یەكەمجار نێچیرڤان بارزانی سوێند دەخوات

Draw Media

2018-12-10 16:49:58



 

■  رێبوار کەریم وەلی  

(1)

ئاراستەی دانوستاندنی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، دوای راگەیاندنی ناوی بەربژێرەكانی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت، بریتییە لەوەی بە خێرایی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت كە لەوەشیاندا سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ یەكێتی یەكلا بووەتەوە و جێگرێك بۆ پارتی و یەكێكیش بۆ پێكهاتەی توركمانە. هەنگاوی دوای ئەوە، زیندووكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە، هەمان یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005 كە سەرۆك بارزانی لە پەرلەمانەوە (12ی حوزەیرانی 2005) پێی هەڵبژێردرا. بەپێی ئەو یاسایە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرباری ئەوەی كە لە پەرلەمانی كوردستانیشەوە هەڵدەبژێردرێت، تەشریفاتی نین و جگە لە دەسەڵاتەكانی دیكەی ناو یاساكە، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی باڵای راپەڕاندنە، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەیە و، لەكاتی پێویستیشدا سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات. بۆیە پارتی پێداگری لەسەر ئەو یاسایە دەكات (تا نووسینەوەی دەستووری كوردستان) و، بۆ گۆڕان و حزبەكانی دیكەش كە داوای سیستەمی پەرلەمانییان دەكرد، دەبێتە دەستكەوت.

ئەڵبەتە مەبەست لە كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم تەنها یاساكە نییە، بگرە زیندووكردنەوەی ئەو پڕۆسەیەیە كە پێش هەڵپەساردن و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بەرقەرار بوو. بۆیە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، رەنگبێ پەرلەمان تەنها بەربژێری حزبی براوە دیاری بكات و سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری كەس بۆ پێكهێنانی حكومەت رانەسپێرێت و چاوەڕێی ئەوە بكرێت كە هەركاتێك نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد (كە ئەوكاتە هەموو دەسەڵاتەكانی بۆ دەگەڕێتەوە)، بەپێی حوكمەكانی ناو یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئەو بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان مەسروور بارزانی وەكو پاڵێوراوی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لە ماوەی 30 رۆژدا رابسپێرێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێش پێكهێنانی كابینەی نۆیەم سوێندی یاسایی دەخوات.

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جێگری دەبێت؟

(2)

دوای راگەیاندنی ئەوەی كە پارتی دەیەوێ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كارا بكاتەوە (ئەڵبەتە بەپێی یاسای ژمارە 1ی 2005)، هەم یەكێتی و هەم گۆڕانیش پێشوازییان لێكرد. بۆ گۆڕان سەركەوتنە كە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و، بۆ یەكێتیش مانای وایە كە پۆستێكی دیكەیان لە كوردستان بۆ زیاد دەبێ، چونكە پۆستەكانی ئێستا بەشی رازیكردنی هەموویان ناكات! سەرباری ئەوەی كە ئێستا هەم لە بزووتنەوەی گۆڕان و هەم لە یەكێتی ناوی كەسانێك بۆ جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێن، بەڵام پارتی بە نیاز نییە لە هەنگاوی یەكەمدا و تا كۆتاییهاتنی كاراكردنەوە و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم لەسەر هیچ ناو یان كەسێك بڕیاری كۆتایی بدات. بە واتایەكی دیكە "دامەزراندنی" جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتیی هێزی پێشمەرگە كە تەنها بۆ ئەو بوارەیە، پەیوەستە بەوەی كە لایەنەكانی گۆڕان و یەكێتی لە مەسەلەی كاراكردنەوەی یاسای ژمارە یەكی 2005 ـەوە چەند پاڵپشتی پارتی دەبن؟ بە حوكمی دابەشبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەسەر دوو یەكەی 70 و 80، رەنگبێ شانسی گۆڕان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كەم بێت، بەڵام ئەگەر بۆ یەكێتیش بێت، ئەوا رەنگبێ لە داهاتوودا ئەو پۆستە بدرێتە كەسێكی سەربازی نەك سڤیل.

لە حاڵەتێكیشدا كە ئاراستەی گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ لایەنەكان (بەتایبەتی گۆڕان و یەكێتی) بەرەو ئەوە بێت كە بەشێوەی مەبدەئی، سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت و ئەوەش بۆ یەكێتی بێت، ئەو كاتە بۆ رازیكردنی گۆڕانیش دەبێ بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی، لە نێوان وەزیری پێشمەرگە و جێگری سەرۆكی هەرێم یەكیان بەر گۆڕان بكەوێت، وەك چۆن یەكێتی بە نیازە لە هەموو دامەزراوە لێكچووەكان (ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و دارایی، پەروەردە و خوێندنی باڵا...) لە هەر یەكێكیان یەكێكی بەربكەوێت.

 

ڤی ئای پی یان بەرتیل!

(3)

بەلای كەمەوە پەنجا لەسەدی خەڵكی كوردستان، بەبەرچاوی خەڵكەوە لە هەموو دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی ئەم وڵاتە بە ڤی ئای پی و مامەڵەی خێرا بەرخوردارن. ئەوەیان پێیدەگوترێ واسیتە و، واسیتەش بێ بەرامبەر نییە و بە بەرامبەرەكەشی دەگوترێ بەرتیل. ئەگەرچی بەشێكی كەمی خەڵكیش كە كەمئەندام یان خانەوادەی شەهیدن، یان بەساڵاچوون، جۆرێك مامەڵەی جیای بێبەرامبەریان بۆ دەكرێ، بەڵام ئەوەش زۆر كەمە و لە هەموو شوێنێك وەكو یەك نییە. پوختەی كەلام كردنەوەی بەشی ڤی ئای پی بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر كە كاردانەوەی جیاجیای لێكەوتەوە. 

بێبەرنامەیی وەزارەتی ناوخۆ كە دەبوو پێش ئەو هەنگاوە تەواوی وردەكارییەكانیان راگەیاندبایە، نەك دوایی قسەكانیان وەكو پاساو سەیر بكرێت، وایكرد كە بەشەكە هەڵپەسێردرێت. لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، بۆ بنبڕكردنی بەرتیل و واسیتە، سیستمەمی خزمەتگوزاریی تایبەت بەرامبەر بە بڕێكی دیاریكراو لە پارە دانراوە و كورد گوتەنی "پارە بدە و مەلا لە مزگەوت دەربكە". لە هەندێك سیستەمیشدا كە هاووڵاتیان بەشێوەیەكی سیستەماتیك باج دەدەنە حكومەت، لەبەرامبەر ئەو باجەدا لانیكەم حكومەت مامەڵەیەكی یەكسانیان لەگەڵدا دەكات. بەڵام دیسانیش بۆ ئەوانەی شارەزای ژیانی رۆژئاوان، هەمیشە ئەوانەی زۆرترین باج دەدەن لە ئەولەویەتتدان و شانسیان زیاترە.

ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە كە مادام كەسانێك پلە و پۆستەكانیان بۆ خزمەتگوزارییەكی بێ بەرامبەر بەكاردێنن، دەكرێ وەكو كۆتاییهێنان بەو دیاردەیە، بەمەرجێك بە شەفافییەت و بە شێوەیەك كە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر راییكردنی كاری هاووڵاتیانی ئاسایی نەبێت، بتوانن ئەو خزمەتگوزارییانە بە پارە بكڕن. ئەو كاتە، ئەو پارەیە دێتەوە خەزێنەی حكومەت و باری حكومەتیش سووكتر دەكات.

 

روداو 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand