رێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتی ... پۆست و شەراكەت

Draw Media

2019-03-26 15:06:32



عەدنان عەلی 
درێژەكێشانی دانوستانەكانی یەكێتی و پارتی و رێكنەكەوتنیان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەت وەك لە رووكەشدا نمایش دەكرێت كەمتر پەیوەندی بە دابەشكردنی پۆستەكان و شەراكەتەوە هەیە, بەڵكو هۆكاری سەرەكی نەمانی متمانەیە تا ئاستی سفر لە نێوان بڕیار بەدەستانی هەردوو حزبدا, ئەمەش بەدیاریكراوی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری 2017 و لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك رووداوی سیاسی رویانداوە كە هۆكاربوون بۆ پچڕانی بەشێك لە رایەڵەكانی پەیوەندی ئەو دوو حزبە.
بەرپرسانی  پارتی ناڕاستەوخۆ ئەوەیان دركاندووە كە متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی یەكێتی لەق بووەو ئەو مەترسیەشیان نەشاردۆتەوە كە "لە شرینی خەودا یەكێتی حەشدی شەعبی بباتە سەریان لە هەولێر" ئەمەش بۆ خۆی لە دەستدانی تەواوەتی متمانەیە لە نێوان هەردوولادا, ئەوە لەكاتێكدا كە هەر لە بنەڕەتەوە غیابی متمانە یەكێكە لەو قەیرانە  قوڵ و جەوهەرییانەی چی لەسەر ئاستی خەڵك و دەسەڵات و چ لەنێوان هێزە سیاسەكانیش لە هەرێمی كوردستان  بەتۆخی ڕەنگیداتەوە.
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی كار بۆ ئەوەدەكات لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا یەكێتی تاكە بەشداری سەرەكی نەبێت لەگەڵیداو بەشدارەكانی فراوان بكات, بەكرداریش هەنگاوەكانی بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتە دەست پێكردووە.
لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی پارتیدا ئاراستەیەك لە ناو یەكێتیدا وا خۆی نمایشدەكات، كە ئێستا ئەوانن رابەرایەتی بەرزكردنەوەی "نا" بە رووی بنەماڵەی بارزانیدا دەكەن, بەڵام ئەو گروپە لەناوخۆ و لە دەرەوەی حزبەكەشیدا كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمدایە, ئەم گروپە كۆنترۆڵكردنی یەكێتیان بۆ یەكلایی نەبۆتەوەو بەشێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی وەك خۆیان دەڵێن " پرۆپارتیەكان" پێچەوانەی ئەوان بیردەكەنەوەو زیاتر مەیلیان بەلای پارتیدایە, هاوكات ئەم گروپە هاوشێوەی بنەماڵەی بارزانی خۆشیان بە پەیژەی بنەماڵەدا گەیشتونەتە ناوەندی بڕیار و ئەگەر كەسی یەكەم و دووەمی تاڵەبانی نەبونایە هەرگیز ئەو دەسەڵاتەیان نەئەبوو, بۆیە ئەم باڵەی ناو یەكێتی ناتوانێت نوێنەرایەتی ئەو رەوتە بكات كە لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە درێژبۆتەوە بۆ ئێستا, چونكە دەنگە ناڕازییەكان لە كوردستان بەشێكی پەیوەندی بە نادادی كۆمەڵایەتی و سنورداركردنی ماف و ئازادیەكانەوە هەیە بەشە زۆرەكەی دەنگی ناڕەزایی "نا"یەكی گەورەیە دژ بە سوڵتانیكردنی دەسەڵات لە كوردستان, بۆیە بنەماڵەی تاڵەبانی چەند خۆی دابڕسكێنێت  بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی لای ئەم بەشەی كۆمەڵگا جگە لە قوتبونەوەی بنەماڵەیەكی تری سوڵتانی هیچی تر نیە. 
یەكێتی حزبێكە خاوەنی هێزی سەربازی و ئابورییەكی زەبەلاحە و هاوشێوەی پارتی بەشێكی هەرێم لە رووی سەربازییەوە لە ژێر كۆنترۆڵدایە بەڵام ئەمە هاوكاریی ناكات بۆ ئەوەی لە ململانێكانیدا لەگەڵا پارتیدا لاسەنگی خۆی راست بكاتەوە، چونكە لە دوای ساڵی 2005ەوە بەهۆی سازشە بەردەوامەكانی بۆ ئەو حزبە كۆمەڵێك هەڵەی ستراتیژی و گەورەی كردووە, لە نمونەی دروستكردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و تێپەڕاندنی یاساكەی بەو هەموو دەسەڵاتەو زیادكردنی ژمارەی كورسیەكانی كەمینەكان لە پەرلەمان لە 5 ئەندامەوە بۆ 11 ئەندام و یاسای ئەنجومەنی ئاسایش و چەندینی تر كە وایكردوە پارتی بكاتە حاكمی یەكەم لە كوردستان, بۆیە یەكێتی بەو رێگایانەی كە تاقیكردۆتەوە ناتوانێت هەیمەنەی پارتی بەسەر دەسەڵاتەوە كەمبكاتەوە, رێگای راست ئەوەیە بۆ قۆناغی داهاتوو هاوبەشی پارتی نەكات لە بەتاڵانبردنی داهات و تەزویراتی هەڵبژاردن و بردنی ئەم هەرێمە بەرەو چەسپاندنی حوكمی سوڵتانی, هاوكات لەگەڵا گۆڕانیشدا بە تیۆری موئامەرە رەفتار نەكات و رۆژێك بە دۆشكەو سەیارەی موسەلەحە هەڵبكوتێتە سەر گردی زەرگەتەو دواتریش وەك ئەوەی هیچ رووی نەدابێت لە بەرامبەر هیچدا داوای كاری هاوبەشی لێبكات, بەڵكو دەبێت یەكێتی لەگەڵا گۆڕان و هێزەكانی تری نزیكیان بەرەیەكی یەكگرتوو دروست بكات و رێككەوتنە سیاسیەكەی نێوانیان بكاتە راستەرێی كاری سیاسی و حكومڕانی, ئەو كاتە بە بەرەیەكی فراوان و خاوەن پرۆژەو روئیای سیاسی بچنە ململانێیەكی دیموكراسیانەوە لەگەڵا پارتی, نەك وەك ئێستا دوای ئیمزاكردنی دوو رێككەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ هێشتا رێكنەكەوتوون.  


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand