کولتووری سیاسیی براگەورە

Draw Media

2018-12-06 13:56:44



ئاراس فەتاح

دوو لە دروشمە سەرەکییەکانی ناو دەوڵەتەکەی براگەورەی رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ بریتیی بوون لە ”جەنگ ئاشتییە“ و ”ئازادیی کۆیلایەتییە“. دروشمگەلێک کە دەبوو ھەموو کەسێک دەرخیان بکات و رۆژانە بێڵێنەوە، بۆئەوەی نەک تەنھا ببێت بە واقعی ژیانی ڕۆژانەیان، بەڵکو لە نەست و خەیاڵدانی ھەموو تاکێکیشدا ببێت بە ھەقیقەت. حیزب لە دەوڵەتەکەی براگەورەدا تەنھا ماشینێک نییە بۆ ڕامکردنی تاکەکان لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی جەستەیانەوە، بەڵکو ھەنگاوێک زیاتر دەڕوات و دەیەوێت دیوی ناوەوەشیان کۆنترۆڵبکات. لە جیھانی براگەورەدا دەوڵەت تەنھا زیندانێک نییە و حیزبیش پاسەوان، بەڵکو دەوڵەت قوتابخانەیەکی گەورەی دروستکردنی مرۆڤی گۆێڕایەڵ و ڕامکراوە و براگەورەش سەرۆکی ڕوحیی پەروەردە ئایدیۆلۆژییەکەیەتی. لە دەوڵەتەکەی براگەورەدا دروستکردنی زیندانێکی گەورە بەس نییە بۆئەوەی دیوی دەرەوەی ئازادیی لە مرۆڤەکان بسەنرێتەوە، بەڵکو ھاوکات دەبێت دیوی ناوەوەشیان کۆنترۆڵ بکرێت کە عەقڵ و سایکۆلۆژیای مرۆڤەکانە. حیزب و براگەورە حەقیقەتی نوێ بۆ کۆمەڵگا بەرھەمدەھێنن کە تیایدا تاکەکان نەک تەنھا کۆیلایەتیی بە ئازادیی تێدەگەن، بەڵکو ماتماتیکی حیزبیش بە ھەقیقەت دەزانن، چونکە قەناعەتی پێھێناون کە ”دوو زائید دوو دەکات بە پێنج“.

لە کوردستانیشدا ستراتیژێکی سیاسیی مەترسییداری دامەزراندنی کولتووری براگەورە لەگەڕدایە، بۆئەوەی ببێت بە واقیعی باو لەناو ھەموو پێکھاتە سیاسیی و دەزگایی و کۆمەڵایتییەکاندا. ئەم ستراتیژەش بەرھەمھێنانی دونیابینییەکە کە نەک تەنھا دەبێت ھەموو تاکێک وەک وینستۆن سمیث کە پاڵەوانی سەرەکیی ناو رۆمانەکەیە، پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر بھێنرێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە ”دوو زائید دوو دەکات بە پێنج“، چونکە حیزب وادەڵێت، بەڵکو دەبێت ھەموو تاکێک لەڕووی سایکۆلۆژییەوە لەسەر ئەو دۆخە ڕابێت و قەناعەت بەخۆی بھێنێت کە ئەمە جەوھەری کۆمەڵگای ئێمەیە و قەدەرێکی سیاسییە و دەبێت قبوڵی ئەم واقیعە بکات. دەوڵەتی براگەورە لە ڕێگای شکاندنی ئیرادەی مرۆڤەکانەوە ووشیارییەکی شکستگەرایی لەناو عەقڵ و روحی ھەموواندا بەرھەمدەھێنێت و پێیان دەڵێت، کردەی بەرگریی نەک ھەر ھیچ سودێکی نییە، بەڵکو پووچگەراییەکی گەورەیە. ئەو وەھمە لای تاکەکان دەکات بە ھەقیقەتێکی گومانھەڵنەگر کە دەسەڵاتی براگەورە دۆخێکی ئەبەدییە و ھیچ ھێزێک نییە بتوانێت پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەستکاریی بکات و گۆڕانکاریی بەسەردا بھێنێت.

براگەورە سەرەڕای ئەوەی کەس نایبینێت، بەڵام ڕۆڵی مەرجەعێک دەگێڕێت کە ئامادەییەکی ھەمیشەیی لەناو ھەموو کایەکانی بڕیاردانی دەسەڵاتدا ھەیە. بۆ بنجبەستکردنی ئەم مۆدێلەش براگەورە ھەموو وەزارەتەکان و دەزگاکان و زانکۆ و قوتابخانە و تەلەفیزیۆن و رادیۆ و کەناڵەکانی تری میدیا لەسەر وێنەی دەزگای موخابەرات و ئاساییش دادەمەزرێنێت. وەزارەتی خۆشەویستیی جێگای دەزگای موخابەرات دەگرێتەوە و لەوێ مرۆڤە یاخییەکان ئەزموونی مۆدێلێکی نوێ لە ئەشکەنجەدان دەکەن، چونکە براگەورەیان خۆشناوێت.

جۆرج ئۆروێل لەڕێگای زاراوەی „بیرکردنەوەی دووفاقەیی“ Doublethink یەوە باس لەو میکانیزمە دەکات کە چۆن براگەورە ئەم مۆدێلە لە بیرکردنەوە لەناو ھەموو تاکێکدا دەچێنێت، بۆئەوەی لە دونیاکەی ئەودا ھیچ شتێک پارادۆکس و ناکۆک نەیەتە بەچاو. بۆنموونە لە دەوڵەتەکەی براگەورەدا جەنگ وەک ئاشتیی، ئەشکەنجەدان وەک چێژ و درۆ وەک ڕاستیی و دڵڕەقیی وەک میھرەبانیی و تراژیدیا وەکو کۆمیدیا نیماییشدەکرێت. لەوەی ئێمەشدا تەزویر وەک نەزاھەت، شکست وەک سەرکەوتن، خیانەت وەک نیشتیمانپەروەریی، داخستنی پەرلەمان وەک رێگرییەک لە دروستبوونی پشێویی و لە دواویستگەشدا دیکتاتۆرییەت دەبێت بە دواقۆناغی باڵای دامەزراندنی سیستەمێک بۆ دادپەروەریی و پاراستنی ئاساییش و بەرگرییکردن لە ماف.

لە دەوڵەتەکەی براگەورەدا پرۆسەیەکی مەترسیداری دژە فیکر و رۆشنبیریی Anti-intellectualism دەخرێتەگەڕ کە ئامانجی سەرەکیی کوشتنی بەھای رۆشنبیر و فیکر و کردەی بەرگرییە. ھەموو ھەوڵی ئەو بریتییە لە تێکشکاندنی وێنەی رۆشنبیر و نیشاندانێتی وەک بوونەوەرێک کە چیدی ئەو زاتە نییە خاوەن پرنسیپ و داکۆکیکەر و بەرگرییکەر لە ماف و بەھا ئینسانیی و گەردوونییەکان، بەڵکو وەزیفەی فیکریی ئەو شەرعییەتدانە بە بێھاوتایی و دانسقەیی مێژوویی سەرۆک و بەیعەتدانە پێی. براگەورەکان ھەموویان ڕقیان لە کتێب و خوێندنەوەیە، بۆیە لە مەملەکەتەکەیاندا کاتێک باس لە کتێب و رۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس دەکرێت، ڕاستەوخۆ دەست بۆ دەمانچەکەیان دەبەن.

کتێب بۆ براگەورە ئەو فارماسییەیە کە دەتوانێت ھەم ژەھر بێت و ھەم دەرمان. لە کۆتایی ڕۆمانەکەشدا بۆمان دەرکەوێت کە براگەورە خۆی نووسەری نھێنیی ئەو کتێبەیە کە کەسە ناڕازیی و یاخییەکان بێئاگا ریسک بەژیانی خۆیانەوە دەکەن بۆئەوەی بەدەستیبھێنن و بیخوێننەوە، چونکە وەکو مەرجەعی فیکری شۆڕشگێڕیی خۆیان تەماشایدەکەن. کتێبەکەی براگەورە کە خۆی دژ بە خۆی نووسیویەتی و بەنھێنیی خستوویەتییە ناو خەڵکەوە، تەڵەیەکە بۆئەوەی ھەموو ئەو کەسە یاخی و شۆڕشگێڕانە لۆکالیزە و دەستنیشانبکات کە بەدوایدا دەگەڕێن و بە نھێنیی دەیخوێننەوە و وەھمی ئەوەیان لا دروستبووە کە ئەلتەرناتیڤی سەرۆکێکی نھێنیی گەورەیان ھەیە دژ بە براگەورە و حیزب و دەوڵەتەکەی.

لە ھەرێمی کوردستانیشدا نموونەی کاراکتەری سیاسیی و ئەدەبیی و ھونەریی و فیکریی و میدیاییمان کەم نییە کە لە دەرەوە رۆڵی شۆڕشگێڕێک لەناو ڕووبەری گشتییدا دەگێڕێن، بەڵام لەناوەوە چ بۆ پارە یان بۆ پایە کار بۆ تەوریسیی سیاسیی و خێزانیی براگەورە و برابچووکەکان دەکەن و زەمینە بۆ شەرعییەتدان بە سیستەمی سیاسیی و حیزبیی سوڵتانیزم سازدەکەن. ھەر ئەم دۆخەشە وایکردووە کە مرۆڤی ئێمە گومانێکی قووڵی لە ڕاستگۆیی ھەموو ئەو کاراکتەرە دەبڵمۆڕاڵ و دووڕوانە ھەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand