سەردەمی سانسۆر: تۆتالیتاریەتی تەکنەلۆجیا

Draw Media

2019-02-15 21:05:52



لاوك سەڵاح

ململانێی نێوان کەلتوور بەهەموو جۆرەکانیەوە؛ سیاسی و کۆمەڵایەتی لە لایەک و تەکنەلۆجیا لە لایەکی دیکەوە لە ترۆپکدایە، یەکەمیان نوێنەرایەتی بەها گشتییەکان دەکات و دووەمیان ئامرازی کارئاسانین، بەهۆیانەوە ژیانی ئیداری و کەسایەتی و حکومڕانی و هەموو بوارەکانی دیکە رێکدەخرێن. پرسیاری ئێستا ئەوەیە کامیان ئەوەی دیکە دەتوێنێتەوە؟

هاوشان بەوەش دەوڵەت و تەکنەلۆجیاش لە ملمڵانێدان. کامیان ئەوەی دیکە بەرێوە دەبات؟ ئایا دەستەڵاتی دەوڵەت بەکاردێت بۆ سانسۆرکردنی کۆمەڵگە بەهۆی تەکنەلۆجیاوە یان تەکنەلۆجیا بەکاردێت بۆ هێنانەدی شەفافیەت و دەرخستنی شێوازی بەکارهێنانی دەستەڵاتەکانی دەوڵەت؟ دواتر، لە هەمووی گرنگتر، کاتێک ئەو هاوکێشانە تێکەڵ بە کۆمەڵگەیەکی لۆکەڵی وەک کوردی دەبێت چۆن گرێ کوێرەکان دەکرێنەوە؛ لەوپەری پەرەسەندنی تەکنەلۆجیاوە بۆ ئەوپەری کوێرە دێیەکی خۆمان؟

کە بانگەشەی هاتنە کایەی سەردەم و کۆمەڵگەی زانیاری و چەمکەکانی کرانەوە و شەفافیەت درا، ئێمە سەرمەست و شۆک بووین، ئاسوودە و سەرسامبووین لە ژێر کاریگەری سیحری وشە و چەمکەکان، لەو باوڕەدابووین کە کۆمەڵگەی زانیاری دەبێتە هۆی رێکخستنەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و پیادەکردنی بنەماکانی دیموکراسی بە ئاسانی، بیرمان لە کاریگەری و ئەنجامەکان و شێوازی بەکارهێنانەکانیمان نەدەکردوە، وەک منداڵ، بێگەردانە پێشوازیمان لێکرد و هەموو نهێنییەکانی خۆمان لا درکاند. بیرمان لەوە نەدەکردەوە کێ ئەم کۆمەڵگە زانیارییە بەرێوە دەبات، کێ دواتر دەبێتە خاوەنی ئەم کۆمەڵگەیە، وا تێدەگەیشتین گۆرانکاری و گەشەسەندی تەکنەلۆجیا عەقڵە سیاسییە ژەنگاوییەکان رادەماڵێت و لانی کەم ستەمی دەوڵەت کەم دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە لە گەرمەی پرۆسەی بەزانیاریکردنی کۆمەڵگە، پاسەوانە قەدیمەکان وەک جاران بە رووخساری نوێوە هەمان گەمەیان بەرامبەر بە کۆمەڵگەکان و نەتەوەکان کرد. بەداخەوە ئێمە لە گفتەکانی دونیای جیهناگیرییەوە بەوەی هەموومان لە یەک گوندا بە بەرجەستەکردنی بنەماکانی دادپەروری و دوور لە رەگەزپەرستی کۆ دەکاتەوە، خۆمان لە شاری گوگڵ بینییەوە، ئەو شار و ئەو دونیایەی بە تۆڕی عەنکەبووت ژیانمانی تەنیوە و بچووکترین جووڵە تۆماردەکات!

لە ئێستادا نەتەوەکان و کۆمەڵگەکان و کەسەکان چەند دەیەکێکە لەم کۆمەڵگەکەی داتا و زانیاری و تەکنەلۆجیایە دەژێن و مامەڵە بە زانیارییەکان دەکەن و بوونەتە خاوەنی ئەزموون، ئەمان لە مێژە قۆناغی سەرسامی و شۆکیان تێپەراندەوە و بیر لە سوود و بەکارهێنانە خراپەکانی دەکەنەوە، وێڵن بە دوای دارشتنی یاسایەکی نوێ بۆ راگرتنی ئەو کاریگەریە قووڵانەی لە سەر هەموو پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە هەیانە هەر لە دامەزراوەکانەوە تا ئەندامی خێزانەکان، بە تایبەتی کە تێکەڵ بە کەلتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز دەبێت و هەریەکەیان ڤێرژنی خۆی لە گرفت و ئالەنگەری دەردەخات.

کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا وەک ئەمەزۆن و فەیس بووک و تویتەر و گوگڵ و ئەمستگرام و هەموو ئامراز و سۆفتوێرە تەکنەلۆجیاکانی دیکە کە بە شێوەیەکی شاراوە بەکاردێن بوونەتە "برا گەورەکەی جۆرج ئورویل" بەسەر ئێمەدا، ئێمە چەند سوودیان لێدەبینین، ئەوان دوو هێندە.

لە ساڵی ٢٠١٨ دا، رۆژانە ئەپڵ ٦٠٠ هەزار ئای فۆنی فرۆشتووە، ئەمەزۆن زیاد لە ٥٠٠ بلیۆن دۆلاری پەیدا کردووە، نزیکەی ١.٤٧ بلیۆن کەس چوونەتە سەر فەیس بووک و ٣.٥ بلیۆن کەس گوگڵیان بەکارهێناوە. ئەپڵ لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزراوە و ئامرازەکانی دیکە بەر لە دە ساڵ لە ئێستا ئەو رەواجەیان نەبووە، بەڵام ئێستا ئەگەر بۆڕی ئەپڵ نەدەنەوە لە رێزی ئەودان.

ئەوەی کە هەمیشە باوە، هەر کۆمپانیایەک بەو خێراییە گەشە باکات دەبێتە هۆی نیگەرانی و هەرەشە بۆ هەموو لایەک،. فەیس بووک گەورەترین پلاتفۆرمی جیهانە، کە بە ئاسانی دەتوانێت زانیاری ژەهراوی بکات، ئەمەزۆن بۆتە سەرچاوەی هەرەشە بۆ بازرگانەکان و فرۆشیارەکان، ئەو هێزەی گوگڵ لە گەڕان و پشکنین و گەیشتن بە هەموو جۆرە زانیارییەکی گشتی و تایبەتی هەیەتی هەموو دونیای ناسەقامگیر و شپرزە کردووە. ئینتەرنێت بە گەورەترین سەرچاوەی مۆنۆپۆلکردنی زانیاری دەژمێردێت لە هەموو سەدەی رابردوودا.

لە ئێستادا ئەندام پەرلەمانەکانی دونیا، رێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان بە ئەندازەیەکی زۆر نیگەرانن و داوا دەکەن کە رێ لە دەست تێوەردانی ئەم کۆمپانیا تەکنەلۆجیایانە بگرن لە بەرئەوەی هەموو زانیارییەکی وردیان لەسەر هەموومان هەیە و دەیفرۆشنەوە. زانیاری سەبارەت بە کەسایەتیمان، حەزەکانمان و پەیوەندییەکانمان و شوێنەکانمان. ئەوان دەڵێن دەبێت سنوورێک بۆ ئەم دەست تیۆەردانە دابنرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی یاری بە زانیارییەکانمان نەکەن، ئەوەش بە دارشتنی یاسای نوێ یان کەرتکردن و جیاکردنەوەیان لە یەکتر. ئەو عە‌قڵەی لە پشت گوگڵەوە کار دەکات تا ئەندازەیەکی زۆر هەر وەک عە‌قڵی سیاسی شەستەکان و هەفتاکانی سەدەی رابردوو کار دەکات، سیخۆری بەسەرمانەوە دەکات.

هەموو هەست بەو مەترسیە دەکەن کە جۆرێکی دیکە لە تۆتالیتاریەت هاتۆتە ئاراوە بە "تۆتالیتاریەتی تەکنەلۆجیا" ناو دەبرێت و کار لەسەر سروشت و سەرچاوەکانی مرۆڤ دەکات، مرۆڤ بۆتە کەرەسەیەکی خاو و ئەوان بە ئارەزووی خۆیان زانیارییەکانی ئێمە بەکار دەهێنن و قازانجی گەورە دەکەن و ژیانی ئێمەیان کردۆتە جۆرێک لە شتومەک و داتا و دوور لە هەموو ئەو ئازار و ئەندیشە و یادگار و رۆح کێشانەی رۆژانە هەستی پێدەکەین. ئەو کارەی دەیکەن نەوەک هەر پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت و دامەزراوەکانە بەڵکو سەروەری کەساکانیشە کە تەنانەت لە دۆخی ئێستادا ناتوانن بە چرپەش لەگەڵ خۆیاندا بدوێن، جاران لە تارمایی دامەزراوە ئەمنییەکان دەتۆقیین ئێستا لە باڵادەستی و دیکتاتۆریەتی تەکنەلۆجیا.

ئەوەندەی پەیوەستە بە کۆمەڵگای ئێمەوە، با پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی پار وەک نموونە وەربگرین ئەو سۆفتوێرەی کە پێمان فرۆشرا لە جۆرە هەرە خراپەکان بوو کە بە ئاسانی دزەی تیا دەکرا بۆ بەکارهێنانی بۆ مەبەستی تایبەت، ئەوەندەی سەرچاوەی بەگێلکردنی کۆمەڵگە بوو ئەوەندە یارمەتیدەر نەبوو پرۆسەی سیاسی سەربخات، ئەمە ئەوە راستییە دەگەیەنێت کە مەرج نییە پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا ببێتە فاکتەرێک بۆ گەشەسەندنی ئاستی تواناکان و بڕواهێنان بە بنەماکانی پەرەسەندنی سیاسی کۆمەڵگە. هەر بۆیە دواجار هەموو پارتە سیاسیەکان میراتی سیاسی خۆیان کردە بنەمای قسەکردن لەگەڵ یەکتر و داوای سەنگی خۆیان دەکرد. بەداخەوە پرۆسەیەکی وا گەورە کە بە سەرپەرشتی حکومەتە گەورەکانی دونیا و رێکخراوە نێودەوڵەتەکان ئەنجامدرا شکستی هێنا لەوەی یەک خشت بخاتە سەر بیناکردنی پرۆسەی دیموکراسی لەم وڵاتەدا. ئەمە ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە، کە کۆمەڵگە پێویستی بە ساتی گەشەسەندی مێژووی خۆی هەیە کە تیایدا ئامادە دەبێت تیۆر و پراکتیک رەنگدانەوەی راستەقینانەی یەکتربن.

بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر گرەویان دەکرد کە بوونی شەفافیەت رێگرە لە پێشلکارییە سیاسی و یاساییەکان، ئەمە تا ئەو ئاستە راستە کە توانا و بڕوا و ئیرادەی کۆمەڵگە راستگۆیانە بۆ بەرژەوەندی گشتی کار بکات. هەر بۆیە دەبێت رەچاوی رەوتی مێژووی ئەو ژینگەیە بکەین کە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو پێیدا تێدەپەرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand