لە پەراوێزی خۆکوشتنی گەنجێکی کورد لەکەمپێکی ئەڵمانیا

Draw Media

2019-02-12 20:39:02



هێمن مەحمود
(بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بزانن کەمپەکانی ئەڵمانیا چۆنە..؟)

خۆکوشتنی گەنجێکی کوردی رۆژهەڵات بەناوی (فاروق ) لەدوو ڕۆژی رابووردوودا بو بەسەردێڕی زۆربەی راگەیاندنە کوردییەکان و هەواڵێکی ناخۆش و خەمناکبوو.
بۆ ئەوانەی ئەزمونیان لەگەڵ کەمپەکانی پەنابەراندا نیە لە ئەوروپا بەگشتی و بەتایبەت کەمپەکانی ئەڵمانیا لەئێستادا، حەزدەکەم چەند سەرە قەڵەمێک بخەمە روو بەتایبەت لەئێستادا من خۆم (سێ مانگ) زیاترە لەکەمپێکدام و دیاریش نیە تا چەندێکی تر تیایدا دەمێنمەوە.
سەرەتا هەر پەنابەرێک کە دێتە ئەڵمانیا خۆی تەسلیم دەکات، کاتی دەیخەنە کەمپێکەوە، کەمپەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر دەگۆڕێت، هەیانە تارادەیەک باشترەو هەشیانە باش نیە.
کەمپەکان جۆرەها مرۆڤ و نەتەوەی تیایە، هاتوچۆکردن و چونەدەرەوە تیایاندا نیمچە ئازادە. کۆمەڵە باڵەخانەیەکە زۆرجار کوردو کورد، عەرەب و عەرەب، کوردو عەرەب، فارس و فارس، فارس و کورد پێکەوە لەژورێکدان، بەڵام چێشتخانەو تەوالێت وحەمام جەماعیە بۆ هەموو پەنابەرەکانە.
هەفتانە بڕە پارەیەکی مەمرەو مەژیت پێدەدەن کە تا 34 یۆرۆ دەڕوات لەهەندێ کەمپدا.
خواردنەکانیان ئەوروپییەو رۆژهەڵاتی وەکخۆمان حەزی لێناکەین. دوای مانەوە بۆ ماوەی 20 رۆژ تا 30 رۆڕ چاوپێکەوتنی کەیست لەگەڵ دەکرێت و دواتر بۆ کەمپێکی تر دەگوازرێیتەوە.
لێرە لەم کەمپی دووەمە، تاڕادەیەک لەکەمپی یەکەم پاکوپوختەیەو کاروبارەکانیش ڕێک وپێک دەڕوات.
لێرە ئەگەر پەنجه مۆری وڵاتێکی تری ئەوروپیت هەبێت لانی کەم 6 مانگ دەمێنیتەوەو دواتر دەتنێرنەوە بۆ ئەو وڵاتە (جگە لە پەنجە مۆری یۆنان کە تا 4 مانگ دەتهێڵنەوەو دواتر پەنجەمۆرەکە دەشکێت و دیپۆرت ناکرێیتەوە).
لێرەش کوردو کورد گ، عەرەب و عەرەب، یان فارس و فارس یان بەتێکەڵاوی پێکەوەن، ئەفریقیەکانیش خۆیان پێکەوەن و لەژورەکاندا تێکەڵاوی سپی پێست ناکرێن.
بڕی پارەی هەفتانەش هەر ئەو بڕەیە کە پێشوتر نوسیومە، خواردنیش تاڕادەیەک باشترە و سێ ژەمە خواردن دەدرێت، بەڵام لێرە تۆ دەتوانی خۆت خواردن بۆ خۆت دروستبکەیت.
لێرە لەم کەمپەدا ئەوەی پەنابەران بێتاقەت دەکات دواکەوتنی وەڵامدانەوەی کەیسەکان و بونی پەنجە مۆرە، ئینجا لەهەموشی ناخۆشتر گواستنەوەیه بۆ گوندە دورە دەستەکان. بەشێکی زۆری پەنابەران دوای وەرگرتنی وەڵام یاخود شکاندنی پەنجە مۆرەکانیان دوردەخرێنەوە بۆ ئەو گوندو لادێیانەی کە زۆر دورن لەشارەکانە.
زۆرینەی پەنابەران حەزدەکەن بخرێنە شارەکانەوە بۆ ئەوەی بتوانن کاربکەن، بەڵام کاتێک دوردەخرێنەوە بۆ گوندەکان ناتوانن بێنەوە شارەکان بە ئاسانی و کاربکەن بۆیە پەنابەرێکی زۆر دوای ئەوەی دەخرێنە گوندەکانەوە یان خۆیان دیپۆرتدەکەنەوە یان ئەڵمانیا جێدەهێڵن.
گرفتێکی تری ئەم جۆرە کەمپانە ئەوەیە لەشارەکان دورن و لەشوێنی دورەدەستدان و مانەوە بۆماوەی 6 مانگ لەو شوێنانەدا پەنابەران توشی نائومێدی دەکات، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانەو بەدرێژایی 6مانگ تۆ چاوەڕوانی پۆستێکی بۆت بێت و تیایدا چارەنوسی دیاریکردبیت کە ئایا تۆ مافی مانەوەت هەیە لەئەڵمانیا یاخود نا..؟ ئەم چاوەڕوانیەش کوشندەترین کاتی کەمپەکانە و پەنابەر نائومێد دەکات.
بەکورتیەکەی و بەکوردییەکی، مانەوە لەم کەمپانەدا توانا و تەحەمولێکی زۆری دەوێت، بەتایبەت بۆ کوردو عێراقی، چونکە ئێستا کوردو عێراقی و تارادەیەکیش کوردی رۆژهەڵات گەر کەیسی زۆر زۆر بەهێزت نەبێ مافی مانەوە وەرناگریت و یان دیپۆرت دەکرێیتەوە یاخود بۆ گوندێکی دوورە دەست دوردەخرێیتەوە بۆ چەند ساڵ..؟ مەگەر خودا خۆی بزانێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand