١٧ شوبات یاد مەکەنەوە

Draw Media

2019-02-16 12:34:49



ئاوات عەبدوڵا 

یادکردنەوە چ سودێکی ھەیە، خوێنی ھەموو قوربانیانی ١٧ شوبات خراوەتە سەرمێزی خواست و سیاسەتەکانی  پارتی و یەکێتی، یادی ١٧ شوبات دەکەنەوە بەڵام دەچنەژێرباڵی بکوژان و تاوانبارانەوە، چ گۆڕانکاریەک ڕویداوە، چ جیاوازیەک ھەیە لەنێوان ئێستاو سەردەمانی ١٧ شوبات، ڕەنگە خەڵکانێک ھەبن پێیان وابێت سەردەمی ئێستا لەسەردەمی ١٧ شوبات گەلێگ خراپترو دژوارترە، تاکە شتێک کەگۆڕاوە تەماع و خواستی ھێزە سیاسیەکانە، ئەوە سیاسیەکانن بانگەشەی باش بون و گۆڕانکاری دەکەن، دەنا پێشھات و شارەزایان واناڵێن، ئەوەی دەبیندرێت زەلیل بونی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەردەمانی ١٧ شوباتە لەبەرانبەر پارتی و یەکێتی، ھێزو گوڕو ناڕەزایی خەڵک لەشوێنی خۆیەتی، خەڵک لەجاران زیاتر ھەست بەتوڕەیی و ناڕەزایەتی دەکەن، بەڵام ئەوە سیاسیەکانن خەریکی مامەڵەو کڕین و فرۆشتنی ناڕەزاییەکانن. 
دەپرسین یادکردنەوەی ١٧ شوبات بۆچی؟ چ گرنگیەکی ھەیە یادی ڕوداوگەلێک بکەینەوە کەئێستا خودی خۆمان گاڵتەمان بەمەھام و کرۆکی نێو ڕوداوەکان بێت، لەڕاستیدا ١٧ شوبات سودگەلێکی زۆری ھەبوو بۆ ھەموو ئەو ڕیکلام چیانەی کەمەرگ و خوێن و قوربانی منداڵی ھەژاران دەکەنە پەیژەی سەرکەوتن بەرەو کورسی دەسەڵات و پەرلەمان و حکومەت!
دوای ١٧ شوبات خەڵکانێکی زۆر پێگەیشتن و تێگەیشتن کەباشترین کەرەستە بۆ گەیشتن بەکورسی و پلەوپایە خوێن و ناڕەزایی خەڵکی فەقیرو بێدەرەتانی ئەم وڵاتەیە، لەماوەی چەندساڵی ڕابردودا چەندێک دەسەڵات سوکایەتی بەخەڵک کردووە، دووھێندەش کاراکتەرەکانی نێو ھێزە (ئۆپۆزسینەکان) سوکایەتیان بەخەڵک کردووە، چونکە چەوساندنەوەو سوکایەتی نیوھێندەی ئەوە ناخۆش نیە خەڵکانێکی ھەلپەرست ئەو سوکایەتیەی کەپێت دەکرێت بۆ مەرامی خۆی بەکاربێنێت.
کەواتە باشتروایە بەھیچ جۆرێک یادی ١٧ شوبات نەکرێتەوە، چونکە دڵنیام ھێشتا خەڵکانێکی زۆر ھەن لەبۆسەدان بۆ ئەوەی تەنانەت یادەکانیش بۆ خۆیان قۆرخ بکەن، ببینن نەیارە سەر سەختەکانی یەکێتی و پارتی، ئەوانەی ئاگری ١٧ شوباتیان گەرم دەکرد، ئێستا لەیادی ١٧ شوباتدا بۆ پۆستو پایە، خەریکی فرۆشتنی ١٧ شوبات و خەم و ناڕەزاییەکانی خەڵکی کوردستانن!؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand