‎”بەنی ئادەم ئەندامی جەستەی یەكترن”

Draw Media

2019-02-12 13:45:17



ئارام سەعید

زۆر نمونە لە جیهاندا زیندون و رۆژانە
بەرچاومان دەكەون، راستیەكی حاشاهەڵنەگر هەیە لە هەرێمی كوردستاندا كە رێژەیەكی بەرزی خەڵك لە سیاسەت زویرەو نایەوێت توخنی كەوێت.رێژەیەكی تریش ئەوانەن كە بێئومێد بوون لەوەی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستادا بكرێت، ئەوانی كەش لە سیاسەتدان و بەشێكیان كە ئومێد و هیوایان بەگۆڕین و لەسەركارلابردنی پارتی و یەكێتی هەیە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە نمونە ، ئەو رێژەیەی دەمێنێتەوە ئەوانەن بۆ دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەكە كار دەكەن. 
لە وڵاتانی پێشكەوتوشدا ژمارەیەكی كەمی خەڵك بەشداری سیاسی دەكات بەڵام ئەوكاتەی بڕیاڕێك دەدرێت كە لەبەرژەوەندی توێژێك یان هاوڵاتیان نیە ئەوا هەمووی ئامادەیە بێتە سەرشەقام و داوای مافی خۆیی و ئەوانی تر بكات، 
بەكورتی و كوردی لە جیهاندا هیچ تەجروبەیەك نابینین گۆڕانكاری گەورەی دروستكردبێت بەبێ بەشداری چالاكی خەڵك،واتە لەهەموو حاڵەتێكدا هەر هێزێك چەند ئیرادەی بەهێز بێت و خاوەنی پرەنسیپی گەورە بێت هەر پێویستە بەشداری فراوانی ئەو توێژانە هەبێت كە پێویستیان بە گۆڕانكاریە. ئەوەی ئەو تەوژمی بەشداریەی لاوازكردوە ئەوەیە هێشتا لە هوشیاری تاكی ئێمەدا چاوەڕوانیی هەیە وئامادە نیە بۆ ماوەیەك دەستبەرداری بەرژەوەندی شەخسیی بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی كە دواتریش بەقازانجی خودی تاك دەگەڕێتەوە، كە ئەمەش قوربانیدانی دەوێت، 
ئەوكاتەی هێلەك زەردەكان لە فەرەنسا هاتنە سەرشەقام لەڕوویی شەخسیەوە وەك تاك سەیربكرێن زەرەرمەند بون و قوربانیان دا بەڵام كە داواكاریەكانیان دێتەدی ئەوكات هەموان سوودمەند دەبن. 
ئەوەی لەچەند ساڵی رابردودا پارتی و یەكێتی چاندویانە بێ ئومێدیە كە زۆر زیانی گەیاندوە و ئەوەش یەكێكە لەو چەكە گەورانەی ئەوانی هێشتۆتەوە 
لەمبارەیەوە لەچەند رۆژی رابردودا سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نمونەیەكدا ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆ ی راگەیاند كە ئەویش بەراوردێك بوو لە نێوان ئەو ژمارە ترسناكەو نەهێشتنی ئەو هەموو ستەمە كە قوربانیدانی دەوێت.

چ سەركردەیەك دەتوانێت بەتەنیا كاریگەری گەورە دروست بكات ئەگەر ئومێدەكانی ئەو هاوڵاتیانی لەگەڵ نەبێت؟ بۆیە دەبێت پارتی و یەكێتی لە دەسەڵات دووربخرێنەوەو گرنگە بێدەنگی تێكبشكێنرێت و چیتر لەسەر هیچ جۆرێك لە مافخواردن سازش نەكرێت هەر ئەم جوڵەیەش كاركردنە بۆ گەیشتن بە هیواو ئاواتەكان
كێشەكە ئەوەنیە كە هاوڵاتی نازانێ چی بكات بەڵكو هەموان دەزانن چی بكەن ،بەڵام بۆ نایكەن ؟ 
كاتێك كە سەیری دیمەنێك یان وێنەكەی دەكەین ئەگەر چاومان تەنها گۆشەیەكی تاریكی بینی ێەوا دەبێت بێینە دواوەو سەیری كۆی دیمەنەكە بكەین، بۆ ئەوەی خودی دیمەنە گەورەكەمان لەیاد نەچێت ،بینینی تەنها گۆشەیەكی تاریك هەموو وێنەكەمان پێ نابەخشێت بەڵكو ئەو سەیركردنە تەنها دیوە تاریكەكەیە
لێرەدا ”زووم ئاوت ” چاومان بگەڕێنینەوە دواوە بۆ بینینی كۆی دیمەنەكە تا تروسكایی گڵۆپەكەی نەوەی نوێ ببینین كە لایەنە رۆشنەكەیەو بەرەو ئاوات هەنگاو بنێین. 
ئەوەی پشتگوێی دەخەین و ئێستا نایكەین دەبێت هەر كاتێكی تر بێت بەدەستی خۆمان بیكەین،كەواتە بۆ ئێستا نەیكەین؟ دە ساڵی تریش بێت ئەبێت هەرئەو كارە ئەنجام بدەین 
ئەگەر چاوەروان بین لەدەرگا بدرێ و پێمان بڵێن هەستە كارەكانی خۆت ئەنجام بدە ئەوكات دەبێت هەردانیشین. ئەوكاتەی مامۆستایان لە میحنەتدا بون و توێژەكانی تر نەچونە پاڵیان نەیانتوانی بە تەنها سەركەوتوبن، بۆ كەمئەندامان، كارمەندانی تەندروستیش هەروایە، بۆیە دەبێت هەموان پێكەوە بەردەوام لەگەڵ ئازارەكانی یەكتربین. 
لێرەدا زۆر گرنگە ئەو بەیتەی سەعدی بەیاد بهێنینەوە كەدەڵێ: :
بەنی ئادەم هەموان جەستەی یەكترن
كە لە ئافەرینەوە لەیەك گەوهەرن 
ئەگەر رۆژێك ئەندامێكی بە ئازار بكەوێت
ئەندامەكانی تر ئارامیان لێ هەڵدەگیرێت 
ئەگەر تۆ لە دەردوبەڵای ئەوانی تر بێ غەمی
شایەنی ئەوەنیت پێت بوترێت ئادەمی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand