بەرەیەكی نوێی سیاسی لە باشوری كوردستان

2019-04-15 14:25:03

د. سالار باسیره‌

لە ماوەی دروستبوونی هەرێمی كوردستانەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە رێكخراو و حیزبی سیاسی دروستبووە بەشێكیان حیزبی سێبەرو بەشێكیان حیزبی بەشداربوو لە دەسەلات و بەشێكیش گوایە ئۆپۆزیسیۆن بەلام تا ئێستە بێكاریگەر لەسەر گۆڕەپانە سیاسیەكە. لەبەر ڕۆشنایی ئەزمون و واقیع و مێژوە سیاسیەكە ئەم نوسینەم ئامادە كردوە ، تا ئەم بارودۆخەش بەم جۆرە بمێنێتەوە بیرۆكەی هەمە چەشنە دروست دەبێت وەك ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو بارودۆخە سیاسی و كۆمەلایەتیە چەقبەستو و ناهەموارەی دەسەلات و كۆمەلگەی كوردیی لە باشور تێی كەوتوە.   

لە كاتێكدا كایەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان توانایەكی ڕاستەقینە ناداتە ئۆپۆزیسیۆن بۆ كاركردنی سیاسی ، چ جای بینینی ڕۆلێك. كار بۆ لەیەكتر ترازاندن و دابەش كردنی ئۆپۆزیسیۆن دەكات ، ئیتر هی ناو پەڕلەمان یان ئەوەی شەقام بێت ، بەم میتۆدە دەسەلات كار بۆ سەقامگیر كردنی دەسەلاتەكەی دەكات. دەسەلات دەیەوێ بەناوی ئازادی و دیموكراسیەوە ئازادی و دیموكراسی لەناو بەرێت. هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆن بوون بۆ باشوری كوردستان وەك هەوا وایە بۆ ژیان ، بەلام كام ئۆپۆزیسیۆن؟ 

ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەلاتەی هەرێم ، دەسەلاتی خێڵ و خێزان و دەسەلاتی تەقلیدیی و كۆنەپارێز هی چاكسازی و دەستاودەست كردنی دەسەلات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواكاریەكانی گەل و پەیڕەویی پڕەنسیپە دیموكراتیەكان و رێفۆرم كردنی ڕاستەقینە بكات ، ئەوا لە بازنەیەكی داخراوی بۆش و خەیالاویدا دەخولێتەوەو هیچ لە سیاسەت و ئەزمونە سیاسیەكان و مێژووی سیاسی تێنەگەیشتوە سەبارەت بە جیهانبینی بۆ دەسەلات و كۆمەلگە. 

هەڵبژاردنی گالتەجاری و دیموكراسیەتی ساختە
بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی گاڵتەجاری و دیموكراسیەتی ساختەدا لە هەرێمێكی داگیكراودا بەو هەلومەرجەی دەگوزەرێت تەنیا شەرعیەتدانە بە دەسەلاتی ستەمكارو پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە لایەن ئەو شێوە دەسەلاتەوە ، هەموو ئەوانەی لەو دەسەلاتەدا بەشدارن. دەبێت دوای ئەزمونی 28 ساڵ بزانرێت خەباتی پەڕلەمانیی لە هەرێمی كوردستان بەو شێوەیەی دەگوزەربَت كۆتایی هاتووە چونكە دەسەلاتی ڕاستەقینە لای پەڕلەمان و حكومەت و دادوەریی نیە بەلكو لای تاك و خێزان و خێڵی سیاسیە كە خاوەن موئەسەسەو ئیدارەو پارەو میلیشیای خۆیەتی. 
لێرەدا دەبێت بیرۆكەی بەنرختر بۆ ئایندەو چارەنوسی گەل دەستەبەر بكرێت. خوێندنەوەی ڕاستەقینەمان بۆ دەسەلات و كۆمەلگە هەبێت. ئێمە دەبێت مرۆڤەكانمان فێری یاخی بوون بكەین چونكە لەسەر هەقن و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەها مرۆییەكانی بۆ بگێرینەوەو لە ئازادی خوود تێبگات بۆ ئەوی نەبێتە بتێك. ئەو مرۆڤانەی ئێمە كە هەمیشە ئامرازی سیاسی بوون بەلام ئەكتەری سیاسی نەبوون.
ئێمە دەبێت هەنگاو بۆ شێوە كارو خەباتێكی تری جەماوەری و سیاسی بوێر بنێین وەك سەرەتایەك بەدەر لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە تەقلیدیەكانی جێگای هیواو متمانە نەماوون و لە بازنەیەكی بەتاڵدا دەخولێنەوە. "گەمژە ئەو كەسەیە چەندین جار یەك كار دوبارە بكاتەوەو چاوەرێی ئەنجامی جیاواز بێت". ئەو ئۆپۆزیسیۆنانەی كە ئامادە نین پشتگیریی بزوتنەوەی شەقام بكەن یان شەرمنانە دەیكەن. 17ی شوبات نمونەیەكی بەرچاوە.
كەرەسەكان لە بارن بەلام شەقام پێویستی بە قیادەیەكی بوێرو شۆڕشگێڕو ژیرو پاك هەیەو دەست لەگەڵ دەسەلاتدا تێكەڵ نەكات و بزوتنەوەكە نەفرۆشرێت و بڕوای وابێت كە ڕێفۆرمی ڕاستەقینە بەم دەسەلاتەی ئێستەی هەرێم ، دەسەلاتی تەقلیدیی خێزان و خێڵی سیاسی ناكرێت. بزوتنەوەیەكی نوێی فكری و سیاسی و كۆمەلایەتی و ئەخلاقی و سێكولار بۆتە پێویستیەكی ژیانیی. 

بەرەیەكی نوێی ئۆپۆزیسیۆن
ژمارەیەكی بەرچاو لە رێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی و گروپەكانی فشار هەن كە رێكخراوی سێبەر نین و خاوەن هەڵوێستی تەندروستن ، خاوەنی كەسانی ڕۆشنبیرو ئەكادیمیست ، نوسەر ، ڕۆژنامەنوس و مامۆستایان و ڕەنجدەرو كەسایەتی بە هەڵوێست و بوێرین ، خاوەن چەندین رێكخراوی گەنجان و ژنان و خوێندكارانی ڕەخنەگری دەسەلات و ژمارەیەك لە لایەنە چەپەكان هەن ... ئەگەر هەموو ئەمانە بە ڕاكێشانە ناوی زەحمەتكێشان ، كاسبكاران و فەرمانبەران ، مەبەستم چین و توێژە كۆمەلایەتیەكان ... بتوانرێت بە ڕۆح و هەڵوێستێكی رێكخراوەیی شۆڕشگێڕانەوە لەسەر (پلاتفۆرمێكی، بەرنامەیەكی هاوبەش) لە بەرەیەكداو لەژێر چەترێكی جەماوەریداو لەژێر (سەركردایەتیەكی دەستەجەمعیدا) بۆ ئەم قۆناغە رێكبخرێن و كۆبكرێنەوەو خاوەن مەرجەعیەتێك بێت بۆ سەركردایەتی كردنی بە پلان و ستراتیژو بەرنامەو بە نەفەس درێژی و ورە بەرزی دەكرێت ببێتە هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی داهاتووی شەقام. 

دور نیە لە ئەنجامی توڕەیی جەماوەر بەرامبەر پێشێلكردنی مافەكانی ، ڕاپەرینێكی جەماوەریی عەفەوی بێ سەرو سەركردە ڕوبدات و دواتر دامركێتەوەو كورت خایەن بێت ، هەربۆیە پێویستی بە سەركردایەتیەكی مەحكەم دەبێت بە تایبەت كە ریزەكانی دەسەلات ناتەباو لێكترازاو بن. ئەو دەسەلاتە لە بنەڕەتدا ئەوە نیە كە نەتوانرێت نەگۆڕدرێت یان نەخرێتە ژێر فشاری ڕاستەقینەوەو خۆی لەبەردەم بزوتنەوەیەكی جەماوەریی شۆڕشگێڕی بوێرو رێكخراو و نەفەس درێژ بۆ مەودای دوور بگرێت. 

دوای نزیكبونەوەی لایەنە ئاماژە پێكراوەكان كار لەسەر نوسینەوەی پلاتفۆرمێكی هاوبەشی گونجاو بكرێت و لە كۆنفرەنسێكی سیاسیدا شیكردنەوەو ئامادەكاری خۆی بۆ بكرێت. ئەو بەرەیە كراوەیە بۆ هەموو تاك و لایەنێك بڕوای بە گۆڕانی شۆڕشگێرانەی ریشەیی هەبێت لە باشوری كوردستان لە دەرەوەی ئەو دەسەلاتە. 
سەبارەت بە چەپەكان وەك حیزبی شیۆعی كوردستان و حیزبی كۆمۆنیستی كوردستان و گروپە چەپ و كۆمۆنیستەكانی تر بە پێویستی دەزانم بچنە ناو یەك بەرەوەو ئەم بەرەیەش ببێتە بەشێك لە بەرە سیاسیە نوێكەی ئۆپۆزیسیۆن ، ئەوانە بەو شێوەیەی ئێستەیان لاوازو بەربلاون. بەدەر لەوە گۆرینی ناوی وشەی كۆمۆنیست و شیۆعی چونكە گونجاو نیە بۆ كۆمەلگەیەك زۆرینە موسوڵمان و دژەكانی ئیدیعای كافر بونیان دەكەن ، بەلام دەكرێ لە كرداردا كۆمۆنیست بن. 

ئەوەی لێرەدا گرنگە قسەی لەسەر بكرێت :
* نوسینەوەی پلاتفۆرمێكی هاوبەش
*  لێكۆڵینەوە لەسەر بابەتی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن بوون لە باشوری  كوردستان بە گشتی . 
*  هەڵسەنگاندنی ئەزمونی ئۆپۆزیسیۆنەكان لەگەڵ دەسەلات.
* ستراتیجیەتی نوێ بۆ كاری ئۆپۆزیسیۆن لە باشور لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە كێیەو دەبێت چۆن بێت.
* دەكرێ لە دەرەوەی ولات لق و نوێنەرایەتی بۆ بكرێتەوەو كەم نین ژمارەی كوردانی تاراوگە كە ئامادەی ئەم كارە دەبن.

وتنی ئاسانترە وەك لە كردنی
دیارە وتنی كاریكی لەم جۆرە ئاسانترە وەك لە كردنی. خۆ ئەگەر بزوتنەوەیەكی نوێی ئۆپۆزیسیۆنێكی نوێی شەقام خاوو كەمیش بێت بەلام دەبێتە سەرەتاو ناوك و داینەمۆو وزەیەكی نوێ بۆ ئایندە. پڕۆسەیەكی درێژو زەمەن خایەندو دوای هەر لێدان و لاواز بوونێك دەكرێ دوبارە هەستێتەوە سەر پێی خۆی. خۆ ئەگەر سەركەوتووش نەبێت ، رێگا خۆشكەر دەبێت بۆ ئەوانەی دوای خۆی. جا ئەم كارە چۆن و كەی ڕوو دەدات و كێ ئەنجامی ئەدات بەندە بە چەندین فاكتەرەوە بەلام زوو یان درەنگ تەنیا رێگایەكە بۆ ڕزگاریی لە كۆت و زنجیری چەوساندنەوەو كۆیلایەتی. جێگای دڵخۆشكەریی دەبوو ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێستە توانای گواستنەوەی ئەم مەهامەیان هەبوایە.
بێرتۆلت برێشت وتەنی "ئەو مرۆڤەی خەبات دەكات و تێدەكۆشێت لەوانەیە بدۆرێت ، بەلام ئەوەی نایكات ئەوە هەر دەمێكە دۆڕاوە". 

ناوچەی باشوری كوردستان لە ڕووی جوگرافی و دەورەدانی بە چەند دەوڵەتی دیكتاتۆرەوە بارودۆخەكەی ئالۆز كردوەو هەوڵی سەپاندنی هەژمونی خۆیان دەدەن بەسەر باشوری كوردستانیشدا ، ئەگەر ئەو دەسەلاتەی باشور لەو بیست و هەشت ساڵەداو لە چوارچێوەی هەرێمێكی بەناو فیدرالیەوە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی و خزمەتگوزاریەوە هەنگاوی جدی و عەمەلی بنایە ئێستە دەوڵەتێكی ئیعلان نەكراوی پتەو دەبووین و لە پۆزشنێكی هێزەوە مامەڵە لەگەڵ مەركەزو دەرەوەشدا دەكرا ، بەلام ئەو مەهامە مێژووییە بە دەسەلاتی خاك و گەل فرۆش ناكرێت كە بەرژەوەندی تاك و خێزانی سیاسی ئەولەویەتی هەبێت و سوپایەك لە خەلكی خۆفرۆش و كاسەلێس دروست بكات. چەندین لە دەوڵەتەكانی كەنداو لەلایەن ئەمیرو شێخ و خێزانەوە فەرمانڕەوایی دەكرێت ، ئازادی و مافی مرۆڤ تێیاندا بابەت نیە ، بەلام لانی كەم ولاتانی خۆیان پێشخستوە، خزمەتگوزارییان هەیەو نان هەیە. ئێمە بەدەر لە خەباتمان بۆ نان و ژیانێكی شایستە خەباتمان بۆ ئازادییشە ، بەواتا بۆ ئازادی فكر ، ئازادیی و پاراستنی كەرامەتی تاكو نوسین و ئازادیی بیركردنەوەو ڕادەربڕین و كۆمەلگای مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ و دەستوری عەلمانیە...
  
لەوانەیە گۆڕانێك لە هاوكێشە سیاسیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكەو ناوخۆی عێراقدا ببێتە هۆی گۆڕانكاریەك لە تەواوی عێراق و باشوری كوردستانیشدا ، بەلام مەرج نیە ئەرێنی بێت. 

سەرجەم كۆمەلگە تەقلیدیەكان لە قۆناغی پەرینەوە بۆ كۆمەلگەیەكی مۆدێرن بەناوچەیەكی خۆلەمێشیدا دەڕۆن كە ماوەی گواستنەوەی لە كۆمەلگەو ولاتێكەوە بۆ ئەوی دی جیاوازە ئەویش بە پێی هوشیاری كۆمەلگەو فاكتەرە لە بارەكان بۆی. ئێمە دەكرێ بۆ ئەو قۆناغی پەرینەوەیە ڕۆلێكی ئەرێنی ببینین. ئەوروپاش بەو قۆناغەدا ڕۆیشتوە ، بە قۆناغی شۆڕش و رێنسانسدا ڕۆیشتوە. ئێمە دەكرێ پاڵ بە مێژو بنێیین بۆ پێشەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار