری داهاتوو كورسییه‌كانی ئه‌مجاره‌ بهێنێته‌وه‌. هه‌ندێك له‌ پارتییه‌كانیش هه‌ستیان به‌مه‌ كردووه‌ و ده‌زانن زۆر ده‌نگده‌ر كه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌نگیان به‌ پارتی داوه‌، له‌م چوار ساڵه‌دا چاوه‌ڕوانییان هه‌ن و ئه‌گه‌ر پارتی هه‌ر خه‌ریكی دڵڕاگرتنی یه‌كێتی بێت، مه‌رج نییه‌ جاری داهاتووش ده‌نگ به‌ پارتی بده‌نه‌وه‌.

له‌م ماوه‌یه‌دا ئیشه‌كانی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مان ده‌شۆپێنم و هه‌ستده‌كه‌م ئه‌وان به‌پێی ئاست و تێگه‌یشتنی خۆیان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ تێگه‌یشتوون. زۆر كه‌س ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌گرێ كه‌ كه‌سی بێئه‌زموونیان له‌نێودان‌ شایانی ناوبانگ و مێژووی پارتی نین، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی من به‌ رێكوپێكترین و چالاكترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانیان ده‌زانم. ره‌نگه‌ به‌و رۆحیه‌ته‌ش كه‌ ئێستا ئه‌وان كاری پێده‌كه‌ن بتوانن ده‌نگده‌ری پارتی رازی بهێڵنه‌وه‌ و نه‌هێڵن سه‌رئێشه‌كانی حیزبه‌ تاسه‌چییه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی پارتی هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌ستیان ئاوه‌ڵا بهێڵێته‌وه‌ و به‌زۆر نه‌یانكاته‌ كارمه‌ندی گوێ له‌مستی خۆیان له‌نێو په‌رله‌مان. راسته‌ په‌رله‌مانتار جێبه‌جێكاری سیاسه‌ته‌كانی حیزبه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام ئه‌ركی یاسادانان و چاودێریی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نیا به‌وه‌ پێده‌كرێت كه‌ بتوانێ بۆخۆی بیربكاته‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بكات و كه‌یس بجووڵێنێ و ئه‌گه‌ر پێویستی كرد ته‌نانه‌ت كاربه‌ده‌سته‌ كه‌مته‌رخه‌م یان گه‌نده‌ڵه‌كانی حیزبه‌كه‌ی خۆیشی بۆ لێپێچینه‌وه رابكێشێته‌ په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت دادگاش. ئێستا ده‌بینین ئه‌و رۆحیه‌ته‌ له‌نێو فراكسیۆنی پارتیدا هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێ وابكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌شه‌ په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتوو ده‌یگوت: ئه‌و ئیشانه‌ی فراكسیۆنی پارتی ده‌یكات، مانایه‌ك بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوونی ئێمه‌ ناهێڵێته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار